وەزیرى خوێندن باڵا بۆ مەڵبەندى کوردۆلۆجى

" ئەم مەڵبەندە، مەڵبەندى کۆکردنەوەى مێشکەکان و داهێنانەکان دەبێت"؛ لەسەردانێکى بۆ مەڵبەندى کوردۆلجى لە سلێمانى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین رایگەیاند، داڕشتنى هەیکەلیەتى  مەڵبەندى کورۆدۆلۆجى لە هەناوى  زانکۆى سلێمانى، دابڕان نییە،بەڵکو بەردەوامبونى کاروانى زانستییە، گوتیشى " دەبێت ببێتە شوێنى هاموشۆى زانایانى بوارە جیاجیاکان و ببێتە شوێنێک بۆ پێشکەشکردنى نەخشە ڕیگا بۆ گشت ئەو بوارانەى ، کە پێویستى پێیەتى".

رۆژى 10/2 کاتژمێر 10ى بەیانى ،لە هۆڵى مەڵبەندى کوردۆلۆجى لە سلێمانى بە ئامادەبوونى دکتۆر عەلى سەعید سەرۆکى زانکۆى سلێمانى و ستافى مەڵبەندى نابراو و دەیان مامۆستاى زانکۆى سلێمانى و ڕاگەیاندنەکان، کۆبوونەوەیەک لەبارەى ئایندەى کوردلۆژى ئەنجامدرا.

سەرەتا وەزیرى خوێندنى باڵا مەبەستى سەردانەکەى روونکردەوە، کە تایبەتە بە دارشتنى هەیکەلى مەڵبەندى کوردۆلۆژى لە ناو زانکۆى سلێمانى. لەبارەى هەیکەلى تازەى  مەڵبەندى ناوبراو گوتى " لە بۆردێک یان زیاتر (بەپێى پێویستى فاکڵتییەکان) دواتریش بۆ سەر چەندین گروپى بوارەکانى زانستى و وێژەیى پێک دێت، هەر گروپێکیش لە چەندین حەڵقەى تر دابەشدەبێت.

وەزیرى خوێندنى باڵا بەر لەوەى هەیکەلیەتى مەڵبەندەکە بۆ ئامادەبووان بە داتاشۆ بخاتە ڕوو، پریس کۆنفراسێکى کرد. لەوەڵامى پرسیارى ڕاگەیاندنەکان گوتى" لە کۆبونەوەیەکى دوێنێ لەگەڵ وەزیرى پەروەردەو وەزیرى دارایى ڕێککەوتون لەسەر ئەوەى، پڕۆژەیەک بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزبکەینەوە، بۆ ئەوەى نرخى وانەوتنەوە زیاد بکرێت.

بۆ بەرنامەى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکانى هەرێم، وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى "هەموو ئەوانەى ،کە کردومانە ئامانجمان بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى بووە، لە مانگى 9 ى ئەمساڵیش دەزگایەکى گەورەى ئەمریکى بە پێى ڕیکەوتنێک دێت، چاودێرى ئاستى زانستى زانکۆکانمان دەکات، بۆیە دەمانەوێت لە ماوەى 10 ساڵدا، نازى زانکۆکانى هەرێم بچێتە ڕیزبەندى زانکۆ ئاست بەرزەکانى جیهان، ئەمەش خەیاڵ پڵاوى نییە، حەقیقەتە و کارى بۆ دەکەین، ئەگەر سەیریش بکەین دەبینین، کە ئاستى کوالیتى زانکۆکانمان ساڵ بەساڵ بەرزتر دەبێت و بەهۆى ئەو سەڵاحیەتە زۆرەى بە زانکۆکانمان داوە، دەستتێوەردانى حزبى زۆرکەمتر بۆتەوە".

پاشان پرۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، لە ڕێگەى داتاشۆوە ، هەیکەلى تازەى مەڵبەندە کوردۆلۆجى بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو، گەشبینى خۆشى پیشاندا  بەوەى،کە دەکرێ ئەم مەڵبەندە ببێتە یەکێک لە چاوگەکانى  داڕشتنى ستراتیجیەتى ئیدارەى وڵات و بەشێوەیەکى زانستى بەشدارییەکى بەرچاو هەبێت لە بەرەو پێشبردنى گشت بوارەکان. گوتیشى " ئەم هەیکەلیەتە بەشێوەیەک دەبێت، کە دوور بێت لە ئیدارەیەکى بیرۆکراتییانە و تەنسیقێکى باش لە نێوان حەلقەو و گروپ و بۆرد دروست دەبێت".

دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا گوێى لە تێبینى و ڕەخنەو پێشنیازەکانى ئامادەبووان گرت وەڵامى دانەوە، گوتیشى " بەشێکى زۆرى بۆچونەکانتان بریتین لە پێشنیاز، ئەمەش ئێمە خۆشحاڵدەکات، چونکە لەگەڵ بەشێکى زۆرى قسەکاننتان هاوڕاین و ئەوانى تریش دەکرێت، ببێتە پڕۆژەو گفتوگۆى لەسەر بکەین".

پاشان وەزیرى خوێندنى باڵا سەردانى زانکۆى سلێمانى کرد و لەلایەن کارگێڕانى زانکۆ پێشوازى لێکرا. لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران گفتوگۆى کرد. هەر لەو سەردانەدا، دواى بەسەر کردنەوەى تاقیگەکان و بەشەکانى کۆلیژى ئەندازیارى، لە هۆڵى کۆلیژى نابراو، بە ئامادەبوونى دکتۆر عەلى سەعید سەرۆکى زانکۆى سلێمانى و دکتۆر ئامانج  عەبدوڵا ڕاوێژکارى سەرۆکى حکومەت بۆ خوێندنى باڵا و سەرپەرشتیارى پڕۆسەى تواناسازى، کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ پاڵێوراوانى خولى یەکەمى تواناسازى ئەنجامدا.

لەم کۆبوونەوەیە پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، گوتى " ئەم کۆبوونەوەمان بەجێگەیاندنى ئەو بەڵینەیە، کە بە ئێوەمان ڕاگەیاندبوو، دێین لەسلێمانى دادەنیشین بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاگادارى کێشەو گرفتەکانى چوونەوە دەرەوەتان ببین و چارەسەرییەکانیش بخەینە روو".

لە بارەى  ئەو قوتابیانەى ، کە کێشەى وڵاتى میسریان هەیە و هەندێکیان دەیانەوێت بۆ زانکۆکانى لوبنان بیگۆڕن، وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى " ناکرێت لەسەر حسابى کواڵیتى زانستى ، زانکۆ بگۆڕدرێت، بۆیە سەبرتان هەبێت و ڕەوشى میسر بەرەو ئارام بوونەوە دەچێت، هەر لەوێ بمێننەوە".

لەبارەى ئەوانەى کێشەى بەغدایان هەیە، بە هەمانشێوەى کۆبوونەوەکەى هەولێر، وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى " ئێمە چارەسەرى دەکەین و هەرکەسێک ئەگەر بەهۆى ئێمەوە یا وەزارەتى خوێندنى باڵاى بەغداوە غەدرى لێکرابێت، ئێمە قەربووى دەکەینەوەو ناهێڵین هەقتان بخورێت".