د. یوسف گۆران: پێویستە سەربەخۆیى زیاتر بۆ زانکۆکانمان بگەڕێنینەوە

dhok

د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دروستكردنى سەرکردەى ئەکادیمى بۆ زانکۆکان بە پێویست و کارێکى گرنگ و بەسود بۆ خزمەتى پرۆسەى خوێندن و پێشکەوتن لە هەرێمى کوردستان دەزانێت و، ڕايدەگەیەنێت پێویستە مامۆستا، سەرۆک بەش، ڕاگر، سەرۆک زانکۆ، سەربەخۆییان هەبێت بۆ ئەوەى ببنە سەرکردەى مەیدانى و ئەکادیمى پێشکەوتنى زانکۆکان، بۆ ئەمەش وتى: لەم بوارە ئێمە لەسەرەتاى ڕێگەکەین و، پێویستە لەو ڕێگەیەوە نەتەوەکەمان بە دونیاى ئەکادیمى بناسێنین.

ئەم وتانەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى سمینارێک کە هات، كە ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (٢٩/٥/٢٠١٨) لە زانکۆى ئەمریکى لە کوردستان پێشکەشى کردو تیایدا ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى ئەمریکى لە کوردستان و، مامۆستایان و خوێندکارانى زانکۆکە ئامادەیبوون.

لەسەرەتاى وتەکەیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەداتاو ئامار لەڕێگەى داتاشۆ باسى لە ئامانجى سەرەکى سمینارەکەى کرد کە بریتیە لە قسەکردن لەسەر بارودۆخى خوێندنى باڵا بەگشتى لە هەرێمى کوردستان و هەنگاو و کارەکان بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشەکان و ڕوبەڕوبونەوەى بەرەنگارییەکان و دەستنیشانکردنى پلان و میکانزمى گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى دامەزراوە ئەکادییمیەکانى کوردستان، بەتایبەت پەرەپێدانى بوارى کوالێتى.

مێژوو و ژمارەو قەبارەى زانکۆکان

هەر لەسمنیارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسێکى لەبارەى مێژووى زانکۆکانى کوردستان کرد، کە لەسەرەتادا تەنها لە هەرێمى کوردستان سێ زانکۆ هەبون، دواتر هەنگاو بەهەنگاو ژمارەى زانکۆکان بەپێى پێداویستى زیادبون، لەبارەى ژمارەى مامۆستایان و خوێندکاران وتى: لەسەرەتادا ئێمە لە کوردستان تەنها (٤٠٠) مامۆستامان هەبو، بەڵام لە ئێستادا نزیکەى (١١) هەزار مامۆستامان لە دامەزراوە ئەکادییمیەکان هەیە، هەروەك ژمارەى زانکۆکانيشمان بونەتە (١٥) زانکۆى حکومى، لەپاڵیشیدا (١٥) زانکۆى  تايبەت لەهەرێمى کوردستان هەیە، وتيشى لەئێستادا لە هەرێمى کوردستان سێ زانکۆى ئينتەرناشناڵمان هەیە، كە ئەوانیش بریتین لە زانکۆى ئەمریکى لە کوردستان، زانكۆى ئەمریکى  سلێمانى، زانکۆى چیکى لە هەولێر (ئۆستراڤا)، كە ئەمساڵ ئەم دوایەمینیان ئەمساڵ دەچێتە ناو سیستمى باڵاى خوێندنى کوردستان و دەست بەکارە ئەکادیمیەکانى دەکات.

لەبارەى دابەشبوونى خوێندکاران بەسەر زانکۆ حکومى و تایبەتەکان، د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: ڕێژەى (٢٤%)ى خوێندکارەکامان لە زانکۆ تایبەتەکانن و، ڕێژەى (٧٦%)ى خوێندکارانمان لە زانکۆ حکومییەکاندان.

 بۆ بابەتى بەشدارى کچان و ژنان لە ناوەند و دامەزراوە ئەکادیمیەکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان و ڕاگرتنى باڵانسى جێندەرى وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: ئەوەى مایەى خۆشحاڵى و ئاماژە بۆکردنە ڕێژەى (٥٢%)ى خوێندکاران و قوتابیانمان لە زانکۆکان لە ڕەگەزى مێن و، لەبەرامبەریشدا ڕێژەى (٤٨%)ى خوێندکاران و قوتابیان لەڕەگەزى نێرن.

پەرەپێدانى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان

بۆ گرنگى و بایەخى خوێندنى پیشەیى و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بۆ ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى کۆمەڵگە، د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نەیشاردەوە کە زانکۆ پۆلیتەکنییەکان یەکێکن لەو دامەزراوە ئەکادیمیانەى، کە دەتوانن ڕۆڵى سەرەکیان لە دروستکردنى پیشە بۆ بازاڕى کارى کوردستان هەبێت، بۆ ئەوەش وتى: گرنگی و بايەخى زۆرمان پێداوە و بەردەوامین لە هەنگاوەکانمان بەئاراستەى بایەخى زیاتر، ئاشکراشیکرد ژمارەى خوێندکاران لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان ڕۆژ دواى ڕۆژ زیاد دەکات و، لەئێستاشدا ژمارەى خوێندکاران لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان گەیشتۆتە ڕێژەى (٢٤%)، کە ئەوەش مایەى بایەخدانى خوێندکاران و کۆمەڵگەیە بۆ پەرەپێدانى کار و بوارى پیشەیى لە هەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا نەشیشاردەوە کە ئەو ڕێژەیە هێشتا کەمە، چونکە کەمى بوارى پیشەیى لەبازارەکاندا هێشتا بەتەواوى هەستى پێدەکرێت، بۆ ئەوەش وتى: ستراتیژێکمان داناوە بۆ زیادکرن و فراوانکردنى بەشە پیشەییەکان و زیادکردنى ژمارەى خوێندکاران لەو  زانکۆیانە.

بەرەنگارییەکانى بەردەم خوێندنى باڵا چین ؟

لەبەشێکى ترى سمینارەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە بەرەنگارییەکانى بەردەم خوێندنى باڵا لە کوردستان کرد و وتى: چۆن وا بکەین دەرچوان و خوێندکارانمان لە زانکۆکان تەنها بۆ دامەزراوەکانى حکومەت نەبێت، بەڵکو بۆ سەرجەم بوارو سێکتەرەکان بێت، كە پێویستى کۆمەڵگەیە و، وابكەین نمونەیەک لە دەرچوان ئامادەبکەین، کە بەسترابێتەوە بە بازاڕى کارەوە، بۆیە پێویستە هەنگاو بنێین بۆ دروستكردنى سيستمێکى ستاندارد بۆ خوێندن، كە تائێستا وەک پێویست نەبوە، چونکە ئەو سیستمەى کە ئێستا لە ئێراق هەیە ناتوانین بڵێین سیستمێکى ستانداردە.

بەرنامەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

هەر لە میانەى سمینارەکەیدا، د.یوسف گۆران باسى لە کارنامەى وەزارەتەکەى کرد و ڕایگەیاند: لەسەرەتادا پڕۆژە و کارەکانى وەزارەت تەنها لەئاستێکى دیاریکراودا بون، بەڵام دواى ساڵى (٢٠١٠)وە پڕۆژەکان هەنگاوى تريان ناوەو بەشێک لە پڕۆژەکانى پێشوو گەشەيان پێدراو و، لە دواى ساڵى (٢٠١٤) شەوە کارمان لەسەر بەرنامەو هەنگاوى تازەو کردارى کرد.

ئەنجامدانى ریزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى سمینارەکەى تەرخانکرد بۆ قسەکردن لەسەر ڕیزبەندى نیشتمیانى و لەو بارەیەوە وتى: یەکێک لە هەنگاوەکانى وەزارەتەکەمان جێبەجێکردنى پرۆژەى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى كوردستان بو، کە دەمانویست بەها ئەکادیمییەکان بهێنینە خوێندنى باڵاى کوردستان، چونکە پێشتر ئەو بەهایانە زۆر باون نەبون لە زانکۆکان، وتیشى: ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی زانستییانەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پێوەر و ستانداردی زانستی و، بەکارهێنانی ئەو پێوەرانە بۆ ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان زانکۆکانی کوردستان، کە پرۆسەکە پشت بە (٧) پێوەرى سەرەکى و، (٤٧) پێوەرى لاوەکى دەبەستێت، لەنێو پێوەرەکانیشدا پشکى شێر بۆ بەرهەمى توێژینەوەى زانستى زانکۆکانە، ئاشکراشیکرد: جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆی هێنا، کەلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوە، پێوەر و ستاندارد و کەلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەکادیمیای کوردستان.

لە دەرەنجامى کارەکانیشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراى کرد، لەدواى پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى بەبەراوردکردنى ساڵانى ڕابردو بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بەڕێژەى (٣٣٥%) زیادى کردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى ناوخۆیى بەڕێژەى (١٤٣%) زیادیکردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى (١٠٠%) زیادى کردوە، هەروەها ئاستى گۆگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانى کوردستان لەنێوان ساڵانى بەڕێژەى (٤٠٠%) زیادى کردووە.

دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى

د. یوسف گۆران هەر لە سمینارەکەیدا زیاتر لەبارەى کاروپڕۆژەکانى وەزارەتەکەى دواو وتى: لەپێناو پشتیوانیکردنی زیاتری چالاکی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار لە مێژوی خوێندنی باڵا دامەزراندنی (ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستیمان )ڕاگەیاند، ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە دامەزراوەیەکی زانستی ستراتیجی نیشتیمانیی، کار دەکات بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیجی گشتی توێژینەوەی زانستی و هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بواری پسپۆڕی جیا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، وتیشى لە ڕێگەی ئەم ئەنجومەنەوە هەوڵ دەدەین بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانمان لە کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا کارایی زیاتریان هەبێت و، چارەسەرکردنی ئەو پرسە هەستیارانە بکەینە پرسیاری زانستی و بەتەواوەتی تێکەڵاوی ئەکادیمیا و توێژینەوەی زانستی بکەین، وتیشى لە مانگی سێی ئەمساڵیشدا یەکەمین گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستیمان ڕاگەیاند، کە بڕی (٢٥٠) ملیۆن دینار تەرخان کراوە و، لە پرۆسەیەکی زانستی شەفافدا دەدرێتە ئەو توێژینەوانەی کە لە ڕووی ستراتیجی و لە بواری جیادا چارەسەری پرسەکانی هەرێمەکەمان دەکەن، ئاشکراشیکرد، کە تا ئێستا (٨٠) پرۆپۆزەڵ پێشکەشکراون و، لە پرۆسەی هەڵسەنگاندان.

 

جێبەجێ کردنى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسێس

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە سمینارەکەیدا  بەگرنگیەوە باسى سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسیس) کرد و وتى: لەسەرەتاى دەستبەکاربونمان هەوڵماندا سود لە سیستمە پێشکەتوەکانى جیهان وەربگرین و، لە زانکۆکانى کوردستان جێبەجێیان بکەین، هەربۆیە هەر لەسەرەتاوە کارمانکرد بۆ ئەوەى سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسیس) لە هەندێ زانکۆ جێبەجێى بکەین هەرچەندە بەهۆى قەیرانى دارایى نەمانتوانى ئەم سیستمە لە تەواوى زانکۆکان جێبەجێ بکەین، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە ئێستا لە زانکۆى (چەرموو، زاخۆ) و، هەریەک لە زانکۆ تایبەتەکانى (گەشەپێدانى مرۆیى، ئیشق) ئەم سیستمە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەسکەوتى باشیش بەدەستهاتوە، ئەوەشى ڕاگەیاند: بەپێوەرەکانى سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسیس) ئەتوانین زۆڕیک لە کێشەکانى زانکۆکانى کوردستان چارەسەر بکەین و، باشتر تێکەڵى ناوەندە ئەکادیمیەکانى جیهان ببن و خوێندکارانیش بەئازادى لە نێوان زانکۆکان بخوێنن.

ئەنجامدانى گرێبەستێک بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى متمانە بەخشین

هەر لەبارەى کارەکانى وەزارەت و هەنگاوە کردارییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: وەزارەتەکەمان لە ئێستادا سەرقاڵی ڕێکخستنی گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوە نێودەولەتیەکان، بۆ دامەزراندنى دەزگایەکى نیشتیمانى تایبەت بە متمتانە بەخشین و سەرپەرشتیکردنى دەزگاکە، چونکە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانمان ئەوە بوە نەمانتوانیوە تا ئاستێکى باش پەرەى پێبدەین، بۆیە دەمانەوێت دەزگایەکى تایبەتمان بۆ متمانە بەخشین هەبێت، کە ئامانجى سەرەکیمان لەم کارە بەرزکردنەوەى ئاستى کوالێتى و زانستى زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیەکانمانە، هەروەک وتیشى لەگەڵ دەزگایەکى دیکەى وڵاتى فنلاند بەهەمان شێوە رێککەوتنمان لەگەڵ کردون بۆ ئەوەى بەرنامەو پڕۆگرامى ڕێگەکانى (وانەوتنەوە و ڕاهێنان بە مامۆستا)کانمان بخەینە بوارى جێبەجێکردنەوە، وتیشى ئامانج لەم ڕێککەوتنە پێداچونەوەیە بە پڕۆگرامەکان و دانانى پرۆگرامى تازەو ڕاهێنانى مامۆستاکانمانە بە نوێترین سیستم و ئەکادیمیاى جیهانى لەبوارى وانە وتنەوە.

 

پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: زمانى ئینگلیزی ڕۆڵێکى بەرچاوەى هەیە لەپرۆسەى بەرەوپێشبردنى سیستمى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانمان، هەربۆیە لە چەند ساڵى ڕابردودا لە وەزارەتەکەمان هەوڵێکى زۆرمان بۆ بەرەوپێشبردنى زمانى ئینگلزى داوە، چونکە ئەگەر بمانەوێ دەستەبەرى زانست بکەین، دەبێ دەستەبەرى زمانیش بکەین، چونکە (92%) توێژینەوە بەرهەمدارەکانى جیهان بەزمانى ئینگلیزى بڵاو دەکرێنەوە، لەبەرئەوە ناتوانین بەبێ دەستەبەرى زمانى زانست ناتوانین زانست پێش بخەین  بۆ ئەوەش زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دوەم لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەچەسپێنیێن.

 

هەرێمى کوردستان پێویستى جۆرى زانکۆکان

لەبەشێکى دیکەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا لەبارەى گرنگى زانکۆ بۆ کۆمەڵگە و ئەو پێداویستیانەى لە بازاڕى کارى کوردستاندا بۆ زانکۆکان هەیە ڕایگەیاند: پەیوەندیکردن بە زانکۆ نەبوەتە مەسەلەيەکى زانستى و، ببەسترێتەوە بە کۆمەڵگە و پێشکەوتنى ئابورى، نابێت چون بۆ زانکۆ تەنها بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامە بێت، بەڵکو دەبێت وابکەین چۆن خوێندکار  لە وەرگرتندا لە زانکۆ و پەیمانگە لە پسپۆریەتیەکى دياريكراو پێشکەوتن بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەوە جێبەجێ بکەین دەبێت پەرە بە تواناى زانکۆ و مامۆستاکانمان بدەین، هەروەک دەبێت زانکۆ ستاندار و پێوە جیهانیەکانى مەعریفەو فێربون و كوالێتى خوێندن تیایاندا ڕەنگ بداتەوە، لەبەرامبەریشدا حکومەت دەست لە ئیدارەدانى زانکۆکان بەربدات و، تەنها وەک چاودێر و مەسەلەیەکى نیشتیمانى و نەتەوەیى سەیرى زانکۆ بکرێت، بەڵکو ڕێگە بۆ زانکۆ خۆش بکرێت خۆیان خاوەن بڕیارى خۆیان بن و پێشبکەون و، لەگەڵ دونیاى دەرەوەو زانست و مەعریفەى سەردەمدا تێکەڵ بکرێن، بۆ ئەوەش پێویستمانە سەربەخۆى بۆ زانکۆکانمان بگەڕێنینەوە، وتیشى پێویستمان بەوەیە لەدەرەوەى حکومەت و وەزارەت دەزگاى نیشتیمانى و ئەکادیمیمان هەبێت بۆ ئەوەى بتوانێت پەرە بە پرۆسەکە بدات بەنمونەى دەزگاى تایبەت بە ڕیزبەندى و کوالێتى و .... بۆ ئەوەى زانکۆ کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگە هەبێت و، بە پێچەوانەوەش.

دروستکردنى سەرکردەى ئەکادیمى مەیدانى بۆ زانکۆکان

لە کۆتا قسەکانیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دروستكردنى سەرکردەى ئەکادیمى بۆ زانکۆکان بە پێویست و کارێکى گرنگ و بەسوود بۆ خزمەتى پرۆسەى خوێندن و پێشکەوتن لە هەرێمى کوردستان داناو، بۆ ئەوەش وتى پێویستە مامۆستا ، سەرۆک بەش، ڕاگر، سەرۆک زانکۆ، سەربەخۆییان هەبێت بۆ ئەوەى ببنە سەرکردەى مەیدانى و ئەکادیمى پێشکەوتنى زانکۆکان، وتیشى لەم بوارە ئێمە لەسەرەتاى ڕێگەکەین و پێویستە نەتەوەکەمان بە دونیاى ئەکادیمى بناسێنین.

هەر لە سمینارەکەدا هەریەک لە مامۆستا و خوێندکارانى بەشدار بەئاڕاستەکردنى پرسیار و سەرنج و تێبینى لەبارەى تەوەر و بابەتەکانى پێشکەشکراو خستەڕو، دواتریش لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەڵامى پێویستیان درایەوە.

هەر لەو سمینارەدا، د. نزار نوعمان جێگرى سەرۆکى زانکۆى ئەمریکى - کوردستان بۆ کاروبارى زانستى لە وتەیەکەدا دەستخۆشى لە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد بۆ پێشکەشکردنى وتەکەى و، تیشک خستنە سەر کار و پرۆژەکانى وەزارەت و پێدانى بەرچاوڕونى بە مامۆستا و خوێندکارانى زانکۆکەیان، کە دەبێـتە هاندانێکى بەسوود بۆ سوودوەرگرتن لەداهاتودا.