ئاگادارییەک بۆ نێردراوانی تواناسازی

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت کە نێردراوانی بەرنامەی تواناسازی دەتوانن (بە پێی پێویست) تا ماوەی یەک ساڵ کۆرسی زمانی ئینگلیزی وەربگرن ،لەو وڵاتانەی خویندن تیایاندا بە زمانی ئینگلیزییە، بۆ ئەوەی توانستی زمانەکەیان بگاتە ئەو ئاستەی کە بتوانن خوێندنی ئەکادیمی دەست پێبکەن.
لە ماوەی ئەو ساڵەدا کرێی کۆرسی زمان و بژێوی ژیان و بیمەی تەندروستی بۆ کاندیدەکان سەرف دەکرێت.
ئەگەر هاتوو کاندیدێک پێویستی بە ساڵێک زیاتر کۆرسی زمان هەبێت ئەوا دەتوانێت داوای درێژکردنەوەی ماوەی کۆرسی زمان بکات بۆ ماوەی سێ مانگ،  بەڵام لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا تەنها موچەی بۆ سەرف دەکرێت بەبێ دەرماڵەی بەرنامەی تواناسازی و کرێی کۆرسی زمان.

بۆیە داوا دەکەین ئەو کاندیدانەی پێویستیان بە درێژکردنەوەی ماوەی کۆرسی زمان هەیە نەگەڕینەوە بۆ کوردستان ، بەڵکو پێویستە بەردەوام بن لە خوێندن و لە وادەی دیاریکراودا داوا لە وەکیلەکانیان بکەن کە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی/ فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بکەن بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان و سەرفکردنی مافە داراییەکانیان.

هەروەها نێردراوانی بەرنامەی تواناسازی لە حاڵەتی پێویستدا دەتوانن کۆرسی ئەکادیمی یان زانکۆکانیان بگۆڕن بە مەرجێک ئەو زانکۆیەی بۆی دەچن ئاستی ڕیزبەندییەکەی لەو زانکۆیە بەرزتربێت کە لە بنەڕەتدا لێی وەرگیراوە، ئەگەر هاتوو کرێی خوێندنی زانکۆی دووەم بەرز تر بێت ئەوا پێویستە پاڵیوراو جیاوازی کرێی خوێندنەکە بدات.
دەبێت لە کاتی گۆڕینی کۆرسی ئەکادیمی یان گۆڕینی زانکۆ پاڵێوراوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادار بکەن.  هەروەها زۆر گرنگە لە کاتی گۆڕینی زانکۆ یان کۆرسی ئەکادیمی رەچاوی ڕێنماییەکانی (UKBA)  بکەن.