Nov 2016

كه‌مپی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌خه‌ونه‌وه‌ بوو به‌‌ واقیع

newsitem-1233-14.01.2012-ku-01.JPG

 ئه‌مڕۆ كاتژمێر 1:30 له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، به‌ ئاماده‌بوونی پڕۆفیسۆر دلاوه‌ره‌ عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و دكتۆر ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌دین كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی بڕیارێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن وه‌زیران و كه‌مپی زانكۆ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و كۆنگره‌یه‌دا، وه‌زیری خویندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند، كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بڕیاریدا، سه‌رجه‌م باڵه‌خانه‌كانی ئیستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، به‌سه‌ر زانكۆی نابراو تاپۆبكرێت و وتیشی " ئه‌م بریاره‌ كارێكی ئاسان نه‌بوو، پڕۆسه‌یه‌كی درێژ و ماندووبونیكی زۆری ویست، چونكه‌ ئه‌م زه‌ویانه‌ موڵكی وه‌زاره‌ته‌كانی تری حكومه‌ت بوون".له‌باره‌ی سودی تاپۆكردنی زه‌ویه‌كان پڕۆفیسۆر دلاوه‌ره‌ عه‌بدولعه‌زیز باسی له‌وه‌كرد،كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی گه‌وره‌، بۆ دروستكردنی كه‌مپی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، كه‌ له‌ئیستادا،كۆلیژ و ده‌زگاكانی په‌رت و بڵاوه‌. گوتیشی" گه‌وره‌ترین كێشه‌ی دروستكردنی كه‌مپی زانكۆ، بریتی بوو له‌ دابینكردنی بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌،به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه‌، زانكۆی ده‌سه‌ڵاتی فرۆشتنی باڵه‌خانه‌كانی ده‌بێت، كه‌ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ نیو ملیار دینار بۆ كه‌مپه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، بۆیه بڕیاره‌كه‌‌ خه‌ونی دروستكردنی كه‌مپی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دینی كرده‌ واقیع". 

شایه‌نی باسه‌ پاش چه‌ندین ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانی بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌ی كه‌مپی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دارایی گه‌وره‌ بۆی، دوابه‌دوای دیراسه‌تكردنێكی تێروته‌سه‌ل و چه‌ندین سه‌ردانی مه‌یدانی وه‌زیری خوێندنی باڵا ، كه‌ بۆ تاوتوێكردنی بابه‌تی كه‌مپی زانكۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ ئه‌كادیمییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كردویه‌تی، بریاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هاته‌ ئارا، كه‌ به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ ، سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییانه‌، به‌سه‌ر زانكۆی سه‌لاحه‌دین تاپۆ كرا، كه‌ ژماره‌یان 29 پارچه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا زانكۆی ناوبراو بینایه‌ی له‌سه‌ر كردبوو،به‌ڵام  له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا موڵكی وه‌زاره‌ته‌كانی تر بوون. بۆیه‌  له‌مه‌ودوا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ سه‌ڵاحه‌دین ده‌سه‌ڵاتی فرۆشتنی ئه‌و مولكانه‌ی ده‌بێت،  به‌مه‌رجێك پاره‌كه‌ ته‌نیا بۆ دروستكردنی كه‌مپی زانكۆ ته‌رخان بكرێت.

مایه‌ی شانازییه‌، كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو هه‌وڵێكییان بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌شاری دێرینی هه‌ولێر و سه‌رجه‌م زانكۆكانی تری هه‌رێمی كوردستان خستۆته‌ گه‌ڕ، چونكه‌ باوه‌ڕی ته‌واویان هه‌یه‌،كه‌ مامۆستا و قوتابی و خوێندكارانی زانكۆكانی هه‌رێم شایسته‌ی ئه‌وه‌ن،باشترین ژینگه‌ی خوێندنییان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت، ئه‌مه‌ش بێگومان كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كواڵیتی خوێندن و ڕاهێنانی كادیرانی ئاینده‌.