لهبهر ڕۆشنایی پلانی ستراتیجیی وهزارهت بۆ نزیكردنهوهی زانست له كۆمهڵگه و، ئاشناكردنی تاكهكانی كۆمهڵگه بهو گۆڕانكارییه سروشتیانهی لهگهردون ڕودهدهن، شەوی (27 لەسەر 28-7-2018)، هاوشێوەی چەند وڵاتێكی دیكەی جیهان، لە ئێراق و هەرێمی كوردستانیش درێژترین دیاردەی مانگگیران ڕویدا. لەو شەوەدا لە پاركی هەواری شار لە سلێمانی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بههاوكاری دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، چەند چالاكییەكی زانستی ڕێكخست.
لەو چالاکیەدا، کە د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ئامادەیبون، پڕۆفیسۆر د. پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: چالاكییە زانستیەكان بە سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم و لەسەر ڕاسپاردهی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەلایەن دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستییەوە رێكخراوه، وتیشی: لەم چالاكییە زانستییەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لە سەرجەم چین و توێژەكان بەشدارییان تێدا كرد، شێواز و هۆكارەكان و چەندین زانیاری زانستی دەربارەی دیاردەی مانگ گیران ڕوونكرانەوە، راشیگەیاند: هەر لەم چالاكییە زانستییەدا لە ڕێگەی حەوت تیلسكۆپ و كامێرایەكی تایبەت و ئامێری داتاشۆوە، هاووڵاتیان لە نزیكەوە تەماشای دیاردەكەیان دەكرد، ئەوەشی ڕونکردەوە ڕاستەوخۆ پەخشی وێنەکانی مانگگرتن لە جیهان لە ڕێی ناسایی ئەمریکیەوە بەئینتەرنێت و داتاشۆ لە گۆڕەپانی هەواری شار پەخشکرا، هەروەک بەکامێرای (سوم) مانگگیرانەکە لە سلێمانی تۆمارکرا و، بەئینتەرنێت ڕەوانەی دەزگای ناسا کرا و، ئەوانیش بۆ چەند ساتێک پەخشیانکرد و، لە کاتی پەخشکردنی وێنەکان لەلایەن (ناسا)وە سەدان هاوڵاتی کۆبونەوە...
ههر له لێدوانهكهیدا، سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی ئامانجی چالاكییەكەشی ڕونكردەوە و ئاماژەی بەوەدا "ئامانج لە چالاكییەكە ئاشناكردنی هەموو چین و توێژەكانە، بە تایبەت لاوان و گەنجان بە دیارە سروشتییەكان و مامەڵەكردنی زانستییانەیە لەگەڵ هەموو ئەو دیاردە سروشتیانەی كە ڕودەدەن".
چالاكییە زانستییەكە لە سەعات (7:30) دەقیقەی سەر لەئێوارەوە تا سەعات (2:30) دەقیقەی شەوی خایاند و هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ هەم لە ڕێگەی تیلسكۆپ و كامێرایەكی تایبەتەوە، هەم لە ڕێگەی ئامێری داتاشۆوە كە ڕاستەوخۆ دیاردەی مانگ گیرانی دەگواستەوە، بینەری تەواوی شێواز و كاتەكانی دیاردەی مانگ گیران بوون و، لەلایەن چەندین توێژەر و پسپۆڕی تایبەتیشەوە، ڕێنمایی پێویست دەكران و تەواوی زانیارییەكان لەسەر دیاردەی مانگ گیران ڕووندەكرانەوە.
هاووڵاتیانی بەشداربوش لە چالاكییە زانستییەكەدا ئەم هەنگاوەیان بەكارێكی گرنگ و پێویست ناوبرد و، دەستخۆشییان لە ڕێكخەران و سەرپەرشتیارانی ئەم چالاكییە كرد.
ههر لەوبارەیەوە خاتوو ئاسكە حەسەن تەمەن (52) ساڵ ڕایگەیاند: ئەم چالاكییە زانستییە بە هەنگاوێكی گرنگ دەزانم و مایەی دەستخۆشییە، خۆشبەختانە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان لە نزیكەوە و لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەی كە دانرابوون تەماشای بینینی دیاردەی مانگ گیرانیان دەكرد. خۆشبەختانەش ئەم چالاكییە سوودی زۆری هەبوو بۆ ئامادەبوان.
بڕوا عەلی گەنجێكی تەمەن (23) ساڵ و یەكێك لە ئامادەبوانی چالاكییەكە، باسی لەوەكرد "لەم چالاكییە زانستییەدا چەندین زانیاریی گرنگ و پێویست لە بارەی دیاردەی مانگ گیرانیان بۆ ڕونكراوهتهوه، بۆیه دەتوانم بڵێم بەشێكی زۆری ئامادەبوان یەكەمجارمان بوو ئەو زانیارییە زانستییانە ببیستین. هیواداریشم چالاكی لەمجۆرە بەردەوام بێت، چونكە ئەم چالاكییانە گرنگ و پێویستن بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی گشتی سوودی زیاتر لە ناوەند و دەزگا زانستییەكان وەربگرن".