Nov 2016

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی په‌یامێك ئاراسته‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی خوێندنی باڵا ده‌كات

د.یوسف گۆران

به‌ بۆنه‌ی ڕاگه‌یاندنی كۆتاییهاتنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بەناوی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت سو‌پاسی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كات، بۆ خۆڕاگریان له‌ماوه‌ی ڕابردو كه‌ توانیان به‌رگه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ سه‌خته‌ داراییه‌ بگرن.

هه‌ر له‌په‌یامه‌كه‌یدا د.یوسف گۆران ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت: له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه ‌هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان به‌ ئاڕاسته‌ی بایه‌خدانی زیاتری به‌ ڕه‌وتی خوێندن و توێژینه‌وه‌ی زانستی زیاتر ده‌بن.

ئه‌مه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، چوار ساڵی ڕابردو له‌ڕوی داراییه‌وه‌ بارگرانییه‌كی زۆر قورستان كه‌وته‌ سه‌رشان و دۆخێكی سه‌ختی ژیانتان به‌ڕێكرد به‌هۆی دواكه‌وتن و، دواتر پاشه‌كه‌وتنكردنی به‌شێك له‌ موچه‌كانتان به‌ ناچاری له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ئابوریه‌ی كه‌ دوچاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆوه‌.

خۆشبه‌ختانه‌ لە كۆبونەوەی ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پاشەكه‌وتی مووچه‌ ڕاگه‌یاندرا، ئیتر له‌م مانگه‌وه‌ موچه‌ به‌بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش ده‌كرێت، لێره‌وه‌ جێی خۆیه‌تی بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت سوپاسی خۆڕاگری یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌تان بكه‌م و، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ڕابردو و ئێستا و داهاتو ئێمه‌ هه‌مو هه‌وڵێكمان بۆ باشتركردنی دۆخ و گوزه‌رانی ئێوه‌ بوه‌ و ده‌بێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانمانه‌ و پێویسته‌ جێبه‌جێی بكه‌ین.

مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان، لێره‌وه پێویسته‌ ئه‌وه‌ش ڕابگه‌یه‌نم، كه‌ ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ئابوریه‌ هه‌رگیز نه‌بوه‌ هۆكاری پاشه‌كشه‌ی ڕه‌وتی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان، به‌ڵكو ئێوه‌ له‌خۆبووردوانه‌ سه‌نگه‌ری بایه‌خ و ڕیفۆرم و پێشكه‌وتنی بواری خوێندنی باڵاتان به‌رنه‌دا و به‌رده‌وام بون، كاری چوار ساڵه‌ی ڕابردوی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان شاهێدن، بۆیه‌ دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌و بڕیاره‌ و به‌باشتربونی بژێوی دارایی كارمه‌ندانمان ڕه‌وتی خوێندنی باڵا گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆه‌ ده‌بینێت.

 

د.یوسف گۆران

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

8\3\2019 ‌