ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە

newsitem-1247-04.02.2012-ku.png

 رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤/٢/٢٠١٢ لەسەر ماڵپەڕی رۆژنامەی هاوڵاتی هەواڵێک بڵاو کراوەتەوە لەژێر ناونیشانی (ژمارەیەک خوێندکاری تواناسازی لە بەریتانیا هەڕەشەی مانگرتن دەکەن)، ناوەڕۆکی ئەم هەواڵە بریتییە لە کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست کە گوایە ژمارەیەک کاندیدی تواناسازی لە دەرەوەی وڵات بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دوچاری گرفت بوونە. بۆ بەردەم ڕای گشتیی و بەمەبەستی راستکردنەوەی زانیارییەکان بەپێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە:

  1. بەرنامەی توناسازی یەکێکە لە دەستکەوته‌ نیشتیمانیه‌ مەزنە‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پیویستە هەمو لایەکمان شانازی پێوە بکەین. خۆشبەختانە تا ئێستا بەرنامەکە زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەچێت، ژمارەی ئەو کاندیدانەی تا ئێستا ناويان ده‌رچووه‌ گه‌يشتۆته‌ (٤٤٠٠) كه‌س و ژماره‌ی نێردراوان كه‌ دەستیان بە خویندن کردووە گەیشتۆتە (١٧٠٠) خوێندکار، ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەی سەرکەوتوویی بەرنامەکە و کارایی لایەنی جێبەجێکارییەتی کە بریتییە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستیی.
  2. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی مافە داراییەکانی پاڵێوراوانی بەرنامەی تواناسازی هەرگیز دریخی نەکردووە، موچە و دەرماڵەی تواناسازی لەبەر ڕۆشنایی ستانداردی ژیانی ئەو وڵاتانەدا دیاری كراوه‌ و بۆ خوێندكاران چووه‌. لە ئێستادا هه‌ر كانديدێكی خاوه‌ن هاوسه‌ر به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ مانگانە بڕی سێ هه‌زار و دووسەد (۳٢٠٠) دۆلار زیاتری پێ ده‌درێت، کە پێک دێت لە (١٨٠٠) دۆلار دەرماڵەی قوتابی و (٩٠٠) دۆلار دەرماڵەی هاوڕێیەتی هاوسەریی و لانی کەم (٥٠٠) دۆلار موچەی قوتابی نێردراو. كه‌ ئەمەش بە دڵنیاییەوە به‌شی ژيان و گوزه‌رانێكی تێروته‌سه‌ل ده‌كات له‌ هه‌ر شارێكی سه‌ر زه‌وی . ئەمە جگە لەوەی بۆ هەرکاندیدێک تەواوی کرێی کۆرسی ئەکادیمی (نزیکەی چل هەزار دۆلار) و کرێی کۆرسی زمان (نزیکەی بيست هەزار دۆلار) و بیمەی تەندروستی (هەزار دۆلار) و پارەی سەفەری ساڵانە (دوو هەزار دۆلار) خەرج دەکرێت. جێگای ئاماژە پێکردنە کە هەموو زانکۆکانی بەریتانیا کاتێک بڕی پێویست بۆ بژێوی ژیانی قوتابی دەخەمڵێنن تەنها (١٦٠٠) دۆلار بە ستاندارد دادەنێن بۆ ژیانی خێزانێكی لاو،
    بەم پێیە بڕی پارەی پێدراو بۆ کاندیدەکانی تواناسازی نزیکەی دوو هێندەی بڕی پێويسته‌ بۆ ژيانی خێزانێك. بەڕای زۆربەی چاودێرانیش موستەحەقاتی دارایی بەرنامەی تواناسازی لە ئاستی بەرنامە پیشکەوتووەکانی جیهان دایە.
  3. لە سەرەتای بەرێکردنی گروپی یەکەمی کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازیدا ئاڵۆزی و ناڕوونیی لە ڕێنماییە داراییەکانی تایبەت بە هاوڕێیەتی هاوسه‌رهاتە کایەوە: ئايا هاوسه‌ره‌كان مووچه‌كانيان بۆ خه‌رج بكرێت يان نه‌كرێت، چونكه‌ به‌ پێی ياسا ناكرێت دوو مووچه‌ وه‌ربگرن؟ ئه‌گه‌ر مووچەیان بۆ خه‌رج نه‌كرێت ئايا ماوه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌يان به‌ خزمه‌ت بۆ حيساب دەکرێت یان ناکرێت؟ هەر بۆیە ‌ پسپۆر و ڕاوێژكاره‌ داراييه‌كانی هه‌رێم لێكدانه‌وه‌ی یاسایی و کارگێڕی جياوازيان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ هەبوو‌..
    لەو کاتەدا هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و دارایی داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران کرد کە بە زووترین کات پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکاندا بکریت و رێنمایی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە دەربکرێت. لەو کاتەدا له‌ وەزارەتی خویندنی باڵاوە بڕیار درا کە تا دەرچوونی ڕێنمایی نوێ، پێويسته‌ پێشتيوانی له‌ كانديده‌كانی تواناسازی بكرێت و به‌ زووترين كات بڕه‌ پاره‌يه‌يه‌ك بۆ هاوسه‌ره‌كانيان دابين بكرێ، و بۆيه‌ش له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ بڕيار درا كه‌ مانگانە هه‌تا كاتی ده‌رچوونی ڕێنماييه‌كان بڕی (٩٠٠ دۆلار)يان بۆ خه‌رج بكرێت، وه‌ فه‌رمانی وه‌زاريی ژمارە (ن/٦٤٢ لە ٥/٩/٢٠١١) به‌ڵكه‌ی ئه‌و هاوكاريه‌ جیدیانەیە.
  4. دياره‌ كه‌ داواکاری ئەو گروپە خوێندکارە بریتیی نییە لە چارەسەرکردنی گرفتی نەبوونی بژێوی ژیان و په‌يوه‌نديی به‌ کەمدەرامەتيه‌وه‌ نيه‌، بەڵکو ئەوانە داوا دەکەن كه‌ سه‌رباری ئه‌و (٣٢٠٠ دۆلار)ه‌ی مانگانەیان پێ دەدریت لەسەروو ئەوەشەوە مووچه‌ی هاوسەرەکانیان به‌ زياده‌وه‌ پێ بدریت، لە کاتیکدا دەزانن کە ئەم مەسەلەیە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە وەزارەتی خویندنی باڵاوە نییە بەڵکۆ مەسەلەیەکی پەیوەندیدارە بە یاساکانی خزمەتی شارستانی و ڕێنماییە داراییەکان و ڕێنماييه‌كانی وه‌زاره‌تی دارايی.  ‌
  5. له‌ خوێندكاران وا چاوەڕوان نەدەکرا كه‌ سەرباری هەموو ئەو هاوکاری و پشتیوانیانەی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ پێشکەش بە نێردراوانی تواناسازی دەکریت ئەم جۆرە هەڵویستە بەرامبەر بە بەرنامەی تواناسازی لایەنی جێبەجیکاری بەرنامەکە بنوینن. نێردراوان باش دەزانن کە وەزارەتی خویندنی باڵا چەند به‌ جيددی كاری له‌سه‌ر هاوکاریکردن و رێنوینیکردنی خوێندكاران كردووه‌ بۆ هەڵبژاردنی زانکۆکان و وەرگرتنی ئۆفەر، پشتیوانی کردنیان بۆ وەرگرتنی ڤیزا، کارئاسانی بەڕێکردنی مامەڵەکان، ڕێکخستنی پێداویستییەکانی سەفەر کردن و سەرف کردنی مەستەحەقاتی دارایی)، ئێمە باوەڕمان وایە نێردراوانی تواناسازی رۆڵەی دڵسۆز و سەرکردەی ئایندەی بە ئەمەک و خاوەن هەستی بەرپرسیارێتین، کاریک ناکەن وینەی حکومەتی هەریمی کورد ستان و ڕووی گەشی بەرنامەی تواناسازی بشێوینن، بۆیە ڕەنگە ئەو کارە بە ناوی ئەوانەوە کرابیت، ئێمە متمانەی تەواومان هەیە کە کاندیدەکانی تواناسازی نابنە ئامرازیک بۆ لەکەدارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەکانی.
  6. ناوەرۆکی ئەو هەواڵەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی كه‌ لە سەرچاوەیەکی نادیار و بەبێ ناو و ناونيشان بڵاو کراوەتەوە، بریتییە لە هەوڵدانێکی نەزۆک بۆ ناوزڕاندنی وەزارەتی خویندنی باڵا و بەرنامەی تواناسازی، چاوەڕوان دەکرا ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەک عورفیکی رۆژنامەوانی پرۆفێشناڵ بەر لە بڵاوکردنەوەی داوای ڕوونکردنەوەی لە وەزارەتی خویندنی باڵا بکردایە. شايانی باسه‌ كه تا ئێستا هيچ كانديدێك به‌ ڕاسته‌وخۆيی په‌يوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ نه‌كردووه بۆ ئه‌و بابه‌ته‌، بۆيه‌ لامان ڕوون نيه‌ ئايا ئه‌و بڵاوكراوه‌ بێ ناو و ناونيشانه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی خوێندكارانن وه‌يان خه‌لكانێك مه‌به‌ستيان ناوزڕاندنی وه‌زاره‌ته‌.