Nov 2016

وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌

كاتژمێر 1ی پاشنیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ 28/4/2010 پرۆفیسۆر د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌‌وه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی سیسته‌می نوێی خوێندنی باڵاو ستراتیژی وه‌زاره‌ت بۆ به‌ره‌وپێشبردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و ئه‌كادیمی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان.

هه‌روه‌ها چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌ت به خوێندنی باڵا خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ،‌ له‌وانه‌: سیستمی قبوڵ مه‌ركه‌زی و میكانیزمی دانانی راگره‌كان و پرۆژه‌ یاسای زانكۆ ئه‌هلییه‌كان و چۆنیه‌تی تێكه‌ڵكردنی كۆلیژه‌كان و كێشه‌ی به‌كارهێنانی هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی "خوێندكارو قوتابی" و له‌گه‌ڵ چه‌ند باسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به ‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا.

له‌به‌رامبه‌ردا پرۆفیسۆر د.دلاوه‌ر روونكردنه‌وه‌ی پێویستییدا له‌باره‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵانه‌ی  كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاوه‌ تێبینی كرابوون، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، كه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان و ریفۆرمی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیسته‌می كۆنی خوێندنی باڵا، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستمان به‌هاوكاری و پشتیوانی پسپۆڕان و په‌رله‌مانتاران به‌گشتی و لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا به‌تایبه‌تی هه‌یه‌و پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی و بیرو ڕا گۆڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی په‌یوه‌ندار دا هه‌بێت.

له‌ ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاوه‌ ده‌رئه‌نجامی سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان له‌باره‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كه‌یان بۆ زانكۆكانی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی ودهۆك له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتێكدا پێشكه‌ش به‌وه‌فدی میوان كرد و له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری  وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، به‌ڵینیدا به‌دواداچوونی جددییان بۆ بكات. 
 

 

راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی