بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا کۆبونەوەیه‌ك بۆ پێداچونەوە بە ڕێنماییەکانى بەرزکردنەوەى پلەى زانستى بەڕێوەچو

كۆبونه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی زانستی

ڕێنماییەکانى بەرزکردنەوەى پلەى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان بەشێوەیەک پێداچونەوەى بۆ دەکرێت لەگەڵ گۆڕانکاریی و پێداویستیەکانى ئەمڕۆ و داهاتوى بوارى زانست لە کوردستان بگونجێ و، بەرزکردنەوەی پلەی زانستیش مانای بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی و بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە بێت.

ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٢٨/١٠/٢٠١٩) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک لێژنەکانى بەرزکردنەوەى پلەى زانستى لە زانکۆکان، کۆبونەوەى پێداچونەوە بە ڕێنماییەکانى بەرزکردنەوەى پلەى زانستى لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د. نەژدەت ئاکرەیى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وتەیەکدا کورتەیەکى لەبارەى هەنگاوەکانى پێداچونەوە بە ڕێنماییەکانى پلەى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان کرد و، ئاماژەى بە وردەکارى هەموارەکە بۆ ئامادەبوان خستەڕو کە لەماوەى کۆبونەوەکانیان لە لێژنە پێداچونەوەیان بە ڕێنماییەکان کردوە و، پەسەندکراوە.

لە بەرامبەردا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە ئامادەبون لە کۆبونەوەیەکى گرنگى تایبەت بە پێداچونەوە بە ڕێنماییەکانى بەرزکردنەوەى پلەى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش وتى: بابەتى بەرزکردنەوەى پلەى زانستى بابەتێکى زانستى و پسپۆڕى گرنگە و پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە ئاستى زانستى و ئەکادیمى و پێشکەوتویى زانکۆکانمانەوە هەیە، بۆیە پێویستە لە ڕێنماییەکانداو بەتایبەت لە ڕێنمایی بەرزکردنەوەى پلەى زانستى، بابەتى شەفافەیەت و بەرزکردنەوەى زانستی ڕەنگبداتەوەو رۆتینیاتى تێدانەبێت.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: سەرجەم بڕگەکانى ئەو ڕێنماییە پێویستە ڕەنگدانەوەی ئەو کۆنسێپتە بێت کە بەرزکردنەوەی پلەی زانستی مانای چالاکی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی و بەشداریکردنی ڕەسەن و ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە بێ.

جێگەى ئاماژەیە لە پێداچونەوە بە ڕێنمایی بەرزکردنەوەى پلەى زانستى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان تەوەرى پلە زانستیەکان و مەرجەکانى هەڵگرانى پلەى مامۆستایى یاریدەدەر و مامۆستاو پرۆفیسۆرى یاریدەدەر و پرۆفیسۆر و مەرجەکانى ئەو توێژینەوانەى کە بۆ بەرزکردنەوەى پلەى زانستى پێشکەش دەکرێن خراوەتەڕو، هەروەک مەرجەکانى گۆڤارى مەحکەم و چەند بڕگەو مادەیەکى دیکەى پەیوەست بە بەرزکردنەوەى پلەى زانستى لە هەموارەکە بەهەند وەرگیراوە.