لە ئاڵمانیا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند دامەزراوەیەکى ئەکادیمى و زانستى بەسەرکردەوە

image3.JPG

 لە میانەى سەردانەکەیدا بۆ ئاڵمانیا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە پرۆفیسۆر د. پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و، د. ئامانج عبداللە سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا هاوڕێیەتى دەکەن، چەند دامەزراوەیەکىى ئەکادیمى و زانستى بەسەردەکاتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا و، د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە شاری (بۆن) لە وڵاتی ئەڵمانیا لە بارەگای سەرەکی دامەزراوەی (Rectors’ Conference)ی ئەڵمانی بەگەرمى لەلایەن (د. جێنز پیتەر گاوڵ) سکرتێری گشتی دامەزراوەکە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا، د. یوسف گۆران تیشکی خستە سەر هێڵە گشتییەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بوارەکانی گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی توانای مامۆستایان و، گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دوەم و، زمانی گەیشتن بە سەرچاوە نوێیەکانی زانیاری، هەروەک ڕونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی پرۆسەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانى کوردستان و، کاریگەرییەکانی لەسەر ڕەوتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان پپێشکەش بە ئامادەبوان کرد، د.یوسف گۆران ئەو هەنگاوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕو، کە تایبەتن بە بەستنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان بە ناوەڕۆک و، بابەتەکانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان و گرنگیدان بە گەشەپێدانی خوێندنی ڤۆکەیشنەڵ (پیشەیی).

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی تیشکى خستەسەر ڕیفۆرم و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی سیستمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش وتى: ئەمساڵ بەشێک لە پرۆسەی وەرگرتن لە ڕێگەی سیستمی وەرگرتنی زانکۆیی دەبێت، کە خوێندکاران دەتوانن داواکاری ڕاستەوخۆ بۆ ئەو بەشانە پێشکەش بکەن، کە لەگەڵ ویست و ئارەزو تواناکانیاندا دەگونجێت، لەوەشدا زانکۆکان دەتوانن لە پرۆسەی وەرگرتندا ڕۆڵی کارایان هەبێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د. یوسف گۆران ئاماژەی بەو ڕاستییە کرد کە هەرێمی کوردستان نمونەیەکی گەشی ئارامی و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتیشى کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی کراوەیەو باوەڕی تەواوى بە بنەماکانی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان هەیە، هەروەک ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستانى بۆ ئامادەبوان خستەڕو و وتى: ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (پێنج ملیۆن) کەسە، بەڵام لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی نێو ئێراق و سوریا لە ئێستادا زیاتر لە (دوو ملیۆن) ئاوارە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، هەرێمی کوردستانیش بە سەرکەوتویی توانیویەتی ژیانی شایستە بۆ ئاوارەکانی ئێراق و سوریا دەستەبەر بکات و، لە هەمان کاتیشدا ئارامی و ئاسایش بە سەقامگیری بهێڵێتەوە،

هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بە کۆنفرانسی هاوبەشی نێوان وەزارەتەکەى و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانى حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و، تایبەتە بە گفتوگۆی زانستیی دەربارەی پەرەپێدانی بیری میانڕەوی و تۆلەرانس و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازی، هەر بەو بۆنەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا داوەتنامەی فەرمی پێشکەش بە سکرتێر و تیمی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی (Rector’ Conference) کرد بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە، داواشی کرد کە لە ڕێگەی سکرتاریەتی ئەم دامەزراوەیەوە ژمارەیەک لە توێژەری دیاری زانکۆکانی ئەڵمانیا لەم بوارە بانگهێشت بکرێن بۆ بەشداری لە کۆنفرانسەکە.

لە کۆتاییدا قسەکانیدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەمیشە دەرفەتی کار و توێژینەوەی  هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی ئەڵمانیا لەبارە، بۆیە پێشنیازی کرد بۆردێکی هاوبەش پیک بهێنرێت بۆ  گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی کاری زانستیی هاوبەش.

لەبەرامبەردا (د. جێنز پیتەر گاوڵ)، زۆر سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و، هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵای بەرز نرخاند، هەروەک هەموو ئامادەییەکی نیشاندا بۆ  هاوکاری و ڕێکخستنی پڕۆژە و کاری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەر لە میانەى قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کارە سەرەکییەکانی دامەزراوەی (Rector’ Conference) و لەو بارەیەوە وتى: ئەم دامەزراوەیە بریتییە لە چەتری کۆکردنەوەی هەموو زانکۆکانی ئەڵمانیا کە تیایدا (٢٦٨) زانکۆ و، دامەزرەوەی خوێندنی باڵا ئەندامن، کارە سەرەکییەکانی بریتیە لە دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە بوارەکانی توێژینەوە و خوێندن و فێرکردن و پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان و ئاڵوگۆڕی زانست و تەکنۆلۆجی و بەڕێوەبردن و پەیوەندی دامەزراوەیی.

دامەزراوەی (Rector’ Conference) کار دەکات بۆ دروستکردنی دیدگا و سیاسەتی هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی ئەڵمانیا و، زانیاری پێویست بۆ هەمو زانکۆکان دەستەبەر دەکات و، ڕاوێژی پێویست لە بارەی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا پیشکەش بە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات، لەهەمان کاتدا هەوڵ بۆ پیشخستن و پەرەپێدانی کواڵیتی لە زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکەی خوێندنی باڵا دەدات.

لە کۆتایى وتەکانیدا (د. جێنز پیتەر گاوڵ) پشتگیری تەواوى بۆ سەرنج و پێشنیازەکانی وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانی دوپات کردەوە، هەروەک تەئکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە لە ڕێگەی بۆردی هاوبەشی هەردوو لا کار بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە لە کۆبونەوەی داهاتویاندا، کە بە ئامادەبونی هەمو زانکۆکانی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێ، باس لە هەمو میکانیزمەکانی هەماهەنگی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و، زانکۆکانی ئەڵمانیا بکەن، وتیشى لەگەڵ هاوکارانمان بە زووترین کات دەست بەدامەزراندنى کۆمیتە هاوبەشەکانی هەردولا دەکەین بۆ ئەوەى دەست بەکارەکانیان بکەن.

لە کۆتاییدا (د. جێنز پیتەر گاوڵ) بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتنامەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى پەسند کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی تایبەت بە (پەرەپێدانی بیری میانڕەوی و تۆلەرانس و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازی)، وتیشى هەر بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ زانکۆکانی ئەڵمانیا هەماهەنگیی دەکەن بۆ ئەوەی توێژەران و پسپۆڕانی بوارەکە بە بابەت و توێژینەوەی جیا بەشداری لە کۆنفرانسەکە بکەن.