FacebookMySpaceTwitterGoogle Bookmarks
karzan

karzan

Email: karzan.misha@gmail.com
له‌ به‌رده‌وامی پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان / به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتى لاوان / بەرێوەبەرایەتى لاوانی هه‌ولێر و رێكخراوی UNICEF دا ,
رێكه‌وتی 2018/3/12 ناوه‌ندی وه‌رزش و لاوانی خه‌بات ، خولێكی فریاگوزاری سه‌ره‌تایی له‌ كه‌مپی كه‌ورگۆسك بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ لاوانی په‌نابه‌ری دانیشتوی سنوره‌كه‌ كرده‌وه‌, ئامانج لە خولەکە شارەزابوونى لاوان بوو لە بارەى فریاگوزارى سەرەتایی لەکاتى روودانى رووداوێکى لە ناکاو.

پێشانگای حەوتەمی کتێب لە شاری سنە کۆتایی ھات
د سالار عوسمان: بە چەندین ناونیشانی جیاواز بەشداریمان کردووە و پەیوەندییە کلتووریەکان قووڵتر دەکەینەوە

رۆژی ٤ تا ١١ ی ئادار ، لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان حەوتەمین پێشانگای کتێب بەڕێوەچوو.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە شاندێکی باڵا و لە ڕێگەی ھەر چوار بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەولێر ، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و بە چەندین ناونیشانی کتێب بەشداری لەو پێشانگایە کرد.
لە دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، د سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا، سوپاسی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و بەشداریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بە پێویستزانی و جەختیشی لەو ڕاستییە مێژووییە کردەوە، کە شاری سنە و تەواوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەموو ئەو پەیوەندییە کلتووریانەیش کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەیە، ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی قووڵیان بەیەکەوە ھەیە و لێک جیا نابنەوە.
سەرۆکی شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، د سالار عوسمان ئامادەیی تەواوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی دەربڕی بۆ ھەماھەنگیی پتر و قووڵکردنەوەی ئەو پەیوەندییە کلتوورییە و کارکردنی ھاوبەش لە سەرجەم بوارە کلتوورییەکاندا.
دوای تەواوبوونی مەراسیمی وتار، کە ھەریەک لە بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاری سنەیش وتاریان پێشکەیش کرد، بریکاری وەزارەت و شاندی یاوەری ، بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاری سنە شریتی پێشانگاکەیان بڕی و دواتر بەشە جیاجیاکانی پێشانگاکەیان بەسەرکردەوە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
لە ڕۆژانی مانەویاندا، د سالار عوسمان بە یاوەری شاندی وەزارەت سەردانی ھەریەک لە شاعیری بەنێوبانگی کورد جەلالی مەلەکشا و ھونەرمەندی پەیکەرتاشی بەنێوبانگی کورد ھادی زیائەدین و خاتوو سیمین چایەچی شاعیر و نووسەر کرد و ھیوای سەرکەوتن و بەخششی پتری بۆ خواستن.
شاندەکەی وەزارەت بەشداریان لە شەوە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەیش کرد، کە ( کافێ وشە ) بۆ چەندین شاعیر و ھۆزانڤانی باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان سازیان کردبوو، لەو شەوە شیعرەدا و لە وتەیەکدا، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ویڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی ( کافێ وشە )، بەڵێنی پێشکێشکردنی سەد کتێبی کوردی و دە تابلۆی شارە کوردییەکانی ھەر چوارپارچەی کوردستانی بە ( کافێ وشە ) دا.
شاندەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردان و چالاکییەکانیدا، ڕۆژی ٧ ی ئادار سەردانی سەرۆکایەتی دانشگای کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی دانشگاکە و ئەندامانی ئەنجوومەنی دانیشگاکە. سەبارەت بابەتگەلی پێوەندی کلتووری، گۆڕینەوەی کتێب، کۆنفرانسی زانستی بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و دواتریش بەیەکەوە سەردانی بەشی کوردستانناسی - یان کرد و ویڕای دەستخۆشی ، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن و ئامادەیی و ئەوپەڕی ھاریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشیان بۆ زانکۆی کوردستان لە سنە و بەشی کوردستانناسی دووپاتکردەوە.
دواتر و ھەر لەو ڕۆژەدا شاندەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان/ سنەیان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکان کۆبوونەوە و سەبارەت ( بەیپەڕی لێکترتێگەیشتن ) بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و ھەردوولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی، کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەن لە پێناو خزمەتکردنی کلتووری کوردی و بەیەکەوەکارکردن لەو پێناوەدا.
ھەر لەو سەردانەدا، کە پێنج ڕۆژی خایاند، شاندەکە وێڕای بەسەرکردنەوەی ماڵی مەستوورەی ئەردەلان و ماڵی کورد و مۆزەخانەی سنە، بەشداریان لە چەندین پانێڵ و سیمینار کرد و چاویان بە چەندین نووسەر و شاعیر و ھونەرمەند و لئکۆڵەر و ئەکادیمیستی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەوت و ھیوای پەیوەندیی بەردەوام و بەیەکەوەکارکردنیان بۆ خواستن.
شایانی باسە شاندەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بە فەرمی داوەتکرابوون، لەم بەڕئزانە پێکھاتبوون 
(د سالار عوسمان، جەمال حوسێن، محمد گەردی، نەوزاد جەلال، نامیق ھەورامی، محمد کوردۆ، تاریق ئاکرەیی، مەریوان حەلبجەایی، یوسف لەتیف، ئەمین حەمەد ، کاوە ئیسماعیل، سیزار جەودەت)

فیلسمازان و سینەماكاران یاداشتێك بۆ حكومەت و پەرلەمان بەرزدەكەنەوە
لەرۆژانی 10-11/3/2018، لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەرێنمایی بۆ رێكحستنەوەی بواری فلمسازی لە كوردستان بەسەرپەرشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەڕێوەچوو.
لە دوو رۆژی كۆبوونەوەكەدا، كە بەسەرپەرشتی بەرێز( خالید دۆسكی) وەزیری رۆشنبیری و لاوان و( بابەكر دڕەیی) بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەڕێوەچوو، چەندین سینەماكاری ناسراو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
 
گفتوگۆو ڕا گۆڕێنەوەیەكی تێروتەسەل كرا لەبارەی چۆنیتەی كاركردن بۆ رێكخستنەوەی بواری فلمسازی لە كوردستان كە لەئێستادا فەوزایەكی هونەری پێوەدیارە.
 
لەئەنجامدا، كۆبوونەوەكە دوای دوو رۆژ گفتوگۆ، گەیشتنە چەند خاڵێك و سەرجەم ئامادەبووان واژۆیان لەسەر كرد كە گرنگترین خاڵی یاداشتەكە، كاركردنە بۆ دروستكردنی سەندیكایەكی تایبەت بە فلمسازان و سینەماكاران، هەروەها پەلە كردن لە دەركردنی یاسای رێكخستنەوەی كاری سینەمایی ، لەگەڵ بەخێرایی دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ ئەوەی ماف و ئەركی فلمسازان دیار بكرێت.
 
بڕیاریشە كۆی یاداشتەكە بە رەسمی بدرێتە حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان، بەتایبەت كە كۆبوونەوەكە، نوێنەرانی حكومەت و پەرلەمانیش تێیدا بەشداربوون.
 

 

مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم زانایەكی گەورەی بواری ئەدەبی‌و كەلتووری كوردستانە‌و لە رشتەكانی نوسین‌و وەرگێڕان‌و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی خزمەتێكی زۆری بەكاروانی رۆشنبیری كوردستان كرد‌و وەك قەڵەمێكی ئازا‌و پێشكەوتنخواز لەدەرگایەكی گەورەوە چووە لاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كورده‌وه‌.
مامۆستا محەمەدی مه‌لا كه‌ریم لە رۆژی 14ی ئابی 1931 لەناحیەی بیارەی سەر بەهەڵەبجە لەدایك بووە.
لەئامێزی خانەوادەی مودەڕیسدا پەروەردە بوو كە بنەماڵەیەكی شكۆداری ئاینیی زانستپەوەر‌و ئەدەبپەوەر بوون‌و لەسەردەستی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسی باوكی‌و زانا ئایینیەكانی دیكە دەرسە ئایینەیەكانی خوێند‌و مۆڵەتی مەلایەتیی وەرگرت‌و بەڵام كاری مەلایەتی نەكرد‌و خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی كەلتوری گەلەكەی.
مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم كەسێكی چەپ‌و خاوەن بیرێكی پێشكەوتنخواز‌و شارستانی بوو، بەهۆی بیرو بۆچوون‌و هەڵویستە سیاسی‌و نیشتمانییەكانییەوە تووشی راونان‌و زیندان‌و ئازاردان بوو، بەڵام هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەدا‌و لەسەر باوەڕەكەی خۆی سوور بوو، تەنانەت زیندانیشی وەك قوتابخانەیەك‌و وێستگەیەكی تێكۆشان‌و كاركردن سەیر ئەكرد، هەر بۆیەش كونجی زیندانیشی بۆ خزمەتی نوسین وەبەرهێنا‌و كتێبه‌كانی ( جەنگاوەرێكی ڤێتنامی)‌و (لاوك‌و حەیران)ی لەزیندان وه‌رگێراو نووسی.
مامۆستا محەمەد وەك لێكۆڵیارێك خزمەتێكی فرەی بەئەدەبی كوردی كردووە‌و دیوانی چەند شاعیرێكی گەورەی كوردی ساغ كردۆتەوە‌و بەچاپی گەیاندوون‌و لە فەوتان رزگاری كردوون، لەوانە( مەولەوی، نالی، مەحوی، حاجی قادری كۆیی، سالم، بێسارانی، گۆران‌و بێخود)ی چەندان كاری ناوازەی دیكە.
زمانەكانی عەرەبی‌و فارسی بەباشی زانیوە‌و ئەوەش هاوكارێكی باشی بووە بۆ ئەوەی وەك وەرگێڕیكی بەسەلیقە خزمەت بكات‌و لەو بوارەشدا شوێن پەنجەی دیارە.
مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەرانی كورد‌و سكرتێری نوسینی گۆڤارەكەی بوو، وەك نوسەرو رۆژنامەنوسێكی بەتوانا لەو گۆڤارە‌و رۆژنامە‌و گۆڤارەكانی تر خزمەتی كرد‌و چەندین وتارو لێكۆڵنەوەی زانستی بەپێزی پێشكەش كرد.
ماوەیەكی زۆریش ئەندامێكی چالاكی كۆڕی زانیاری كورد بوو، لەرێی ئەو كۆڕە‌و گۆڤارەیەكەوە خزمەتی زۆری بەئەدەب‌و كەلتوری كوردی كرد.
ئەم زانا ناودارەی كورد نزیكەی نیوسەدە لەتەمەنی خۆی بەخزمەتی ئەدەب‌و روناكبیریی كوردستان بەخشی‌و خاوەنی زیاتر لە 20 كتێبی ناوازە‌و دەیان وتارو لێكۆڵینەوەی بەنرخە.
بەداخەوە ئەم زانا پایەدار‌و پێشكەوتنخواز‌و بیر رۆشنەی كوردستان، پاش ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشی بەرەبەیانی 12ی ئازاری 2017 بۆ دواجار لەشاری سلێمانی چاوەكانی لێكنا‌و ئۆغری كرد‌و چووە دنیای نەمرانەوە.
درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی محەمەدی مەلا كەریم ئەو پیاوەی بیرو قەڵەمەكەی بەپاكی‌و درەوشاوەیی مایەوە‌و هیچ زروف‌و زەمانێك كاری تێنەكرد‌و وەك سوڵتانی ئەدەبی كوردی چووە دیرۆكەوە.

 

 

بەئامادەبوونی بەرێزان (خالید دۆسکی) وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و (خلیل عبدوڵڵا)بەرێوەبەری گشتی دیوان ، پەرلەمانتارو بەرپرسانی حکومی و حزبی ، ژمارەیەکی زۆر لەچین وتوێژەکانی ناوچەکە.
ڕۆژی 2018/3/8 سێھەمین فیستڤاڵی رۆژی (شارەزوور) لە قەزای شارەزوور بەرێوەچوو, کە تیایدا ژمارەیەک چالاکی هەمەجۆر نمایش کراو بووە جێگای ڕەزامەندی میوانانن و ئامادەبوانی فیسیڤاڵ.


رۆژى شەممە 11/3/2018، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیاوەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری سلێمانی و وەفدێكی باڵای حكومیی، سەردانی پرۆژەی دروستكردنی شانۆی رۆمانیان كرد لە پاركی هەواری شار كە لەلایەن هەریەك لە (خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیری و لاوان) و بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە پێشوازیكران.
لەمیانی بەسەركردنەوەیان، چەند لایەنێكی پرۆژەكەیان بینیی و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و نوێنەری كۆمپانیای جێبەجێكارەوە، روونكردنەوەی پێویست لەبارەی قۆناغەكانی پرۆژەكەوە پێشكەش بەجێگری سەرۆكی حكومەت كرا، لەبەرامبەریشدا، قوباد تاڵەبانی پرۆژەی شانۆی رۆمانی بەیەكێك لە پرۆژە گرنگەكانی شاری سلێمانی ناوبرد لەرووی ژێرخانی رۆشنبیرییەوە، كە كاریگەری خۆی دەبێت بۆ نمایش و چالاكییە جۆراجۆرەكانی سلێمانی، بەتایبەت كە سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری كوردستانە.
پاشان، جێگری سەرۆكی حكومەت، بەمەبەستی پشتیوانیی كردن لە كۆبوونەوە فراوانەكەی فلمسازانی كوردستان كە لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت، تایبەت بەرێنمایی بۆ رێكحستنەوەی بواری فلمسازی لە كوردستان سەردانی كردن و بەڵێنی پشتیوانی و هاوكاری پێدان


ئەمڕۆ 9/3/2018، لە شارۆچكەی وارماوا لە شارەزوور، بەئامادەبوونی بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ژمارەیەك لە كەسایەتی و رووناكبیرو هونەرمەندو جەماوەرێكی زۆر، پەردە لەسەر پەیكەری شاعیری كورد (مەولەوی) لادرا.
لەمەراسیمی پەردەلادانەكەدا، هەریەك لە بەڕێزان بابەكر دڕەیی و رەووف عوسمان وتەیان پێشكەش كردو ئاماژەیان بە رۆڵی كاریگەری مەولەوی تاوەگۆزی كرد لە شیعرو ئەدەبی كلاسیكی كوردی.

 
له‌ به‌رده‌وامی پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان - به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتى لاوان - بەرێوەبەرایەتى لاوانی هه‌ولێرو رێكخراوی UNICEF دا رۆژى چوارشه‌ممه‌ 7/3/2018 ناوه‌ندی وه‌رزش و لاوانی خه‌بات سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ هۆشیاری ده‌روونی بۆ به‌شێك له‌ لاوانی قه‌زاكه‌ ساز كرد.
شایانى باسە پرۆژە هاوبەشەکەى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان و رێکخراوى (UNICEF) بەردەوامى هەیە لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانى کوردستان لە گەڵ بەرێوەبەرایەتى کشتى لاوان و ناوەندەکان چالاکى هەمە جۆر ئەنجام دەدەن.

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

شەقامی شەست مەتری - چوارڕیانی عیزەدین فەیزی

سۆسیال میدیا

پەیوەندی

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

 
: هەولێر - شەقامى شەست مەترى
: 9640662568255
  نامەکە نەگەیشت.   نامەکەت گەیشت.