وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاستەوخۆ کاروبارى هاوڵاتیان ڕایی دەکات

وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان

بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە کێشەو گرفتى هاوڵاتیان و ڕاییکردنى مامەڵەکانیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى کۆبونەوەکانى وەزارەت کاروبارى هاوڵاتیانى ڕاییکرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٧/٩/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، ڕاستەوخۆ لە هۆڵى کۆبونەوەکانى وەزارەت لەنزیکەوە لەگەڵ هاوڵاتیان گفتوگۆى کردو مامەڵەکانى ڕایکردن، لە وتەیەکیشدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: بەپێى یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان و بۆ بەرژەوەندى گشتى هەرچى لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتى خەڵکى کوردستان درێغى ناکەین.

لەلایەن خۆشیانەوە هاوڵاتیان و مامۆستاو خوێندکاران ئەم جۆرە پێشوازى و ڕاییکردنەى مامەڵەکانیان لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەنگاوێکى ئیجابى و دڵخۆشکەر وەسفکردو هیواى سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ سەرکەوتنى پرۆژە زانستییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خواست.