د. ئارام محمد: هیوادارم سەرجەم پزیشکانى کوردستان بەڕاهێنانەکانى بۆردى پزیشکى تێپەڕبن

وەزیرى خوێندنى باڵا ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانى بەسەرکردەوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەندامانى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانى ڕاسپارد کاربکەن بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى بۆ تۆمارکردن و دۆکیۆمێنتکردنى داتاکانى نەخۆش و بەکارهێنانى بۆ توێژینەوەى زانستى و داڕشتنى سیاسەتى گەشەپێدانى خزمەتگوزارى تەندروستى.

ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (٢٦/٩/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر سەردانى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانى لەشارى هەولێر کردو لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنەکە پێشوازیکراو لە کۆبونەوەیەکیشدا بە ئامادەبونى ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت باس لە پێشخستنى ئاستى کارەکانى ئەنجومەنەکەو چارەسەرکردنى کێشەو کەموکوڕییەکانیان کرا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. سەلیم زەنگەنە سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە وتەیەکدا بەرچاوڕونى لەبارەى کارەکانى ئەنجومەن و جۆرى پسپۆڕى و ئەرکەکانى ئەنجومەن لە بوارى پزیشکى و سێنتەرو ژمارەى دەرچوان پێشکەش کرد، هەروەک چەند پێشنیازێکیشى بۆ پێشخستنى ئاستى کارەکانى ئەنجومەن و کێشەو کەموکوڕییەکان خستەڕو.

لە بەرامبەردا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى ئەنجومەنەکەو ڕایگەیاند: ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسیۆڕییە پزیشکییەکان دەزگایەکى نیشمانى گرنگە بۆ ڕاهێنانى پزیشکانى هەرێمى کوردستان و پێشخستنى ئاستى تەندروستى لە وڵاتەکەماندا، بۆ ئەمەش سەوپاسى هەمو ئەو کەس و لایەنانەى کرد کە هاوکارو پاڵپشت بون بۆ سەرکەوتنى کارەکانى ئەنجومەن بەتایبەت سەرۆکى پێشوى ئەنجومەن.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان جێگەى گرنگ و بایەخى وەزارەتەکەمانەو پاڵپشتى سەرکەوتنتان دەبین، بۆ ئەمەش وتى: هیوادارم بەرنامەکانتان بەشێوەیەک فراوان بکەن کە هیچ پزیشکێکى کوردستان نەمێنێت تا بە فلتەرو ڕاهێنانەکانى ئێوە تێپەڕنەبێت، بەشێوەیەک لەسەر ئاستى ناوچەکەو عێراقدا ئەنجومەنەکە ببێتە جێگەى گرنگى و بایەخى پزیشکان، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: وەک وەزارەت هاوکار و هەماهەنگى سەرەکیتان دەبین.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا بۆ ئەندامانى ئەنجومەن، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەروەک لەکارنامەکەیدا ئاماژەى پێکراوە پشتیوانى لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دەکات، هەر بۆیە ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵایە کە کار بکەن بۆ پەرەپێدانى زیاترى کوالێتى خویندن و ڕاهێنان، ئێوەش ئەرکێکى گرنگتان لەئەستۆیە کە بریتیە لە ڕاهێنان و ئامادەکردنى پزیشکانى پسپۆڕى وڵاتەکەمان، بۆیە زۆر گرنگە خوێندن و ڕاهێنان لە بۆردى کوردستانى لە ئاستێکى زانستى ستانداردا بێت، دەبێت سیستمى تۆکمەتان هەبێت بۆ چاودێریکردنى پرۆسەى خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوە، زۆر گرنگە کاربکەین بەهەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى بۆ مەبەستى داڕشتنى سیستمێکى تۆکمە بۆ تۆمارکردن و دۆکیۆمێنتکردنى داتاکانى نەخۆش و پراکتیزەى پزیشکى ئەم داتایانە بەکار بهێنرێت بۆ توێژینەوەى زانستى و داڕشتنى سیاسەتى گەشەپێدانى خزمەتگوزارى تەندروستى.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن بۆچون و گرفت و  کەموکوڕییەکانیان خستەڕو و بە پێشکەشکردنى چەند پێشنیازرێک بۆ گەشەپێدانى کارەکانى ئەنجومەن پلانى چارەسەر بۆ بەشێک لە گرفتەکان دەستنیشان کران.