وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ڕایگەیاند: زانكۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەبێت پەیوەندى بەردەوامیان لەگەڵ پێداویستى بازاڕى کار هەبێت و ڕوپێوى بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەو کارامایانەى کە پێویستن بۆ گەشەکردنى ئابورى کوردستان.
ئەو ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٨/٩/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى هات لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆ ئامادەیبون.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئالان فەرەیدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى لە وتەیەکدا بەناوى ئەنجومەن و مامۆستاو فەرمانبەرانى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەفدى وەزارەتى کردو کورتەیەکى لەبارەى کارو پرۆژەکانى زانکۆ لەبوارە زانستى و کارگێڕییەکان و ئەو پرۆژانەى لە بەرنامەى زانکۆدایە بۆ جێبەجێکردن و پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى خستەڕو، هەروەک لەمیانى سمینارێکیشدا تیشکى خستە سەر پوختەى کارە زانستییەکانى زانکۆ و ژمارەى ستافى ئەکادیمى و خوێندکاران و ئەو دەستکەوتانەى زانکۆ لە بوارە جیاجیاکانى ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى ئەنجامیداون.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستاو فەرمانبەرانى زانکۆى سلێمانى و هەمو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە رۆڵیان لە پێشخستنى زانکۆ هەبوە لەسەرجەم بوارە زانستى و ئەکادیمییەکاندا. وتیشى زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان خاوەن گرنگى خۆیانن و بەهیواین بتوانین زانکۆکان پەیوەندى ڕاستەوخۆیان لەگەل بازاڕى کارى کوردستان هەبێت.
لەبارەى گرنگى خوێندنى تەکنیکى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە: خوێندنی تەکنیکی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانى سیستمی خوێندنی هەرێمەکەمان و، ڕێگهیەکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری خۆماڵی و، دروستکرنی کارامەیی لە نێو گەنجان، ههربۆیه وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرکیزی تەواوى لەسەر ئەم بوارە دەبێت و، گرنگی تەواو بە بواری گەشەکردنی خوێندنی تەکنیکی دەدات.
ڕاشیگەیاند: دەبێت هەوڵ بدەین زانکۆکانمان بەتایبەت زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان پەیوەندی زیاتر و توندوتۆڵتریان لەگەڵ بازاڕی کار و، کەرتی گشتی و تایبەت و پیشەسازی و بوارەکانى تر لە هەرێمەکەمان هەبێت، بۆ ئەوەش پێویستمان بە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زیاترە لەبارەی پێداویستییەکانی ئێستای بازاڕی کار و تواناکانی گەشەکردنی ئابووری هەرێمەکەمان.
سەبارەت بە جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕونیکردەوە، بۆڵۆنیا پرۆسێس هۆکارێکی گرنگی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنی زانکۆکانمانەو، لە زۆر بواری گرنگدا خزمەت بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا دەکات، هەروەها بۆڵۆنیا پرۆسێس هاوکارمان دەبێت بۆ گەشەپێدانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی ئاست و کارامەیی دەرچوان، لهههمان كاتدا زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەبات، بۆیە بۆ تێگەیشتن و قۆڵبوونەوەی زیاتر لەم پرۆسەیە، پێویستمان بە وەبەرهێنانی زیاترە بۆ گەشەپێدانی ژێرخان و توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بکەین. بۆیە پێیوستە گرفت و ئاستەنگەکانى بەردەم پرۆسەکە چارەسەر بکەین و بەهەموان بتوانین وا بکەین دەرچوەکانمان کاتێک لە زانکۆ دەردەچن بێ کار نەبن.
هەر لە سەردانەکەیدا بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەش و یەکەکانى زانکۆى بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ ڕاگر و فەرمانبەرو مامۆستایان گفتوگۆى لەبارەى ئاستى کارەکان و پێشخستنى ئەو خزمەتانەى پێشکەشى هاوڵاتیان دەکرێت کردو وتى: هاوکارو پشیتوانى تەواوتان دەبین بۆ خزمەتکردنى زیاتر بە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان.