ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (٥/١٢/٢٠١٩)، بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە ئامادەبونی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى و سەرۆك زانكۆكانی كوردستان و بەڕێوەبەرى سێنتەرەكانی یەكسانی جێندەری زانكۆكانی هەرێم و ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی ژنان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی باڵای کاروبارى خانمان، كۆنفرانسی ساڵانەی سێنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، لە هۆڵی هۆتێل هایكریست لە سلێمانی سازکرد.
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا وتاری ئەنجومەنی باڵای خانمان لەلایەن خاتو پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان بەو بۆنەیەوە خوێنرایەوە كە تێدا سوپاسی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران کرد كە هەمیشە پشتیوان و هاوكاری ئەنجومەنی باڵای خانمان و سەرجەم رێكخراوەكانی ژنان بووە، وتیشی: وەك ئەنجومەنی باڵای خانمان و سەرجەم رێكخراوەكانی ژنان، خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كە توانیومانە لە چەند ساڵی رابردودا تا ئێستا، كاربكەین بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەكەمان و نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان نێر و مێ و كاركردن بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان.
دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە وتەیەكدا ڕایگەیاند: شانازی دەكەین بەوەی كە ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمەدا لەگەڵ بونی چەندین ئاستەنگ لەبەر دەم ژنان بەتایبەت رێگرە كلتورییەكان و ئەو كارەسات و ناخۆشییانەی بەسەر وڵاتەكەماندا هاتوە، بەڵام ژنانی كۆمەڵگەمان توانیویانە هاوشانی پیاوان لە مەیدانی سیاسەت و ئابوری و بازاڕ و سەرجەم بوارەكانی تر كاربكەن و وشەو زاراوەی زەعیفەو كەمی لە لە كۆمەڵگەكەمان هەڵبگەرێڕێننەوەو هاوشانی پیاوان بتوانن لەسەرجەم بوارەكاندا دەستی باڵایان هەبێت.
هەروەک وتیشی: ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پشتیوان و هاوكارتان دەبین بۆ سەرخستنی كارەكانتان و گەشەپێدان بە توانا لە بن نەهاتوەكانی ژنان لە وڵاتەكەمانداو سودبینین لە توانا عەقڵی و جەستەییەكانی ژنان بۆ پێشخستنی كۆمەڵگەكەمان.
هەر لە پەراوێزى كۆنفرانسی ساڵانەی سێنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، یەكەم پانێڵی كۆنفرانسەكە دەستیپێكرد، سەرەتا د. خەتاب ئەحمەد شێخانی بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، باسی لە كاری سێنتەرەكان و كاركردنیان لە ڕوی كارگێڕی و داراییەوە كرد، هەروەها بە وردی باسی لەو ئاستەنگ و كێشانە كرد كە هاتونەتە بەردەمیان لە كردنەوەی سێنتەرەكان تا كار كردنیانیشان، جەختیشیكردەوە كە وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا پشتگیری تەواوی سێنتەرەكانی یەكسانی جێندەریی بون، هەم لە ڕوی ئیداری و هەم لە ڕوی داراییەوە، هەروەها راهێنانی كەسانی شارەزا لەو بوارەدا، بە ئامانجی بەكارخستن و سەرخستنی ئامانجەكانیان.
هەرلە پانێڵی یەكەمدا د. نەزەند بەگیخانی راوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و جێندەرى بابەتێكی لەسەر جێندەر لە خوێندنی باڵا پێشكەشكرد، باسی لەكردنەوەی سێنتەرەكانی جێندەرو كارەكانیان كرد لە بواری خوێندنی باڵادا کرد، پاشان د. چۆمان هەردی باسی لە پڕۆگرام و خوێندنی بابەتی جێندەرناسی كرد كە زانكۆكان كە وەك پڕۆگرامێكی خوێندن لە زانكۆكاندا بناسێنرێت و توێژینەوەی لەسەر بكرێت تا بابەتەكە زیاتر ئاشنا بكرێت بە خوێندكارانی زانكۆو سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگاكەمان.
دواتر پانێڵی دوەمی كۆنفرانسەكە بەڕێوەچو، كە گفتوگۆكردن بو لەسەر ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم سێنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكاندا، كە لەلایەن بەرپرسانی سەنتەرەكانی جێندەر لە زانكۆكانی سەڵاحەدین و سلێمانی و هەولێری پزیشكی و چەرمو پێشكەشكران، پاشان لە پانێڵی سێیەمدا دیدگاو پلانی كاری سێنتەرەكانی یەكسانی جێندەری لە داهاتودا باسكرا، لەگەڵ ئەوەشدا لە گفتوگۆیەكی كراوەدا ڕاو سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانی ئامادەبوان لەسەر بابەتەكان وەرگیرا، بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی بابەتەكەو سود لێوەرگرتنیان بۆ بەهێزكردنی ڕاسپاردەكانی كۆتایی كۆنفراس.