د.یوسف گۆران: پێویستە ژینگەى ژیان و کارکردنى ژنان بگۆڕدرێ

کۆبونەوە لەگەڵ سێنتەرى گەشەپێدانى جێندەرى

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ ئەوەى کێشەى ژنان و کچان لە کوردستان بنەبڕ بکرێ, بەر لە هەمو شتێک پێویستە ژینگەى ژیان و کارکردنى ژنان بگۆڕدرێ.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, ئەمڕۆ سێشەممە, ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠١٨) لە میانەى دیدارێکى لەگەڵ سێنتەرى گەشەپێدانى جیندەرى هات.

لەو دیدارەدا، کە )د.ئامانج سەعید( ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، )جەمال حسین( بەرێوەبەرى گشتى لاوان لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان ئامادەیبون, گفتوگۆ لەبارەى دۆخى ژنان و بزوتنەوەى ژنان لە کوردستان کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و, لەسەرەتاى دیدارەکەدا، )د.چۆمان هەردى( بەڕێوەبەرى سێنتەرى گەشەپێدانى جێندەرى دواى ئەوەى کورتەیەکى لە بارەى ڕێکخراوەکەیان خستەڕو، ئاماژەى بەپڕۆژەیەکى ڕێکخراوەکەیان کرد, کە تایبەتە بەیەکسانى جێندەرى و، ماوەى دو ساڵ دەخاێنێت و، دەخوازن لە زانکۆکانى کوردستانیش جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەش کورتەیەکى لەبارەى گرنگى و ناوەڕۆکى پڕۆژەکە و ئەو بوارانەى بەنیازن کارى لەسەر بکەن خستەڕو، وتیشى پڕۆژەکە تایبەتە بەو خوێندکارانەى لە قۆناخى بەکالۆریۆسدان، هەروەک پشتگیرى خۆیان بۆ بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا دوپاتکردەوە، کە تایبەت بون بە بوارەکانى یەکسانى جێندەرى، لەهەمان کاتدا داواشیکرد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هاوکار و هەماهەنگ بێ بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکەیان لە زانکۆکانى کوردستان.

لەبەرامبەردا, )د.یوسف گۆران( وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانیان، وتى بابەتى جێندەر و یەکسانى جێندەرى بابەتێکى قوڵ و فراوانە و چەندین لایەن و بوارى وەک پەروەردە، خوێندنى باڵا، ئەوقاف و کاروبارى ئاینى، ڕۆشنبیر، تەندروستى و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەگرێتەوە، بۆیە کارێکى گشتگیرە و هەماهەنگى هەمولایەنەکانى دەوێ، وتیشى ئەوەى پەیوەستە بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پشتگیرى تەواوى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەتان دەکەین، چونکە باوەڕى تەواومان بەکێشەکانى ژنان لە کوردستان هەیە، بۆیە ئەوەى بەئێمە بکرێ بۆ خزمەتکردن بەژنان و چارەسەرکردنى کێشەکانیان درێخى ناکەین.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کار و پڕۆژەیەکانى وەزارەتەکەى کرد لە بوارى جێندەرناسى, بۆ ئەوەش ڕاگەیاند: پێشەنگى ئەو وەزارەتانەى حکومەتى هەرێمى کوردستانین، لە جێبەجێکردنى ڕاسپاردەکانى کۆنفرانسى ژنان و جێندەرناسى، وتیشى ئێستا لە زانکۆکانى کوردستان سێنتەرى جێندەرناسى هەیە, لەهەمان کاتدا کار لەسەر ئامادەکردنى پرۆگرامى یەکسانى جێندەرى دەکەین بۆ ئەوەى لەسەرجەم بەشەکانى کوردستان ئەو بابەتە بخوێندرێ، ڕونیشکردەوە لە دانانى کەسەکان بۆ پۆستەکان ئەگەر ژن و پیاوێک خاڵەکانیان یەکسان بوبێت، ژنەکانمان لە پۆستەکان داناوە, وتیشى لە ڕاگەیاندنى گرانتەکانى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى گرانتێکى تایبەتەمان بۆ بوارى جێندەرناسى تەرخانکرد, بەڵام هیچ کەسێک پڕۆژەى پێشکەش نەکرد, وتیشى لەگەڵ ئەو کارانەى کردومانە هێشتا لە ئاستى چاوەڕوانى ئێمەدا نین و, ئەخوازین کارى زیاتر و زۆرتر لەو بوارەدا بکەین.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخى ژنان و ڕێکخراوەکانى ژنان و ئافرەتان کرا, هەروەک باسى لەو کاروپڕۆژانە کرا, کە تا ئیستا جێبەجێکراون, بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: بۆ ئەوەى کێشەى ژنان و کچان لە کوردستان بنەبڕ بکرێ, بەر لە هەمو شتێک پێویستە ژینگەى ژیان و کارکردنى ژنان بگۆڕدرێ، کە بەداخەوە تا ئێستا کار لەو بوارەدا نەکراوە.

هەر لەو دیدارەدا، کە )د.لین ڕۆز( جێگرى بەڕێوەبەرى سێنتەرى گەشەپێدانى جێندەرى و، )شکۆ شوان( بەرێوەبەرى پڕۆژەى (EU) و، )ئارێز تەها( ڕێکخەرى پڕۆژەى (EU) لە سێنتەرى گەشەپێدانى جێندەرى ئامادەیبون چەند باەتێکى پەیوەست بەو بوارە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و, چەند پێشنیازێکیش گەڵاڵە کران.