چراکانی نیشتمان
حەسەن زیرەك
حەسەن زیرەك بەیەكێك لەهونەرمەندە مەزنەكانی كورد دادەنرێت، خزمەتێكی گەورەی بەبواری هونەری گۆرانی كوردی كردووە. بەقوتابخانەیەكی تایبەتی هونەری دادەنرێت.
زیرەك لە 29ی كانونی یەكەمی 1921 لەشاری بۆكانی خۆرھەڵاتی کوردستان لەدایكبووە.
بەهۆی مردنی باوكیەوە كە ئەو هێشتا منداڵ بووە تووشی ناخۆشیو چەرمەسەری زۆری ژیان دەبێتەوەو زۆربەی ژیانی بەكارو كاسبیو كرێكارییەوە بەسەر ئەبات.
ماوەیەك ئاوارەی كوردستانی عیراق دەبێو لەسەرەتای پەنجاكاندا دەرفەتی بۆ دەرەخسێ سەردانی شاری بەغدا دەكاو لەوێ لەرادیۆی كوردی بەغدا دادەمەزرێو 56 گۆرانی تۆمار دەكات بەوەش ناوبانگ دەردەكاو ئەناسرێ.
لەدوای شۆڕشی گەلاوێژی 1958 دەگەڕێتەوە ئێرانو دەچێتە رادیۆکانی تاران وکرماشان ، لەوێ زیاتر لە 400 گۆرانی تۆمار دەكات.
بەگشتی زیاتر لە 1000 گۆرانیی تۆمارکراوی ھەیە.
بەردەوام ئەبێ لە خزمەتكردنی هونەری كوردیو خزمەتێكی گەورە لەو بوارەدا پێشكەش دەكاتو ئەبێتە ئەستێرەیەكی درەوشاوە تا لە26ی حوزەیرانی1972 بەنەخۆشی كۆچی دوایی دەكاتو لە ناڵەشكێنەی شاری بۆکان بەخاك دەسپێردرێ.
درودی رێزو وەفاو ئەمەکداری بۆ گیانی پاکی ھونەرمەندی کەورەی کوردستان حەسەن زیرەکی نەمر
حسێن حوزنی موكریانی ناوێكی دیارە لەدنیای ئەدەبو رۆژنامەنوسی كوردیدا، ئەو پیاوە لەشاری مەهابادی خۆرهەڵاتی كوردستانەوە، وێڵو ئاوارەی وڵاتان بووەو گەشتێكی درێژی بەدوای پیتی چاپوچاپخانەو كاری رۆژنامەنوسی دەست پێكردووەو بۆ ئەو مەبەستە توركیاو ئەڵمانیاو شامی تەی كردوەو ساڵی 1925 بەچاپحانەیەكەوە گەڕاوەتەوە شاری رواندز.
مامۆستا حسێن حوزنی موكریانی لەشاری رواندز گۆڤاری زاری كرمانحی دەركردووە.
ئەم گۆڤارە گۆڤارێكی كۆمەڵایەتیو مێژووییو هونەریو ئەدەبی مانگانە بووە.
ژمارە (1)ی ئەم گۆڤارە لە 25ی مایسی 1926 لەرواندز دەرچووەو تاساڵی 1932 (24) ژمارەی لێدرەچووە.
زاری كرمانجی بایەخی بەبوارەكانی مێژووییو ئەدەبی داوە، ئەوەش بۆ ئەو سەردەمە بایەخی خۆی هەبووەو رۆڵی دیاری لە گەشەپێدانی هۆشیاری سیاسیو نەتەوەیی هەبووە.
چەندین نوسەرو ئەدیبی دیاری ئەو سەرەدەمە وەك (شێخ نوری شێخ ساڵحو بێكەسو ئەسیریو مامەند كەركوكیو عەبدولڕەحمان نوری خان) بابەتیان لەزاری كرمانجی دا بڵاو كردۆتەوە.
مامۆستا موكریانی خۆی پشكی شێری نوسینی بابەتەكانی بەركەوتووە.
حوزنی موكریانی بێ لە دەركردنی زاری كرمانجی، چەندین كتێبی مێژووییو گرنگی كوردی چاپ كردووە.
دواتر رۆژنامەی روناكی لەهەولێرو دەنگی گێتی لە بەغدا دەركردووە.
حوزنی موكریانی خزمەتێكی گەورەی بەبواری مێژوو و رۆژنامەنوسیو ئەدەبی كوردی كردووە. لەسەرووی هەمویانەوە گۆڤاری زاری كرمانجی شوێنێكی دیاری لەرۆژنامەگەری كوردیدا هەیەو بەقوتابخانەیەكی تایبەتی رۆژنامەگەری دادەنرێت.
چراکانی نیشتمان
كەریم شارەزا: گەنجینەی زانیاری
كەریم شارەزا نوسەرو ئەدیبێكی دیارو گەورەی كوردستانەو نزیكەی 60 ساڵی تەمەنی بەخزمەتكردنی رشتە جیا جیاكانی كەلتوورو پەروەردەی وڵاتەكەی بەخشی.
كەریم كوڕی مستەفا ئاغا كوڕی حەمە ئاغای حەوێزی ناوی تەواوی ئەم روناكبیرەیەو بە كەریم شارەزا ناسراوە.
رۆژی 4ی ئازاری 1928لەشاری كۆیەی مەڵبەندی رۆشنبیریو هونەر لەدایك بووە.
لەكۆیەو بەغدا خوێندویەتیو ساڵی 1950 بەمامۆستا دامەزراوەو لەو بوارەدا وەك مامۆستاو بەڕێوەبەرێكی زیرەكو بەتوانا لەلایەكو وەك دانەری پرۆگرامی خوێندنی قۆناغەكانی سەرەتاییو ناوەندیو ئامادەیی لەلایەكی ترەوە ،خزمەتی زۆری بە بوارەكانی پەروەردەو زمانی شیرینی كوردیو نەوەكانی كوردستان كرد.
كەریم شارەزا هەر لەسەرەتای ژیانی لاویو لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردووە خولیای ئەدەبو نوسین ئەبێو وەك نووسەرو شاعیرولێكۆڵیارو وەرگێڕ خزمەتێًكی زۆر بەكاروانی ئەدەبیو رۆشنبیریی كوردستان ئەكاتو خاوەنی سەرمایەكی گەورەی كەلتورییەو هێندە زیرەكو شارەزا بووە بەگەنجینەی زانیاری پێناسە كراوە.
مامۆستا شارەزا لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیی نوسەرانی كورد بووە بەئەندامی ئەو رێكخراوەو دوو خول بەسەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی نوسەران هەڵبژێردراوەو خزمەتی زۆری بەنوسەرانو بەو رێكخراوە كردووە.
مامۆستا شارەزا ئەندامی كۆڕی زانیاری كوردو ئەكادیمیای كوردستان بووەو شوێن پەنجەی بەخزمەتی ئەو دوو دەزگا گرنگەوە دیارە.
لەسەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستانەوە تا ساڵی 2013 وەك وەرگێڕێكی شارەزاو بەئەزموون یاساو بڕیارەكانی پەرلەمانی بەزمانێكی پاراو وەرگێڕاوە.
مامۆستا شارەزا خاوەنی بەرهەمێكی زۆری چاپكراوە كە خۆی لە 17 كتێبی بەنرخو دانسقەدا ئەبینێتەوەو چەند بەرهەمێكی دەستنوسو چاپنەكراویشی هەیە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە گەورەیەی كوردستان، لە رۆژی 23ی مایسی 2015 لەتەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كردو له گۆڕستانی دهروێش خدری شاری كۆیه بهخاك سپێردراو چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە.
درود بۆ گیانی پاكو پیرۆزی مامۆستا كەریم شارەزای نوسەرو ئەدیبو پەروەردەكاری ناودارو ناسراوی كوردستان.
چراکانی نیشتمان
تیپی مۆسیقای سلێمانی
هونەری مۆسیقا بەخۆراكی گیانو ئارامبەخشی دەروون دادەنرێو یەكێكە لەو هونەر بەرزو راقییانەی گەلانی دنیا بایەخی زۆریان پێداوەو وەك پێداویستییەكی ژیاریو ژیانی كۆمەڵ سەیریان كردووە.
لەو سۆنگەیەوە گەلی كوردستانیش بایەخی بەو هونەرە داوەو لەزۆربەی شارو شارۆچكەكانی كوردستاندا تیپی جیا جیای موزیك دروستكراوە.
كاروانی هونەری فێركردنی موزیك لەشاری سلێمانیو لەماڵی (خواجە ئەفەنی)و لەرێی مامۆستا عەبدولواحید حاجی مستەفاوە دەستی پێكردو ئیدی قوتابخانەكانی شاری سلێمانی بوونە مەڵبەندی دروستكردنی تیپی هونەری مۆزیك بۆ فێركردنی خوێندكاران.
ساڵی 1955 تیپی مۆسیقای مەولەوی دامەزراو ساڵی 1957 بەفەرمی كەوتە كارو چالاكیو خزمەتكردن بەهونەری كوردی.
ساڵی 1967 تیپی مۆسیقای سلێمانی دامەزراو دواتر لەرێی دەستیەك لەهونەرمەندان( ئەنوەر قەرەداغی، فەرەیدون دارتاش، فەرید عیسا، ولیەم یۆحەننا، محەمەد ئەمین حسين) لە وەزارەتی راگەیاندنی عیراق مۆڵەتی رەسمی كاركردنی ئەم تیپەیان وەرگرت.
ئەم تیپە لەماوەی زیاتر لەنیوسەدە لەتەمەنی پڕ شكۆی خۆیدا گەورەترین خزمەتی پێشكەش كردووەو رۆڵی دیاری هەبووە لەپاراستنی رەسانەیەتیو بوژانەوەو گەشەپێدانی هونەری موزیكو گۆرانی كوردی.
لەقۆناغە جیا جیاكانی تەمەنی ئەم تیپە زیاتر لە 300 هونەرمەند لەرشتە جیا جیا هونەرییەكانی ئەو تیپەدا خزمەتیان كردووە.
ئەم تیپە لەبۆنە گشتیو نیشتمانیو نەتەوەییەكان بەشداری كاریگەری هەبووەو خزمەتی هونەری شایستە پێشكەش كردووە.سەدان بەرهەمی هونەری بۆ رادیۆو تەلەفزیۆنەكان تۆمار كردووە.
بەشداری سەدان فیستڤاڵو كۆنسێرتی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات كردووەو ئاستێكی بەرزی هونەری كوردی نیشانداوەو جێگەی سەرنجو رەزامەندی بینەرانی بووەو چەندین جار خەڵاتی شایستەی بەدەستهێناوە.
ئەم تیپە هێژایە نیو سهده لەمەوبەر شۆڕشێكی هونەری بەرپاكردو پەنجا ساڵە كاروانی ئەو شۆڕشە كەلتورییە بەردەوامەو ئەنجامەكەی سەركەوتنو بەدەستهێنانی خەرمانێكی گەورەی هونەری جێی شانازی گەلەكەمانە.
لەیادی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانیدا سڵاوی رێزو وەفا بۆ گیانی پاكو پیرۆزی هونەرمەندانی شەهیدو كۆچكردووی ئەم تیپەو هیوای تەمەن درێژیش بۆ ئەو هونەرمەندە ئازیزانەی كە مەشخەڵی پیرۆزی ئەم تیپەیان بەبەرزی راگرتووە.
بەهیوای بەردەوامیو سەركەوتنو خزمەتی زیاتر بەهونەری كوردی.
تێبینی: بۆ نوسینی ئهم وتاره سودم له وتارێكی كاك وشیار بابا وهرگرتووه
موزیکی کوردی و فەرنسی
لەڕۆژی موزیکدا ئاوێزانی یەک دەکرێن
بەرێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان (خالید دۆسکی)پێش نێوەڕۆی ڕۆژی 2018/4/30 لەنووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە هەر یەک لە بەرێزان (پۆل لێوندری) بەرێوەبەری پەیمانگەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و ( کامران ئەحمەد) جێگری و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پەیمانگاکە کرد.
ئامانج لەسەردانی بەرێوەبەری پەیمانگەی فەرەنسا بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ پتەوکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوری و هونەرییەکانە لە نێوان وڵاتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
هەر لەو دیداردا ئەنجامدانی چەن چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری لەنێوان هەردوولا تاتوێ کرا کە وا بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئایندەدا بەبۆنەی ڕۆژی موزیک، سێ کۆنسێرتی موزیکی هاوبەش لەنێوان موزیک ژەنانی فەرنسی و کورد لە سێ پارێزگای هەرێم ئەنجام بدرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش سێ گروپی میوزیکی فەرەنسی بەناوبانگ و چوار گروپی کوردی ئامادە دەکرێن بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەهاوبەشە.
لەلای خۆیەوە وەزیری ڕۆشنبیری وێڕایی دەستخۆشی و سوپاسکردنی گەل و حکومەتی فەرنسا لە هاوکارییە بەردەوامیەکانیان بۆ حکومەتی هەرێم و گەلی کورد ، ئامادەی وەزارەتیش نیشاندا بۆ هەموو ئاسانکارییەک کە پێویست بێ تا کارەکان بەباشترین شێوە بەرێوەبچن.