Nov 2016

ئەنجامی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕاگەیندرا

newsitem-1865-05.12.2014.jpg

 بۆ ئەمساڵی خوێندن (32249) خوێندكار/ قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەرگیران؛ د. كەریم عەبدول ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕایگەیاند و ووتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەیەكە زۆر بەچڕی و وردی و دڵسۆزانە بەهاریكاری وەزارەتی پەروەردە كار دەكات بۆ وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش هەوڵیداوە زۆرترین ڕێژەی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەربگرێت،

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ (53208) خوێندكاری‌ 12ی‌ ئامادەیی لە ڕێگەی (زانكۆ لاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كردوە، كە (13000) یان لەو خوێندكاران/ قوتابیانی ساڵی خوێندنی (2012-2013) بوون، (40208) خوێندكاریش لە دەرچوانی ساڵی خوێندنی (2013-2014)، لەو ژمارەیەشدا (30653) خوێندكار/ قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان وەرگیران، جگە لەوەی كە (1596) بەهۆی هەڵەو كەمی هەڵبژاردن لەلایەن قوتابیان/ خوێندكارانەوە لەكاتی پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆ لاین ناویان نەهاتۆتەو دواتر لەلایەن (زانكۆ لاین) دابەش دەكرینەوە، بەو شێوەیە كۆی وەرگیراون دەبێتە (32249) و رێژەی وەرگرتنیش بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) دەگاتە (80,36%).

لەبارەی كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو د. كەریم عەبدول ئاشكرایكرد كە " كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو لە بەشی زانستی دەگاتە (61,57), لەبەشی وێژەیش (63,57) بووە".بەڕێزیان رونیكردەوە كە توانای وەرگرتنی زانكۆ تایبەتەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) دەگاتە نزیكەی (16000) هەزار خوێندكار/ قوتابی.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەیەدا د. محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلان و بەدواداوچون ڕاگەیاند: بۆ ئەمساڵی خوێندن و زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە دەرچوانی خوێندكاران/ قوتابیانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەردەگرن بەپێی ڕێنماییەكان، لەهەمان كاتدا ڕێژەیەك لە ئامادەییە پیشەییەكان وەردەگیرێن.

خوێندكاران/ قوتابیانی دوانزەی ئامادەیی دەتوانن لە ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێكەوتی (4/12/2014) لە سەعات (8)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێب سایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆ لاین)یان پێ‌ بڕكردبوەو دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەردەگیراون.

شایانی باسە بۆ ئەمساڵی خوێندن (18,452) خوێندكار/ قوتابی لە بەشی زانستی و (12,201) خوێندكار لە بەشی وێژەی فۆرمی زانكۆ لاینیان پڕكردبوەوە. لەهەمان كاتدا كە (13000) لە خوێندكاران/ قوتابیانی ساڵی پار فۆرمیان پێشكەش كردبوو.

د. محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلان و بەدواداوچون داواشی لە خوێندكاران/ قوتابیان كرد كە لە ڕێكەوتی (6/12 تا 11/12) پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان، چونكە رێكەوتی (13/12/2014) یەكەم ڕۆژی دەوامی ساڵی نوێ‌ خوێندنیان دەبێت لە زانكۆ و پەیمانگەكان ڕونیشیكردەوە، كە هەر خوێندكار/ قوتابیەك ئەگەر گللەیی و سكاڵای هەبێت، دوای تەواوكردنی تەواوكردنی مامەڵەكانیان لە بەش و كۆلێژەكانیان و تۆماركردنی ناوەكانیان لە تۆماری زانكۆ و پەیمانگەكان دەتوانن لە رێگەی بەش و كۆلێژەكانیان سكاڵاو تانەكانیان تۆمار بكەنەوە لەوێوە بەرز دەكرێتەوە بۆ وەزارەت و ناوەندی وەرگرتن.

* ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی