لە چوارچێوەى نەخشە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ناساندنى بەنێودەوڵەتی زمان و ئەدەبى کوردى، لێژنەى باڵاى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە پسپۆڕان و شارەزیانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی دەکات ناو و ناونیشانى زانستیان ڕەوانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بکەن بۆ ئەوەی لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتی زمانی کوردی بەشدار بن.
دوای ئەوەی لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتی زمان و ئەدەبی کوردی پەسەندکرا، ژمارەیەک لە زانکۆ بیانیەکان پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمان کرد بۆ ئەوەى سود لەو پڕۆژە گرنگەى وەزارەت وەربگرن.
پڕۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتی زمانی کوردی بریتییە لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، پێشکەشکارانی نێودەوڵەتی دەتوانن لەو بوارانەدا لە زانکۆکانی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا و شارەزایانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن، کۆی تێچوی ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دابین دەکرێت.
بۆیە وەزارەتەکەمان داوا لە پسپۆڕان و شارەزایانى زمان و ئەدەبى کوردى، جوگرافیا، مێژو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دەرەوە دەکات، ئەوانەى توانا و حەز و ئارەزویان هەیە و زمانى ئینگلیزى دەزانن، دەتوانن تا ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (١١/٥/٢٠١٧) ناو و ناونیشانى زانستى و پوختەى ئەزمون و کارکردنیان لە ڕێگەی ئیمەیلی (kurdish.studies@mhe-krg.org) ڕەوانەى لێژنەکەمان بکەن، بۆ ئەوەى ببنە بەشێک لە پڕۆژەکە و، وانە بەو خوێندکارە بیانیانە بڵێنەوە کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى (Kurd Scholarship) دێنە هەرێمى کوردستان و، لە زانکۆکانى کوردستان زمان و ئەدەب و مێژو کەلتور و کەلەپور و جوگرافیاى کوردستان دەخوێنن.