لەڕۆژى جیهانى نەخۆشى شەکرە، ڕێنمایى پێویستى تەندروستى پێشکەش بە فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرا

نه‌خۆشی شه‌كره‌

لەپێناو پاراستنى تەندروستى فەرمانبەران و، دانانى ڕێگەى چارەى گونجاو بۆ  چارەسەرکردنى توشبوان بەنەخۆشیەکەو بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى نەخۆشى شەکرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى 14/11/2019  لەهۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە بەشدارى د.محەمەد حسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاى جۆرى و بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانى گشتى و یاریدەدەرانى بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانى وەزارەت، بەرێوەبەرایەتى تەندروستى سەلامەتى، بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى پەرەپێدانى پیشەیى بەردەوام و سەنتەرى ڕاوێژکارى لەیلا قاسم بۆ نەخۆشى شەکرە و بنکەى تەندروستى زانکۆ، سیمینارێک بۆ هۆشیار کردنەوەى فەرمانبەرانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامدرا، هاوکات پشکنینى نەخۆشیەکەش بۆ ئامادەبووان بەخۆڕایى ئەنجامدرا.

لەمیانى پێشکەش کردنى وتەیەکیشدا د.محەمەد حسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاى جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەناوى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەخێرهاتنى ئامادەبوانى کرد و دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى سیمینارەکە کرد و ڕایگەیاند: دیدگاو بۆچونى وەزارەت لەبارەى هۆشیار کردنەوەى فەرمانبەران لەدیوانى وەزارەت و تەواوى زانکۆکان ڕونە بۆ ئەوەى هەوڵى ئاشناکردنى نەخۆشیەکان بدرێت و ڕێنمایى پێویستیان لەبارەوە پێشکەش بکرێت، لەو چوارچێوەیەدا داواى لەبنکەى تەندروستى زانکۆ کرد کە هەماهەنگ بن بۆ ئەو کارەو ئامادەیى تەواوى وەزارەتیش بۆ بنکەى تەندروستى زانکۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دوپاتکردەوە، هاوکات وتیشى لەژێر ڕۆشنایى ئەو بیرکردنەوەیەماندا دەمانەوێت تەواوى فەرمانبەرانى وەزارەتەکەمان دۆسیەى تەندروستیان هەبێت و پشکنینى پێویستى ساڵانەیان بۆ ئەنجام بدرێت، هەر لە وتەکانیدا د.محەمەد حسێن تیشکى خستەسەر نەخۆشى شەکرە و ئاماژەى بە مەترسیەکانى ئەو نەخۆشیە کرد.

پاشان د.شوان عەلى عومەر لەبنکەى تەندروستى زانکۆ سیمینارێکى لەبارەى ڕۆژى جیهانى هۆشیارى نەخۆشى شەکرە پێشکەش کرد، لەسیمینارەکەدا لەپاڵ دەستنیشان کردنى هۆکارەکانى تووش بوون بە نەخۆشى شەکرە ئاماژەى بەگرنگى خۆپاراستن لەو نەخۆشیە کرد، هاوکات ڕێنمایى پێویستى پێشکەشى ئەو کەسانەش کرد کە دووچارى ئەو نەخۆشیە هاتوون لەپێناو وەرگرتنى چارەسەرى پێویست.

لەبەشێکى دیکەى سیمینارەکەدا لەلایەن تاقیگەى بایۆ، جگە لە ئەنجامدانى پشکنینى نەخۆشى شەکرە بۆ فەرمانبەران، ڕێنمایی تەندروستى پێویستیان پێشکەش بەفەرمانبەران کرد بۆ چۆنیەتى خۆپاراستن لە توشبون بەو نەخۆشیە، لەهەمان کاتدا ئەو فەرمانبەرانەشى لە ئەنجامى ئەو پشکنینە دەرکەوت نەخۆشى شەکرەیان هەیە، فۆرمى تایبەتیان پێشکەشکرا بۆ ئەوەى سەردانى سێنتەرەکە بکەن تا بەشێوەیەکى خۆڕایى و بەردەوام چارەسەریان بۆ بکرێت.

(١٤/١١)ى هەموو ساڵێک بە ڕۆژى جیهانى نەخۆشى شەکرە ناسراوە، دیاریکردنى ئەو ڕۆژەش لەلایەن یەکێتیى نێودەوڵەتى بۆ نەخۆشى شەکرەو ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵیادى لە دایکبونى (فردریک بانتین) لە ساڵى (١٩٢٢) ئەنسۆلینى چارسەرى نەخۆشى شەکرەى دۆزییەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکى زۆرى ئەوانەى کە دوچارى ئەو نەخۆشیە بون بەردەوامیان بەژیاندا.