ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستییەوە

لە ژمارە 144 ى (ڕۆژنامەى ڕووداو) ى ڕۆژى 3/1/2011 بابەتێک بڵاو کراوەتەوە بە ناونیشانى (بەبێ ئاگادارى زانکۆى سەلاحەدین وەزارەتى خوێندنى باڵا داواى بار سووککردن بۆ قوتابیەکى کەوتوو دەکات) ، لە بەر ئەوەى زانیارییەکانى نێو ئەو بابەتە چەواشەکارن و دوورن لە ڕاستییەوە، بە پێویستمان زانى ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى بڵاو بکەینەوە.

یەکێک لەو دەستپێشخەرییە گرنگانەى  کەوەزارەتى خوێندنى باڵا  و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى داوە بریتییە لە  دروستکردنى سیستەمى پەیوەندى ئەلکترۆنى. لە ئێستادا  بۆ ئاسانکردنى کارو بارى ڕۆژانە، هەموو هاوڵاتیان و مامۆستایان و کارمەندانى دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا  دەتوانن ڕاستەوخۆ لە ڕێگاى ئیمەیڵەوە پەیوەندى بە نوسینگەى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستییەوە بکەن، ئەم ئەزموونەش بە درێژایى ساڵى ڕابردوو زۆر بە سەرکەوتوویى بەڕێوە چووە و جێگەى ڕەزامەندى هاوڵاتیان و تەواوى توێژەکانى زانکۆکان و دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا بووە و یەکیک بوە لە هەنگاوە گرنگەکانى نەهێشتنى ڕۆتین و بیرۆکراسیەتى ئیدارى.

ئەو قوتابییەى لە بابەتەکەى ڕۆنامەى ڕووداودا باسى لیوە کراوە حاڵەتەکەى بەم جۆرەى لاى خوارەوە بووە:

 

  1.  ئەو قوتابییە لە ڕێًگاى ئیمەیلەوە پەیوەندى کردووە بە نوسینگەى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییەوە، داوا دەکات کە : لە زۆر زانکۆ حکومییەکان دا پەیڕەوى حاڵەتى (بارسوککردن) کراوە کە بریتییە لە بڕیارى بەخشینى (تا 10) نمرە بەو قوتابیانەى کە لە دوو وانەدا کەوتوون بۆ ئەوەى حاڵەتەکەیان بگۆڕێت لە کەوتوو بۆ پەڕینەوە (عبور) بە یەک وانە، قوتابى ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لە زۆرینەى کۆلێجەکانى زانکۆ حکومیەکان دا (بارسوککردن) پەیڕەو کراوە بۆیە داوا دەکەن کە هەمان حاڵەت (واتا بارسوککردن) لە بەشى پرۆگرام سازى کۆلێجى ئەندازیارى زانکۆى سەلاحەدین ئەنجام بدرێت.
  2.  بە مەبەستى بەدواداچوونى ئەم حاڵەتەش ئیمەیڵى ئەو قوتابیە ئاراستەى  بەڕیز بەڕیوەبەرى دڵنیایى جۆرى دەکرێت  بۆ بەدواداچوونى داواکارییەکەى.
  3.  پاشان بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى گفت و گۆى تەلەفۆنى لەگەڵ سەرۆکى بەشى پرۆگرامسازى لە زانکۆى سەلاحەددین ئەنجام ئەدات بۆ ئەوەى ڕاى سەرۆک بەشى ناوبراو لەو بارەیەوە وەربگرێت. لە ئەنجام دا سەرۆکى بەشى ناوبراو لارینەبوون و ڕەزامەندى خۆى دەردەبڕێت بۆ ئەوەى وەک چۆن لە زۆربەى زانکۆکان (بارسوککردن) ئەنجام دراوە لە بەشەکەى ئەوانیش ئەنجام بدرێت.
  4.   لەبەر ڕۆشنایى دەرەنجامى گفت و گۆى تەلەفۆنى و لێکگەیشتنى نێوان بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى و سەرۆکى بەشى پرۆگرامسازى لە کۆلێجى ئەندازیارى، بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى نوسراوێک ئاراستەى بەشى ناوبراو دەکات و لە نوسراوەکەش دا ئاماژە دەکات کە (بارسوککردن) بۆ ئەو گروپە قوتابیەش ئەنجام بدرێت وەک ئەوەى کە لە زانکۆ حکومیەکان دا پەیڕەو کراوە. شایەنى باسە ئەو قوتابیانەى ئەو بارسوککردنە دەیانگرێتەوە ژمارەیان 10 قوتابییە.

مەبەستى سەرەکى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ سکاڵاى ئەم قوتابیانە بریتى بووە لە:

 

  1.  بەدواداچوونى جدى بۆ هەمو ئەو کێشە و سکاڵا و گرفتانەى کە لە ڕێگاى ئیمەیڵەوە دێتە نوسینگەى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا.
  2. ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان لە تەواوى دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا، بە و واتایەى گەر زانکۆ حکومییەکان پەیڕەوى حاڵەتى (بارسووککردن) یان کردبێت ئەوا پێویستە بە هەمان شێوە لە بەشى پرۆگرام سازى کۆلێجى ئەندازیارى زانکۆى سەلاحەدینیش ئەنجام بدرێت.
  3. بەمەبەستى نەهێشتنى ڕۆتین و بیرۆکراتییەتى ئیدارى و ڕپەڕاندنى خێراترى کارو بارى هاوڵاتیان زۆر جار ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەرێتییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا پەیوەندى ڕاستەوخۆ بە کۆلێجەکانى زانکۆکانەوە دەکەن، ئەویش لەچوار چێوەى ڕاوێژ و ئاڵو گۆرى بیرو بۆچوونەکانە بۆ چارەسەر کردنى سکاڵا و گرفتى هاوڵاتیان.
  4.   ئەو داواکارییەى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ تاکە قوتابییەک نەکراوە، بەڵکو بۆ تەواوى ئەو قوتابیانە کراوە کە (بارسووککردن) دەیانگرێتەوە (هەر وەک لە دەقى نوسراوەکەى بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى وەزارەتدا ئاماژەى پێکراوە).

لێرەدا دەمانەوێت ئەو ڕاستییە بۆ ڕاى گشتى و تەواوى هاوڵاتیانى ئازیز دووپات بکەینەوە کە بەدواداچوون بۆ داخوازى ئەم گروپە قوتابییە تەنها بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسانە، گەر (بارسوککردن) لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا جێبەجێ بکرێت ئەوا دەبێت بۆ ئەم پۆلە قوتابییەش جێبەجێ بکرێت.

ئێمە لێرەدا ڕەخنەى توند ئاراستەى بەرپرسە پەیوەندیدارەکانى زانکۆى سەلاحەدین دەکەین لە بری ئەوەى ئەم مەسەلەیە بگەیەننە سەر لاپەڕەى ڕۆژنامەکان بۆچى بە تەلەفۆنێک یان بە ئیمەیلێک بە هێمنى و بەوپەڕى هەستکردن بە لێپرسراوێتى  ئەم بابەتەیان لەگەڵ بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى تاوو توێ نەکرد.

سەرۆکى بەشى پرۆگرام سازى بەرپرسیارە لە بەرامبەر چەواشەکردنى سەرۆکایەتى زانکۆى سەلاحەدین و ڕاى گشتى، ئێمە هەموو هاوڵاتیانى خۆشەویست دڵنیا دەکەین کە بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاى سەرۆک بەشى ناوبراوى وەرگرتووە و ڕاوێژى پێکردووە ،بەوپەرى هەماهەنگى و لێکگەیشتنەوە ئەو نوسراوەى ئاراستەى ئەو سەرۆک بەشە کردووە  بەڵام بۆچى سەرۆک بەشى ناوبراو بە ئاکارێکى پرۆفێشناڵ مامەڵەى لەگەلً وەزارەت نەکرد، بۆچى لەیەکەم گفت و گۆى تەلەفۆنى لەگەڵ بەرێوەبەى دڵنیایى جۆرى ڕوونکردنەوەى پێویستى نەدا، گەر تێبینى و سەرنجى هەبووبێت لەسەر جێبەجێکردنى (بارسوککردن) لە بەشى پرۆگرامسازى بۆچى بە ڕاشکاوى و بە شێوازێکى پرۆفێشناڵانە وەزارەتى لێ ئاگادار نەکردووە. بێگومان سەرۆک بەشى ناوبراو دەبێت بەرپرسیارێتى ئەم ئەرک و ئۆباڵە لەئەستۆ بگرێت و لە وەزارەتیشەوە بە فەرمى داوا لە سەرۆکایەتى زانکۆى سەلاحەدین دەکەین کە لاى خۆیانەوە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەن.

لە کۆتاییدا دەمانەوێت ڕاى گشتى و کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان دڵنیا بکەین کە وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ئێستادا سەرگەرمى کۆمەڵێک دەستپێشخەرى و پرۆژەى ستراتیجى گرنگە بۆ گەشەپێدانى هەمەلایەنەى خوێندنى باڵا، بە تایبەت لەنێو ئەو پرۆژانەدا پاراستن و زامن کردنى دڵنیایى جۆرى لە پرۆسەى فێرکردن لە ئەولەویەتى کارەکانە و وەزارەتى خوێندنى خۆى بە بەرپرسیار دەزانێت لە جێبەجێکردنیان، دڵنیاشین ئەم جۆرە چەواشەکاریانە کارناکاتە سەر پرۆسەى بەردەوام بوون لە گۆرانکارى.