"بەردی بناغەی کۆلێژ هەنگاوێکە بەرەو زانکۆ"

لەسەردانێکى بۆ قەزاى چەمچەماڵ وەزیرى خوێندنى باڵا :

" دانانى بەردى بناغەى کۆلیژى پەروەردە، هەنگاوێکى ترە بۆ دامەزراندنى زانکۆیەک لەم دەڤەرە".

لەسەردانێکى یەک ڕۆژیدا بۆ قەزاى چەمچەماڵ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین بە یاوەرى ستافێکى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆ سلێمانى و سەرۆکى دەستەى پەیمانگاکانى سلێمانى، تەواوى دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زانستى لەم شارە بەسەر کردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ ڕاگرى کۆلیژەکان  و پەیمانگا و سەرۆکى بەشەکان و مامۆستا و خوێندکاران کۆبۆوە و لە بارەى کێشە و گرفتە هەمەلایەنەکان گفتوگۆیەکى چڕوپڕ کرا.

دەستپێکى سەردانەکە

سەرلەبەیانى 13/1/2011 وەزیرى خوێندنى باڵا و ستافێکى وەزارەت، گەیشتنە چەمچەماڵ و بە یاوەرى سەرۆکى زانکۆى سلێمانى د.عەلى سەعید و سەرۆکى دەستەى تەکنیکى سلێمانى مامۆستا ڕۆستەم عزەت، سەرەتا لە لایەن سەرۆکى یەکەى ئیدارى و کارگێڕانى حکومى و کارگێڕانى دەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و نوێنەرانى حزب و ڕێکخراوەکان نوسەر و ڕۆشنبیرانى شار پیَِشوازییان لێکرا.قائیمقامى چەمچەماڵ عەلى ڕەئوف، لە وتەیەکیدا بەناوى خەڵکى شار بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵاى کرد و خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بۆ بەسەرکردنەوەکە و ئومێدى خواست، کە ببێتە هۆى کەمکردنەوەى گرفتەکان و دابینکردنى پێداویستییەکان.

دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە وتەیەکیدا، پەیامى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بە ئامادەبوان گەیاند و  جەختى کردەوە کە خەڵکى ئەم دەڤەرە   بەهۆى قوربانیدانى زۆریان لە مێژووى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردیدا،  لە هەموو ڕویەکەوە پێویستیان بە یارمەتى زیاتر هەیە، سەبارەت بە لایەنى زانستیش دکتۆر دلاوەر گوتى " ئەمڕۆ  خۆمان تەرخان دەکەین بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاگادارى هەموو کێشەو گرفتەکان ببین،  ئەوەندەى بکرێت هەوڵدەدەیین بەدواداچوون و چارەسەرى پێویستى بۆ بدۆزینەوە".

د.دلاوەر روونیکردەوە، کە بەڕێوەبردنى دەزگاکانى خوێندنى کارێکى قورسە و پێویستى بە هاوکارى هەموو دەزگاکانى ترى حکومەتە، بە تایبەتى قایمقامیەت و شارەوانى و کارەبا".

سەردانى کۆلیژى زانستە ڕامیارى و کۆمەڵایەتییەکان

کاتژمێر 10 بەیانى وەزیرى خوێندنى باڵا و ستافى یاوەرى، سەردانى کۆلیژى زانستە ڕڕمیارى و کۆمەڵایەتییەکانى کرد و لە لایەن ڕاگرى کۆلیج و سەرۆک بەشەکان پیشوازیان لێکرا، سەرەتا د.ئارام ڕاگرى کۆلیژ، دواى بەخێرهاتن ئاماژەى بەوە کرد ، کە کۆلیژەکەیان یەکەم کۆلیژ بووە و  بە ماندوبوونێکى زۆرى هەموو لایەکەوە گەیشتۆتە ئەم ئاستە و حکومەتى هەرێمیش پشکى شێرى بەردەکەوێت لەم ماندوو بون و خزمەتکردنە، هەروەک گوتیشى "  دەکرێ حکومەتى هەرێم بە کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەت لە چەمچەماڵ، تاجى خزمەتکردن بخاتە سەر خۆى".

سەبارەت بە کەموڕییەکان، ڕاگرى کۆلیژ ئاماژەى پێکرد، کە بینایەى کۆلیج، سەر بەوەزارەتى خوێندنى باڵا نییە، و لە بنەڕەتدا سەنتەرى گەنجانە، بە شێوەیەکى کاتى لە ئیدارەى گەرمیان وەرگیراوە، ئەمە جگە لە کۆمەڵێک کێشەى ترى تایبەت بە شوێنى نیشتە جێبوون.

دانانى بەردى بناغەى کۆلیژى پەروەردە

(بڕینى هەزاران میل، لە هەنگاوى یەکەمەوە دەستپێدەکات )

وەزیرى خوێندنى باڵا  بەشدارى لە دانانى بەردى بناغەى کۆلیجی پەروەردە کرد، کە تیایدا مامۆستایانى زانکۆ و پەیمانگاکان و خەڵکى شار و نوێنەرى حزب و ڕیکخراوەکان ئامادەى ببوون. سەرەتا سەرۆکى یەکەى ئیدارى باسى لەوە کرد، کە شارۆچکەى چەمچەماڵ جگە لەمەرکەزى قەزا، کە 200000 کەس دەبێت ، هەروەها 8 شارەدێ لە خۆ دەگرێت وتیشى " بەکردنەوەى زانکۆیەک، ئەرکێکى قورس لەسەر زانکۆکانى ترى کوردستان، بەتایبەتى زانکۆى سلێمانى سووک دەکەین"،  ئاماژەى بەوەشکرد، کە ئەوان هەوڵیانداوە رووبەرى 400 دۆنم زەوى بۆ دانانى زانکۆیەک دابین بکەن .

لەبارەى تێچوى کولیجى پەروەردەوە، سەرۆکى یەکەى ئیدارى گوتى " 2 ملیۆن و 472000 هەزار دۆلار، کە دەکاتە نزیکەى 4 ملیار دینارى عێراقى بۆ ئەم پڕۆژەیە لە لایەن حکومەتى هەرێمەوە تەرخانکراوە".

دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا لە وتەیەکى لەبەردەم ئامادەبوان، جارێکى دیکە جەختیکردەوە، کە دانانى بەردى بناغەى کۆلیجى پەروەردە، دەبێتە ناوکێک بۆ دانانى زانکۆیەک، دوپاتیشیکردەوە کە لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى خزمەتکردنى لایەنى زانستى ئەم شارە کردووە. هەروەک گوتیشى "پەیامى سەرۆکى حکومەتم پێیە، کە دڵنیاتان دەکاتەوە و بەئەرکى سەرشانى حکومەتى دەزانێت، ئەوەى لە تواناى دابێت پشتگیرتان بکات".

دواتر  د.دلاوەر  لە وەڵامى پڕسیارى ڕاگەیاندنەکان  گوتى " کردنەوەى زانکۆیەک، پێویستى بە نەوات هەیە، هەروەها نەخشە ڕێگا پێویستە دابنرێت، چونکە ئێمە گرنگى بە لایەنى کواڵیتى زانستى دەدەین و ئەمەش زەمینە خۆشکردنى دەوێت ، ئەمە جگە لەوەى دابینکردنى باڵە خانە و کادیرى زانستى ، دەبێ ئامادەسازى بۆ بکرێت، ئینجا دەتوانین بڕیار بدەین". وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بەوەش کرد، کە بڕینى هەزاران میل، لە هەنگاوى یەکەمەوە دەستپێدەکات و ئومێدى خواست لە داهاتووێکى نزیکدا زانکۆى چەمچەماڵ بێتەدى.

دواى دانانى بەردى بناغەى کۆلیجى پەروەردە، وەزیرى خوێندنى باڵا  ستافى یاوەرى لەگەڵ سەرۆکى بەش و مامۆستایان کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا و پێی ڕاگەیاندن، ئامانج لەم کۆبوونەوەیە ئەوەیە، کە لە نزیکەوە و لە دەمى خۆتان گوێم لە کێشە و گرفتەکانتان بێت وتیشى "بەپێى ئەو ستراتیژەى بۆ خوێندنى باڵا دامانناوە، گرنگترین شت لاى ئێمە دروستکردنى ژمارەیەکى زۆرى کادیرى زانستییە بە ئاستێکى بەرزى". دواى گوێ گرتن لە گرفتى مامۆستاکان د.دلاوەر گوتى " لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە لەم چەند کۆلیجى ئێستا هەیە، هێشتاکە کەمى مامۆستا و نەبونى باڵەخانە، گرفتى گەورەن، بۆیە لە حاڵەتى ڕاگەیاندنى زانکۆیەک، کێشەکان گەورەتر دەبن. هەوەک گوتیشى " بڕیارێک لە ئەنجومەنى وەزارەت دراوە، کە هەرچى دەرچووى ماستەر هەیە، بە هیچ شێوەیەک نابێ لە ناو شارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک دابمەزرێن، بەڵکو دەبێ بچنە زانکۆ و کۆلیژى قەزاکان، ئەم سیاسەتە فاکتەرێکى باشە، بۆ چارەسەرى گرفتى کەمى مامۆستا".

دواتر سەردانى بەشە ناوخۆى خوێندکارانى کرد و لە نزیکەوە گوێى لە سکاڵاى خوێندکاران گرت سەبارەت بە خراپى باڵەخانەکەیان و گوتى " ئێمە وەکو وەزارەت راستەوخۆ هیچتان بۆ ناکەین، چونکە کێشەکانتان پەیوەندى بە سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانییەوە هەیە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە، لەگەڵ زانکۆى سلێمانى هەر ئەمڕۆ دەیخەینە بوارى گفتوگۆ و چارەسەرکردنەوە".

سەردانى پەیمانگاى تەکنیکى چەمچەماڵ

دواى نێوەڕۆ، وەزیرى خوێندنى باڵا و ستافى یاوەرى، سەردانى پەیمانگاى تەکنیکى چەمچەماڵى کرد و لەگەڵ مامۆستایانى پەیمانگا کۆبوە و لەبارەى کۆمەڵێک کێشە، کە بەشێکیان تایبەت بوو ، بە چەمچەماڵ وەک " چونى مامۆستایان بۆ سلێمانى بۆ ئەزمونى تۆفل، کە ڕێگەیەکى دوورە و کاریگەرى لەسەر ڕەوتى خوێندنى پەیمانگا دەکات". وەزیرى خوێندنى باڵا ، وەڵامى یەکە بەیەکەى ئامەدەبوانى دایەو هەندێکى بۆ شیکردنەوە و لە هەندێک لە گرفتەکانیش،بەڵێنى جێبەجێکردنیدا.

دواى ئەم سەردانانە، کۆبونەوەکان لەگەڵ کارگێڕانى کۆلیج و پەیمانگاکان دەستى پێکرد، کاتژمێر  3:30کۆبوونەوەى یەکەم بە ئامادەبوونى سەرۆکى دەستەى پەیمانگاکان ئەنجامدرا. کە تیایدا  جگە لەو پێداویستییانەى کاتێکى درێژخایەنییان دەوێت، تەرکیز لەسەر کێشە هەنوکەییەکان کرا .

کاتژمێر 4:30 کۆبوونەوەى دووەم بە ئامادەبوونى سەرۆکى زانکۆى سلێمانى دەستى پێکرد و تا کاتژمێرى 6 ى ئێوارى خایان، لەم کۆبونەوەیەش، گفتۆگۆیەکى چڕوپڕ لەبارەى پێداویستییەکانى کۆلیجەکان کرا.