Nov 2016

كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ر له‌ زانكۆی نه‌ورۆز قانونی نیه‌

newsitem-1478-24.12.2012-ku.jpg1_.jpg

به‌ئامانجی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌باره‌ت به‌كردنه‌وه‌ی خوێندنی باڵا له‌ زانكۆی نه‌ورۆز له‌ شاری دهۆك، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (24/12/2012) له‌ هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانس له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، د.جه‌مال كه‌مال حسێن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی زانكۆ ئه‌هلیه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌یی ڕێكخست.

له‌سه‌ره‌تایی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌داد. جه‌مال ئه‌وه‌ی ڕونكرده‌وه‌، كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردو زانكۆی نه‌ورۆز له‌ دهۆك ده‌ستی كردوه‌ به‌ڕیكلامكردن بۆ كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ر به‌هاریكاری زانكۆی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ له‌ زانكۆی مصر، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كردنه‌وه‌ی ئه‌و خوێندنه‌ گوایه‌ به‌پێیی ڕێكه‌وتنێكی نیوان زانكۆی نه‌ورۆز و زانكۆی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ له‌ مصر، كه‌ له‌مانگی 6 و 7ی پرۆتۆكۆلیكی هاریكاری هاوبه‌شیان ئیمزا كردوه‌، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند زانكۆی نه‌ورۆز ئه‌و پرۆتۆكۆله‌ی ڕوانه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كردوه‌، پرۆتۆكۆله‌كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی له‌خۆگرتوه‌، یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ كردنه‌وه‌ی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا)یه‌ له‌ داهاتوودا، هه‌ربۆیه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی په‌سندی پرۆتۆكۆله‌كه‌ی كردوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی زانكۆ ئه‌هلیه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: زانكۆی نه‌ورۆز په‌له‌ی كردوه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ر، چونكه‌ پرۆپۆزه‌لی تایبه‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ری ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌ت نه‌كردوه‌ بۆ بریاردان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌، وتیشی هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و ماسته‌ره‌ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش دوای پیداوچونه‌وه‌، تێبینی ئه‌وه‌مان كرد، كه‌ پرۆتۆكۆلیك ئیمزا كراوه‌و ناكرێت بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا د.جه‌مال كه‌مال داوای له‌ قوتابی و خویندكاران ده‌كات به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی، كه‌ داوایان پێشكه‌ش كردوه‌ بۆ خوێندنی ماسته‌ر له‌ زانكۆی نه‌ورۆز داواكاریییه‌كانیان بكشێننه‌وه‌، چونكه‌ زانكۆكه‌ ڕێوشوێنی پێویستی بۆ كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ر جێبه‌جێ نه‌كردوه‌، كه‌ پێویست ده‌كات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پرۆپۆزه‌ڵێك پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بكات، تا ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خویندنی باڵا كه‌ باڵاده‌ستترین ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كادیمیه‌ له‌ هه‌ریمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی نیشان بدات و بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر بدات، ئینجا ئه‌و كات زانكۆكه‌ ده‌توانێت ڕیوشوێنی پێویست بگریته‌ به‌ر بۆ خویندنی ماسته‌ر له‌ داهاتوو.

به‌ڕێوه‌به‌ری زانكۆ ئه‌هیله‌كان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌ڕه‌سمی زانكۆی نه‌ورۆزیان له‌ شاری دهۆك ئاگاداركردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خویندنی ماسته‌ر رابگرن، چونكه‌ له‌ كاتی ئیستادا شه‌رعیه‌تی نیه‌، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كه‌ داواشیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یه‌كسانكردنی بڕوانه‌مه‌كانیش له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كردوه‌، كه‌ له‌ داهاتوودا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كسانی كردن بۆ ئه‌و بڕوانامانه‌ نه‌كه‌ن له‌ حالیكدا ئه‌گه‌ر زانكۆكه‌ خوێندنی ماسته‌ر كرده‌وه‌و پابه‌ندی بڕیارو رینماییه‌كانی وه‌زاره‌ت نه‌بوو.

كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ به‌چه‌ند پرسیارێكی په‌یامنێران و نێردراوانی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، كه‌ هه‌مووان په‌یوه‌ست بوون به‌ دۆخی زانكۆ ئه‌هلیه‌كان له‌ كوردستان و، وه‌ڵامی د.جه‌مال كه‌مال حسێن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی زانكۆ ئه‌هلیه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆتایی پێهات.