Nov 2016

زانكۆی کۆیە بڕوانامەى بەکالۆریۆسى بەخشیە نزیکەى (٨٨٠) دەرچوو

ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى کۆیە٥

 ئێوارەى دوێنێ يەك شەممە ڕێکەوتى (١١/١٠/٢٠١٥) هاوكات لەگەڵ يادى دامەزراندنى زانكۆى كۆيە، بە ئامادەبوونى د.کەریم عەبدول نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و ژمارەيەكى زۆر لە كەسايەتى و میوانانى شارى كۆيە و کەس وکارى دەرچوان، لە هۆڵى چالاكيە وەرزشييەكانى سكوڵى پەروەردەى وەرزش ، ئاهەنگى دەيەمين خولى دەرچوانى ئەو زانکۆى کۆیە بەڕێوەچوو.

لەو ئاهەنگەدا کە به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌رچوانی خوله‌كه‌و مامۆستایانی زانكۆ و ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە ده‌ستی پێكرد، پاشان ئاماده‌بوان ساتێك بێده‌نگیان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان نواند، دواتر چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز خوێندرایه‌وه‌.

هەر لەو ئاهەنگەدا د.کەریم عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى بەنوێنەرایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و خانەوادەکانیان سوپاسى مامۆستایانیش کرد کە شەوڕۆژیان خستە سەر یەک بۆ پێگەیاندن و گۆشکردنى ئەو پۆلە نەوەیە بۆ کوردستان. لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا کورتەیەکى لە بارەى مێژوى خویندنى باڵا لە کوردستان و ئەو گەشەکردنەى کە لە دواى ساڵى (١٩٩١)ەوە بەخۆیەوە بینیوە خستەڕوو, ڕاشگەیاند: زانکۆى کۆیە هەر لەسەرەتایى دامەزراندنیەوە گەشەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینوەو چەندین فاکەڵتى و بەش و پسپۆڕى لەخۆگرتوە کە گرنگى تایبەتیان هەیە بۆ هەرێمى کوردستان.

سەبارەت بەسیاسەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د.کەریم عەبدول ڕاگەیاند: لەسەرەتاوە سیاسەتى وەزارەتەکەمان بریتى بوو لە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ ئەو کەسانەى کە لە ڕابردوو بوارى خوێندنیان بۆ نەڕەخسابو، لەسەر ئێستاشدا کاتى ئەوە هاتووە کە گرنگى زیاتر بدرێت بەکواڵیتى، لەو بوارەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەنگاوى ناوە بۆ جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەدا گرنگى زیاتر دەدات بەپڕۆسەى دلنیایى جۆرى و تویژینەوەى زانستى.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا, د.کەریم عەبدول ڕاگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى تایبەت دەدات بەپڕۆگرامەکانى خوێندن و نوێکردنەوەیان بەشێوەیەک لەگەڵ پێشکەوتنەکانى ئەم سەردەم بگونجێ، وتیشى بۆ ئەو پڕۆژانەمان کار بۆ دانان و وەرگێڕانى پەرتوک و ئەکتیڤکردنى نوسینگەکانى ڕاوێژکارى و ڕاهێنانى مامۆستایان و کارمەندان و خوێندکاران دەکەین.

لە کۆتایى وتارەکەیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژیبنەوەى زانستى پیرۆزباى وەزارەتى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیەو سەرجەم مامۆستا و کارمەندان کرد, کە زۆر بەپەرۆش و دڵسۆزانە هەوڵیانداوە بۆ ڕەخساندنى کەش و هەواى لەبارو دابینکردنى پێداویستیە زانستیەکان بۆ پێگەیاندنى ئەو پۆلە لە دەرچوان، هەروەک پیرۆزبایى ئاڕاستەى خانەوادەى دەرچوان کرد کە ئەوپەڕى هەوڵیان داوە بۆ بەڕاستى پێگەیاندنى نەوەکانیان، لەهەمان کاتدا پیرۆزباى لە دەرچوانیش کرد کە توانیان ئەو دەسکەوتە گەورەیە بۆخۆیان بەدى بهێنن، هیواشى خواست لە ژیانى ئایندەیاندا پێگەى خۆیان لە نەخشەى ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان بەپێیى پسپۆڕییەکانیان دیارى بکەن.

لە بەشێکى دیکەى ئاهەنگەکەدا، بەئامێرى داتا شۆ وێنەى سەردانى ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە و بەخشینى بڕوانامەى دكتۆرای فەخریی لە قانوندا  بە (مام جەلال) پەخش کرا، کە وەک وەفایەک بەرامبەر بەرۆڵی گرنگ و بەرچاوی مام جەلال لە بیرۆكەو دەستپێشخەریی دامەزراندنی زانكۆی كۆیە پێشکەشیان کرد.

هەر لەو ئاهەنگەدا د. وەلى مەحمود سەرۆكى زانكۆى کۆیە وتارێکى پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ئاماژەى بەڕۆڵى گرنگى (مام جەلال)دا لە دامەزراندن و گەشەسەندنى زانکۆیە کۆیە و وتى:  ئاهەنگى دەرچوون كە دەيەمين خولى دەرچووان بەرێ دەكات هاوكاتە لەگەڵ يادەى 12 ساڵەى زانكۆى كۆيە كە بەردى بناغەى بە دەستى مامى گەورە و سەروەرمان (مام جەلال) دانراوە. سڵاو بۆ مام جەلال هيواى چاكبوونەوە و شيفاى بۆ دەخوازين. راستە سەرەتا كە بڕيارى كردنەوەى زانكۆى كۆيە درا زۆر كەس بەلايانەوە نيمچە مەحاڵ و لەكردن نەهاتوو بوو وە پێشيان وابوو بەردێكى گەورە هەڵگيراوە لە ئاست توانستى كۆيە و ناوچەكە و حكومەت و كوردستان نيە، يەڵام هەموومان دەبينين كە زانكۆكە هەنگاوى جيددى و كردەيى بەرە و پێش ناوە، و ئەمڕۆ يەكێكە لە زانكۆ سەركەوتووەكانى كوردستان بەم تەمەنە كورتەى خۆيەوە.

هەر لە وتارکەیدا ئاماژەى بەدۆخى دارایى هەرێمى کوردستان داو ووتى: راستە لە ئێستادا كوردستان و حكومەت و خەڵكەكەى بە دەست چەندین گرفت و قەيران دەناڵێنێت ( گرفتى دارايى، شەڕى داعش، نێوانى حكوومەتى هەرێم و بەغدا و پلاني ترى نێونەتەوەيى و دژايەتى ئەزموونەكەمان و بەگشتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پڕيەتى لە ئاژاوە)، ئێوە خوێندنى بەكالۆريۆس تەواو دەكەن و لە دڵەراوكێى هەلى بەدەستكەوتنى كارن بۆ خۆتان و بژێوى و ئايندە، بەڵام دڵنياتان دەكەينەوە كە لەسەر دەستى ئێوە و رۆڵەكانى ميللەتەكەمان ئەم لەمپەرانە تێك دەشكێنين و ئايندەيەكى روون چاوەڕوانتانە، بەڵام ئيرادە و مرۆڤ دۆستى و وڵات خۆشەويستى لێتان دەوێت.وتیشى تەنها لە ساڵى (2015) و لەگەڵ بوونى ئەم هەموو قەيرانە زانكۆكەتان توانيويەتى چەندان پەيوەندى ئاكاديمى و زانستى لەگەڵ زانكۆكانى دەرەوە و دونياى پێشكەوتوو واژۆ بكات، لەوانە يادداشتنامە و لێكتێگەيشتن لەگەڵ زانكۆى ئاركانساسى ئەمريكي و زانكۆى ئەسفەهانى تێكنۆلۆجى و زانكۆى فرايبێرگى ئەڵمانى و چەندان خوێندكارى بەكالۆريۆس و ماستەر و دكتۆرامان هەيە هاوبەش لەگەڵ زانكۆكانى ئەوروپا و ئاسيا و وڵاتى عەرەبى و ئێران لە خوێندن و توێژينەوەى هاوبەشدا.

هه‌ر له‌ ئاهه‌نگی خولی (١٠)ی زانكۆی کۆیەدا، وتاری سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاماده‌كردنی ئاهه‌نگ و، وتاری نوێنه‌ری ده‌رچوان پێشكه‌ش كرا، هه‌روه‌ك دوای سوێندخواردنی ده‌رچوان، له‌ سه‌ر داواكاری ڕاگری فاکەڵتى و كۆلێژه‌كان له‌لایه‌ن پ.ى.د.وەلى مەحمود سەرۆكی زانكۆی کۆیە بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس به‌خشرایه‌ نزیکەى (٨٨٠) ده‌رچوو، به‌وه‌ش كۆتایی به‌ئاهه‌نگه‌كه‌ هات.

 

بڕوانە وێنەى زیاترى ئاهەنگەکە