موزیکی کوردی و فەرنسی
لەڕۆژی موزیکدا ئاوێزانی یەک دەکرێن
بەرێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان (خالید دۆسکی)پێش نێوەڕۆی ڕۆژی 2018/4/30 لەنووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە هەر یەک لە بەرێزان (پۆل لێوندری) بەرێوەبەری پەیمانگەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و ( کامران ئەحمەد) جێگری و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پەیمانگاکە کرد.
ئامانج لەسەردانی بەرێوەبەری پەیمانگەی فەرەنسا بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ پتەوکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوری و هونەرییەکانە لە نێوان وڵاتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
هەر لەو دیداردا ئەنجامدانی چەن چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری لەنێوان هەردوولا تاتوێ کرا کە وا بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئایندەدا بەبۆنەی ڕۆژی موزیک، سێ کۆنسێرتی موزیکی هاوبەش لەنێوان موزیک ژەنانی فەرنسی و کورد لە سێ پارێزگای هەرێم ئەنجام بدرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش سێ گروپی میوزیکی فەرەنسی بەناوبانگ و چوار گروپی کوردی ئامادە دەکرێن بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەهاوبەشە.
لەلای خۆیەوە وەزیری ڕۆشنبیری وێڕایی دەستخۆشی و سوپاسکردنی گەل و حکومەتی فەرنسا لە هاوکارییە بەردەوامیەکانیان بۆ حکومەتی هەرێم و گەلی کورد ، ئامادەی وەزارەتیش نیشاندا بۆ هەموو ئاسانکارییەک کە پێویست بێ تا کارەکان بەباشترین شێوە بەرێوەبچن.