دواى هەوڵە بەردەوامەکانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دامەزراندنى دەرچوانى تواناسازى و یەکەم و دوەم و سێیەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر دامەزراندنى دەرچوانى تواناسازى و یەکەم و دوەم و سێیەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
لەو بارەیەوە لە نوسراوێکدا، بەژمارە (٦٥٥٢) لە ڕێکەوتى (١٢/٨/٢٠١٥) بەئیمزاى نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەرچوەو، وێنەیەکى ئاڕاستەى وەزارەتى خوێندنى باڵاو تویژێنەوەى زانستى کراوە، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر دامەزراندنى دەرچوانى تواناسازى و یەکەم و دوەم و سێیەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
ئەم دامەزراندنەش، دواى کۆبونەوەیەکى هاوبەشى نێوان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕێباز حەمڵان وەزیرى دارایى و ئابورى و نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران هات، کە لە ڕێکەوتى (١٠/٨/٢٠١٥) لەسەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەڕێوەچوو.
وەک لە نوسراوەکەدا هاتوە "حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەر دامەزراندنى دەرچوانى بەرنامەى تواناسازى کە ژمارەیان (٩٧) کەس و سەرجەمیان بڕوانامەى ماستەریان بەدەستهێناوە".
لە هەمان نوسراوەدا "حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەر دامەزراندنى (یەکەم و دوەم و سێەم)ى سەر ئاستى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان (١٦٥٠) کەسە، ئەوەش بەم شێوەیەى لاى خوارەوە.
دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٣-٢٠١٤) کە ژمارەیان (١٤٣٣) کەسە.
دەرچوانى زانکۆ پۆلیتەکنیکى هەرێمى کوردستان بۆ بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٢-٢٠١٣) کە ژمارەیان (٢١٥) کەسە.
دەرچوانى یەکەمى پەیمانگەى تەکنیکى هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١١-٢٠١٣) کە ژمارەیان (٢) کەس و پێشتر دانەمەزراون.
لە هەمان نوسراودا و ئەوەى پەیوەستە بەدامەزراندنى (یەکەم و دوەم و سێیەم)ى سەر ئاستى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢١٠٤-٢٠١٥)، وەزارەتى دارایى و ئابورى بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى میلاکى پێویست لە چوارچێوەى بودجەى ساڵى ٢٠١٦ دابین دەکات.
لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى داوا لە یەکەم و دوەم و سێیەمەکانى دەرچوانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٣-٢٠١٤) دەکات سەردانى زانکۆ و پەیمانگەکان بکەن بۆ دلنیابون لە ناوەکانیان.
بڕوانە لیستى ناوى دەرچوانى تواناسازى کە ژمارەیان (٩٧) کەسە.