لێژنەى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى پەرلەمان سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکەن

پەڕلەمان + لێژنە + ئەوقاف + خوێندنی باڵا + كۆبونەوە

لە کۆبونەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ لێژنەى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى لە پەرلەمانى کوردستان، جەخت لە هەماهەنگى زیاترى کارە هاوبەشەکانى نێوان هەردولا کرایەوە بەتایبەت لە کۆلێژ و بەشەکانى زانستە ئیسلامیەکان لە زانکۆکانى کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (٢٢/٩/٢٠٢٠) د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى لە پەرلەمانى کوردستان.

لەو دیدارەدا کە ڕاوێژکارى وەزارەت و یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان ئامادەیبون، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى وەفدەکەى پەرلەمانى کوردستانى کردو سڵاو و ڕێزى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێ ڕاگەیاندن و دوپاتیکردەوە وەزارەتەکەمان هەماهەنگ و هاوکارى تەواوى لێژنەکانى پەرلەمانى کوردستانە، سەبارەت بە لێژنەى ئەوقاف و کاروبارى ئاینیش د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق دوپاتیکردەوە بە پێیەى لێژنەکەتان یەکێکە لە لێژنە گرنگەکان لە پەرلەمانى کوردستان، بۆ کارە هاوبەشەکانى پەیوەست بە کۆلێژ و بەشەکانى زانستە ئیسلامییەکان هاوکارو هەماهەنگى زیاترتان دەبین.

لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى پەرلەمانى کوردستان وێڕاى دەستخۆشییان بۆ کارو ئەرکە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە کێشەو گرفت و داواکارى خوازیارانى خوێندنى زانستە ئیسلامییەکان خستە بەردەم وەزارەت.