وەزیرى خوێندنى باڵا دام و دەزگاکانى سەر بە زانکۆى دهۆک و زاخۆ بەسەر دەکاتەوە

بۆ ئاگاداربوون لە ئاریشە و ڕوشى ناوچەکە، وەزیرى خوێندنى باڵا دام و دەزگاکانى سەر بە زانکۆى دهۆک و زاخۆ بەسەر دەکاتەوە.

لە مەراسیمێکى تایبەتدا بە ئامادەبوونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانکۆى دهۆک "بەردى بناغەى هەردوو کۆلێژى پەروەردەى بنیات لە ئاکرێ و پەیمانگەى تەکنیکى زاخۆ" دانرا.

بۆ لە نزیکەوە بەسەرکردنەوەى دام و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و گوێگرتن لە کێشە و کەموکوڕییەکان و ئاگادارکردنەوەیان لە سیاسەت و ڕوانگەى وەزارەت، ڕۆژى یەکشەممە 6/2/2010 پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەیاوەرى شاندێکى وەزارەت کە پێکهاتبوون لە د.کەریم ساڵح عەبدول و پڕۆفیسۆر سەباح عەباس ساڵح ڕاوێژکارانى وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ کاروبارى زانستى و د.کەوسەر عەزیز گەڵاڵى سەرۆکى دەستەى خوێندنى تەکنیکى هەولێر، کۆلێژ و پەیمانگەکانى سەر بە ناوچەکانى دەڤەرى بادینانى بەسەر کردەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەیەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا بەجیا پەیمانگەى تەکنیکى ئاکرێ و کۆلێژی پەروەردەى بنیاتى لە شارۆچکەى ئاکرێ بەسەر کردەوە، لەوێدا لەلایەن د.عیسمەت محەمەد خالد سەرۆکى زانکۆى دهۆک و ڕاگرى کۆلێژى پەروەردەى بنیات و ڕاگرى پەیمانگەى تەکنیکى ئاکرێ بەگەرمى پێشوازیان لێکرا، لە دانیشتنێکدا تیشکیان خستە سەر کێشە و گرفتەکان، یەکێک لە کێشەکان دابینکردنى بودجەیەکى گونجاو و دامەزراندنى مامۆستا و ناردنى قوتابی خوێندکارەکان بوو بۆ پەیمانگە و کۆلێژەکە بەپێى پێویستى ناوچەکە.

لەدواى گوێگرتن لە ڕاو و سەرنج و گفتوکانیان، لە وتەیەکیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى گرفت و کێشەکانتان لەجێگەى خۆیەتى و زۆر لەوە شایستەترن کە داواى دەکەن، هەروەها بەڵێنى بەدواداچوون و دۆزینەوەى ئالیتەى چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى پێدان، هەروەها ڕاشیگەیاند بەنیازین بەشێک لە پسپۆڕانى ئەکادیمى کە لە ناوەندە ئەکادیمییەکانى سەر بە پارێزگاکانن بۆ ناوچەکانى زێدى باوباپیرانیان بگەڕێنینەوە تا لەوێدا خزمەت بە پڕۆسەى خوێندنى باڵا و ڕۆڵەى دەڤەرەکیانن بکەن، بەئامانجى جولان و بوژاندنەوەى بزاوتى بازاڕ لە شار و شارۆچکەکاندا.

گەڕێکى ترى وەزیرى خوێندنى باڵا و شاندە یاوەرەکەى بریتى بوو لە بەسەر کردنەوەى بەش و یەکەکانى سەر بە پەیمانگە تەکنیکى و کۆلێژى پەروەردەى بنیاتى ئاکرێ، کە بە ژینگەیەکى گونجا و پێگەیەکى ئەکادیمیى گونجاو وەسف کرا.

لەمیانى بەسەر کردنەوەکە لەڕێوڕەسمێکى تایبەتدا بە ئامادەبوونى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن د.دلاوەر عەلائەدین وەزیرى خوێندنى باڵا و شاندى هاوڕِێى، بەردى بناغەى کۆلێژى پەروەردەى بنیات لە ئاکرێ دانرا، کەلەسەر ئەرکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت.

دواتر لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند دانانى بەردى بناغەى کۆلێژى پەروەردەى بنیات لە ئاکرێ گرنگی تایبەتى هەیە بۆ خزمەت گەیاندن بە پڕۆسەى خوێندن و خوێندنى باڵا، تاکو لە ئایندەدا خوێندکار گەلێکى ئەم ناوچەیە و دەوروبەرى قەزاى ئاکرێ لەخۆ پێ بگەیەنێت.

دواتر ئەم ناوچەیان بەجێهێشت و بەرەو قەزاى شێخان بەڕێکەوتن و لەوێدا سەردانى پەیمانگەى تەکنیکى شێخانیان کرد، لەوێدا لەلایەن ڕاگر و مامۆستایانەوە بەگەرمى پێشوازیان لێکرا.

لەدانیشتنێکدا بیروڕا لەبارەى کێشە و گرفتەکانى وەکو کێشەى کەمى مامۆستا و کەمى هۆڵى وانەوتنەوە و بەشە ناوخۆییەکانەوە ئاڵوگۆڕ کران، دواتر باس لە پلانى درێژخایەنى وەزارەت کرا، لەبارەى هەڵگرتنى کۆسپ و گیروگازەکانى بەردەم کۆلێژ و پەیمانگەکان لە قەزا و شارۆچکەکانى سەر بە هەرێمى کوردستان، هاوکات وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ ستافى پەیمانگەى تەکنیکى شێخان شوێنى دروستکردنى 4 هۆڵى لە ناوچەکە بەسەر کردەوە.

دواى نێوەڕۆى هەمان ڕۆژ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و شاندى هاوڕێى سەردانى پەیمانگەى ئامێدى کرد لەوێدا لەلایەن شێرزاد مستەفا حسێن ڕاگرى پەیمانگا و سەرۆک بەش و مامۆستایانەوە پێشوازیان لێکرا.

لە دانیشتنێکدا باس لە گرفتەکانى پەیمانگە کرا و بەڵێنى بەدواداچوون و چارەسەرکردنى کێشەى نیشتەجێبوونى مامۆستایانى وانەبێژ و چارەسەرکردنى کێشەکانى ترى دوپات کرایەوە.

هەر لە میانى دانیشتنەکەدا ڕووناکى خرایە سەر پرسى وەرگرتنى قوتابییە خوێندکارەکان بەپێى پێویستى و توانا بنەڕەتییەکانى پەیمانگە نەوەکو لەسەر بنەماى کەمکردنەوەى بێکارى و پڕکردنەوەى جێگەى زانست دۆستانى تر.

لەبەشێکى ترى دانیشتنەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا باسى لە بەرزکردنەوەى دڵنیایى جۆرى سەرجەم دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کرد، بەئامانجى بەرەوپێشەڤەچوونى لایەنى زانست و ئەکادیمیا و هێنانەکایەى لامەرکەزیەت و سەربەخۆکردنى ئیدارەى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێم.

هاوکات لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى "ئەو سەردانەمان تەواوکەرى ئەو زنجیرە سەردانەیە بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانى سەر بە پارێزگاى دهۆک، خۆشحاڵین کە کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵکى ئەکادیمى و هاووڵاتییانى ئەم ناوچەیە دەکەین لەمەڕ ئاشنابوونمان بە ڕەوتى خوێندن و ڕەوشى سەرخان و ژێرخانى پەیمانگەکەتان".

هەروەها ئەوەشى گوت "گرفتمان زۆرە و تواناشمان سنوردارە، زیاتر گرفتەکانیشتان گرفتى گشتى سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانى قەزا و شارۆچکەکانە، خۆشحاڵیشم سەرەڕاى گرفتى زۆر لەئاستێکى ڕەزامەندییەوە کارەکانتان ئەنجام دەدەن".

 ئێوارەى هەمان ڕۆژ پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەلائەددین و شاندە هاوڕێکەى گەیشتنە زانکۆى دهۆک و لەوێدا لەلایەن د.عیسمەت محەمەد خالید سەرۆکى زانکۆى دهۆک و ژمارەیەک لە سەرۆک بەش و مامۆستایانەوە پێشوازى لێکرا، لە کۆبوونەوەیەکدا ڕووناکى خرایەسەر ڕوانگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا، دەربارەى ئازادى ئەکادیمى و کارگێڕى زانکۆ و دام و دەزگاکانى خوێندنى باڵا و شۆڕکردنەوە و دابەشکردنى دەسەڵاتەکان بۆ کۆلیج و بەشە زانستییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند پلانى وەزارەت بریتییە لە دەستەبەرکردنى لامەرکەزى ئیدارى بۆ ئەم مەبەستەش هەموو لایەکمان کاردەکەین لەپڕۆسەیەکى دیموکراتیدا ئەم ئەرکە بەئەنجام بگەیەنین.

تەوەرێکى ترى باسەکان بریتی بوو لە تاوتوێکردنى بەرنامەى دڵنیایى جۆرى و بەڕێزیان جەختى کردەوە کە تەرکیزى بەرنامە و سیاسەتى وەزارەت بریتییە لە باش کردنى جۆرایەتى پڕۆسەى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى فێربوون لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا پلانى دڵنیایى جۆرى ئامادەکردووە بەووردى چاودێرى جێبەجێکردنى دەکات و ئەنجامدانى ئەم پڕۆسەیەش پێویستى بەکات و هەماهەنگى تەواوى مامۆستایان و قوتابییە خوێندکارەکان و فەرمانبەران هەیە.

بۆ ڕۆژى دواتر دووشەممە 7/2/2010 بە ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین و شاندى هاوڕێى و سەرۆکى زانکۆى دهۆک و سەرۆکى دەستەى فێرکردنى تەکنیکى هەولێر لە هۆلێ کۆبوونەوەکانى زانکۆى دهۆک کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ڕاگر و سەرۆک بەشەکان و قوتابیان و خوێندکاراندا ئەنجامدا.

سەرەتاى کۆبوونەوەکە ڕووناکى خرایەسەر ڕوانگەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەربەخۆکردنى زانکۆ و پەیمانگاکان و دارشتنەوەى سەرلەبەرى هەیکەلى وەزارەت و زانکۆکان بە مەنتقێکى جیهانى و ڕەچاوکردنێکى کولتورى کوردی، وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى کرد بە ئالیەتێکى کارگێڕى تازە و هاوئاهەنگى هەموولایەک بەمەبەستى هەڵوەشاندنەوەى ئەو هەیکەلیەتە هەڕمییە کۆنە، کە تاکو ئێستا لە زانکۆکانى پیادە دەکرێن.

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى "گۆڕانى سیاسەتى وەزارەت تەنیا بە فەرمانى وەزیر ناکرێت، چونکە ئەمە تەحەدیاتێکى مەزنە بەشەو و ڕۆژێک ناکرێت، بۆیە خاڵى دەسپێک نیەتە، ئەگەر نیەت هەبێت قۆناغى یەکەم دەست پێ دەکات".

هەروەها ئەوەشى گوت "ئێمە وەکو وەزارەت بەنیازین لە پڕۆژەى 100 ملیۆن دۆلارى حکوومەتى هەرێم بۆ ناردنە دەرەوەى خوێندکاران بە زەمالە، مامۆستایان و ئەکادیمیستانیش بنێرینە دەرەوە بەشێوازى قۆناغ و پلانى درێژخایەن، ئەمەش دەبێتە وەبەرهێنانێکى زۆر گرنگ بۆ ئایندەى وەزارەت و حکوومەتى هەرێمى کوردستان".

دواى ئەم وتانەى وەزیر ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستاکان ڕاپۆرتى پێداویستى خۆیان خوێندەوە و ئاریشە و گرفتەکانیان بەشێوەیەکى سەر زارەکى خستەڕوو لەبەرامبەریشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وەڵامى ئەو ئاریشە و پێداویستى و داواکاریانە جەختى کردەوە کە کێشە و گرفتەکانى زانکۆ و پەیمانگەکانى دهۆک لەشوێنى خۆیەتى و زۆر لەوە شایستەترن کە داواى دەکەن، هەروەها وەزیرى خوێندنى باڵا بە ئامادەبووانى ڕاگەیاند ئەوەى کە ئێستا باسى دەکەن وەزارەت میکانیزم و پلانى بۆ ئامادەکردووە، بەڵام ئەم بەرنامەیە لەبەر ڕۆشنایى ئەو ئیمکانیەتە جێبەجێ دەکرێن کە دەتوانین دابینى بکەین، بۆ ئەمەش هەوڵى زۆر دەدەین بۆ ئەوەى بتوانین بەدواداچوون بۆ زۆرترین گیروگاز و پێشنیاز و کێشەکانتان بکەین.

سەبارەت بە کێشەى دارایى و سستی خەرجکردنى بودجەى زانکۆ و پەیمانگەکان وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند بەپێى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیران لەمەودوا شێوازى پارە ڕاکێشان لەلایەن وەزارەت و دام و دەزگاکانەوە بەپێى "سیستمى بانک"ى دەبێت، واتە بەپێى ئەو بودجەیەى کە لەلایەن حکوومەتەوە تەرخان کراوە لەڕێى بانکەوە وەردەگیرێن نەک وەزارەتى دارایى، بۆ ئەمەش زانکۆکان دەتوانن پێداویستى و ئەو کەموکوڕییانەى کە هەیانە دەتوانن بەشێوازى بانکى ڕابکێشن، لەماوەى ڕابردووشدا ئێمە لە دیوانى وەزارەت بەشى کڕینى کتێبخانە و ئامێرەکانمان داخست، بەمەبەستى پێدانى نیمچە خودموختارییەک بە زانکۆکان و لەڕێگەى لێژنەى تایبەت بەخۆیان پێداویستى و کەموکورتییەکانیان پڕبکەنەوە.

پاش نیوەڕۆى هەمان ڕۆژ وەزیرى خوێندنى باڵا و شاندى یاوەرى، هاوڕى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى دهۆک، پەیمانگەى تەکنیکى دهۆکى بەسەر کردەوە و لەوێ لەگەڵ ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان کۆبووە و گوێى بۆ خواست و داواکارییەکانیان ڕاگرت، یەکێک لەداوکارییەکانى ئامادەبووان ئەوەبوو چارەسەرکردنى کێشەى نیشتەجێبوون بوو بۆ مامۆستایان، هەروەها بایەخدان بە پەیمانگاکان شان بەشانى زانکۆ و کۆڵیژەکان لە شارى دهۆک.

لەدواى کۆبوونەوەکە وەزیرى خوێندنى باڵا چەندان بەش و یەکە ئیدارییەکانى پەیمانگى بەسەر کردەوە و لەنزیکەوە چەند دیدارێکى کورتى لەگەڵ قوتابییە خوێندکارەکان ئەنجامدا.

دواتر وەزیر و شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى کۆلێژى پەروەردەى بنیات و کۆلێژەى وەرزشى لە شارى دهۆک کرد، لەوێدا لەلایەن ڕاگر و سەرۆک بەشەکانەوە پێشوازى لێکرا، دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى دهۆک کەمپى تازەى زانکۆى دهۆکى بەسەر کردەوە و داواى لە سەرۆکى زانکۆ کرد کە هەرچى زووە بەرنامەى خۆتان ئامادە بکەن بۆ ئەوەى دەست بکرێت بە ئامادەکردن و ڕاهێنانى پسپۆڕان بەئامانجى جێبەجێکردنى بەرنامە و ڕوانگەى وەزارتى خوێندنى باڵا.

هاوکات وەزیرى خوێندنى باڵا کۆلێژى کشتوکاڵى سەر بە زانکۆى دهۆکى بەسەر کردەوە و لەگۆڕەپانى کۆلێژدا چەند گفتوگۆیەکى لەگەڵ قوتابییە خوێندکارەکان ئەنجامدا.

لەدواى بەسەرکردنەوەى دام و دەزگاکانى سەر بە زانکۆى دهۆک وەزیرى خوێندنى باڵا و شاندى هاوڕێى ڕاستەوخۆ بەرەو شارۆچکەى زاخۆ بەڕێکەوتن و سەردانى کۆلێژى پەروەردە و بازرگانییان کرد، لەوێدا لەلایەن ڕاگر و سەرۆک بەشەکان و قوتابییە خوێندکارەکانەوە بەگەرمى پێشوازى لێکرا.

دواتر لە کۆبوونەوەیەکى کورتدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕێگەى بە ستافى هەردوو کۆلێژدا کە کێشە و داواکارییەکانیان بخەنەڕوو، هەروەها لەلایەن خۆیەوە بەڵێنى دۆزینەوەى چارەسەرى و بەدواداچوونى بەردەوامى بۆ دوپات کردنەوە.

هەر لە هەمان کاتدا بە ئامادەبوونى وەزیرى خوێندنى باڵا و سەرۆکى زانکۆى دهۆک و خەڵکى ئەکادیمی ناوچەکە، بەردى بناغە بۆ پڕۆژەى پەیمانگەى تەکنیکى زاخۆ دانرا، کە پڕۆژەکە لەسەر ئەرکى حکوومەت بە گوژمەى 88،500،00 ئەنجام دەرێت.

دواتر لە دواین وێستگەى گەشتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا بەجیا بۆ ژمارەیەک میدیا و کەناڵى ڕاگەیاندن ڕایگەیاند "ئامانج لەم سەردانەدا بەسەرکردنەوەى ئیدارە و خەڵکى ئەو ناوچەیەیە، تاکو بزانین ئاریشە و کەموکوڕییان چیە و ئەوانیش بزانێن ئێمە چیمان بۆ ئەوان پێیە، شتى هاوبەشمان زۆرە و پلانمان زۆرە، خۆشحاڵین کە پێشڕەوە ئەکادیمییەکانمان لە زاخۆ بازدانێکى گەورەیان لە ڕووى پێشکەوتنى کۆلێژ و پەیمانگەکان داوە".