د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند هەموو ئەم پرۆژانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا جێبەجێمان کرد هەنگاوی ستراتیجی و نیشتیمانین، بەهاو پرانسیپ و پێوەر و کەلتوری نوێی هێنایە ناو سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانەوە، دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوانە دەچنە خزمەتی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و دەرکەوتن و درەوشانەوەی زانکۆکانی کوردستان لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای ناوچەیی و جیهانی.
ئەم راگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە ئێوارەى رۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى ١٤/١٠/٢٠١٨ لەئاهەنگى هەشتەمین خولى دەرچووانى زانکۆى زاخۆ پێشکەشیکرد، کە ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونى د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ژماریەک لە سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و کەسوکارى خوێندکاران بەرێوەچوو.
لەدەستپێکى وتەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەشارى زاخوکا دەلال بەشدارى لەڕێورەسمى خولى هەشتەمى زانکۆى زاخۆ دەکەم، پڕ بەدڵ پیرۆزبایى لەیەکە یەکەى دەرچوانى ئەم خولەى زانکۆکەتان دەکەم، دڵنیام ئێوەش هاوشانى دەرچووانى دیکەى زانکۆکانى کوردستان دەبنە بەشێکى گرنگ لەسەرمایەى مرۆیى وڵاتەکەمان و بەشداردەبن لە کاروانى ئاوەدانى و چاکسازى و گەشەکردنى ئابورى لە هەرێمەکەمان.
گرنگى بوونى زانکۆى زاخۆ
د. یوسف گۆران وتیشى: دامەزراندنى زانکۆى زاخۆ دەستکەوتێکى گرنگى ئەم شارە خۆشەویستەیە، ئەم زانکۆیە جگە لەوەى لەڕووى جوگرافییەوە کەوتۆتە ئامێزى شارى زاخۆ، لە هەمانکاتدا بەهەوڵ و ماندوبونى سەرۆکایەتى زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران بۆتە دامەزراوەیەکى زانستى ناوازە لە هەرێمەکەمان، هەر لە وتەکەیدا راشیگەیاند: زانکۆى زاخۆ لەسەرەتای دروستبوونیەوە هەوڵى داوە تەرکیز لەسەر ئەو بەشە زانستیانە بکات کە پەیوەندارن بە گەشەکردنى ئابورى شارەکەو بەهێزکردنى ئابورى هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا وتى زاخۆ بەهۆى پێکهاتەى جوگرافى و بارگراوندى فەرهەنگى و کلتورى شارێکى گرنگى هەرێمەکەمانە بەهەوڵ و ماندووبونى ئێوەو لەڕێگەى کارلێکى پۆزەتیڤى نێوان شارو زانکۆ دەتوانێت ببێتە سەرچاوەى گەشەکردنى ئابورى و رەخساندنى هەلى کار بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان، دیارە ئەمەش کاتێک دێتەدى کە زانکۆکەتان بتوانێت پەیوەندى بەردەوام و توندو تۆڵ لەگەڵ کۆمەڵگەو دامەزراوەکانى حکومەت و کەرتى تایبەت و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى دروست بکات، د. یوسف گۆران وتیشى دەبێـت زانکۆ بەشێوازێکى پۆزەتیڤ و داینامیکى لەگەڵ شارى زاخۆ کارلێک بکەن، هەم زانکۆ بتوانێت لەڕووى ئابورى و کەلتوریەوە شار پێش بخات و هەم شاریش بتوانێت لەپرۆسەى گەشەپێدانى زانکۆ کارایى هەبێت، لەم روانگەیەوەش ئەوەى راگەیاند کە لەمێژوودا زۆرن ئەو شارانەى بەهۆى زانکۆکانیانەوە توانیویانە گەشەى ئابورى و کلتورى خێرابکەن بۆ ئەوەى بتوانن هەلى کارو پلانى گەشەکردنى ئابورى دابڕێژن.
گرنگى کردنەوەى کۆلێجى پزشکى لە زاخۆ
لەبارەى پرۆژەکانى زانکۆ لەڕووى زانستى و پەیوەندى بە کۆمەڵگەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: جێگەى دەستخۆشیە زانکۆکەتان لە ئێستادا دەیان پرۆژەى گرنگى هەیە بۆ مەبەستى توندوتۆڵکردنى پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگەو هەموو سێکتەرەکانى شار، لەنوێترین پرۆژەشدا بە پشتیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەهەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى کەرتى تەندروستى ئەمساڵ کۆلێجى پزیشکى زانکۆى زاخۆ بۆ یەکەمجار قوتابیان و خوێندکاران لە ئامێزدەگرێت.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشى کرد کردنەوەى کۆلێجى پزیشکى لە زانکۆکەى ئێوە لەسەرەتاى دامەزراندییەوە پشت بە سیستمى نوێ دەبەستێت پرۆگرامى خوێندن و راهێنان لەسەر بنەماى (integrated system) داڕێژراوە، تەئکیدیشى کردەوە کە ئەم کۆلێجە دەبێتە سەرچاوەى رەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ گەنجانى ئەم شارەو هەموو ناوچەکانى دیکەى کوردستان و وێستگەیەکى گرنگ دەبێت بۆ ئامادەکردنى پزیشکى بەتواناو لێهاتوو بۆ کەرتى تەندروستى لە وڵاتەکەمان و پڕکردنەوەى بەشێک لەو کەموکوڕیانەى لەو کەرتەدا هەن.
جەنگى سەرەکى لە سەدەى بیست و یەک دابینکردنى هەلى کارە
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. یوسف گۆران وتى: وەک دەزانن پرسى دەستەبەرکردنى هەلى کار یەکێکە لە تەحەدیاتە گەورەکانى سەدەى بیست و یەک نەک تەنها لە هەرێمى کوردستان، بەڵکو لەسەرتاسەرى دونیا شارەزایانى بوارى ئابورى باوەڕیان وایە جەنگى سەرەکى لەسەدەى بیست و یەکدا جەنگى دەستەبەرکردنى هەلى کارە، وتیشى: بەهۆى کاریگەرى تەکنەلۆجیاو دەرهاوێشتەکانى سەردەمى شۆرشى پیشەسازى چوارەم بازاڕى کار بەخێرایى گۆڕانکارى بەسەردادێت، هەر بۆیە هەڵگرانى بڕوانامەى زانستى و دەرچووانى دامەزراوە زانستییەکان نەک تەنها دەبێت ئامادەى پێشبڕکێ بن بۆ دەستکەوتنى کار لەکەرتى جیاجیاکانى گشتى و تایبەت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەن خۆیان بەبیرۆکەى داهێنەرانە بەشداربن لە داهێنان و خولقاندنى هەلى کار، بۆ ئەوەش وتى ئێمە لە چوارچێوەى هەنگاوەکانى ریفۆرمى خوێندنى باڵا هەوڵمانداوە بەشێوازێکى زانستى کارلێکى نێوان پێداویستیەکانى بازاڕى کارو ناوەڕۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن و راهێنان لە زانکۆکانمان رێکبخەینەوە. راشیگەیاند بەتایبەت دەبێت گرنگى بەو کارمەیى و پسپۆڕیانە بدەین کە بازاڕى کارى هەرێمەکەمان پێویستى هەنووکەیى پێیانەو گرنگە بۆ گەشەپێدانى ئابورى هەرێمى کوردستان.
زیاتر وتیشى لەو چوارچێوەیەدا و وەک هەنگاوى یەکەم کۆمەڵێک گۆڕانکارى گرنگمان لە پرۆگرامەکانى خوێندنى بەشەکانى یاساو ئەندازیارى و کشتوکاڵ و زانستە سیاسییەکان و بوارى پزیشکى ئەنجامداوەو تاڕادەیەکى زۆر سەرکەوتنمان لەم پرۆسەیە بەدەستهێناوە بێگومان بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى هەموو بەشەکان لە زانکۆکانمان.
بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆ زاخۆ جێبەجێ دەکرێت
د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: جێگەى خۆشحاڵیە کە زانکۆکەتان لەئێستادا بەفەرمى پرۆسەى بۆلۆنیا پەیرەودەکات، ئەم هەنگاوە بوێرەى زانکۆکەتان لەچوارچێوەى هەوڵ و بەرنامەکانى وەزارەتە بۆ نزیکبوونەوە لە ستانداردەکانى زانکۆکانى ئەوروپاو پەیرەوکردنى سیستمێکى مۆدێرن لە بەڕێوەبردنى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەپێى ئەم سیستمە زانکۆکەتان لەڕووى پرۆگرام و یەکەکانى خوێندن و رێکخستنى کۆرسەکان و چوارچێوەى بڕوانامە زانستیەکان و ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن و فێرکردن و راهێنان بە تەواوەتى هاوشێوەى سیستمى زانکۆکانى ئەوروپا دەبێت، وتیشى بابەتەکانى فاوندەیشن و زمانى ئینگلیزى و سۆفت سکڵ لەپاڵ خوێندن و راهێنان و دروستکردنى کارمەییە زانستییەکان دەبێتە خەسڵەتى نوێى زانکۆکەتان، ئەمەش باشتر دەرچووانى زانکۆکەتان ئامادە دەکات بۆ ئەوەى بتوانن لەبازاڕى کارى ناوخۆیى و نوێدەوڵەتى بەئاسانى کێبڕکێى بەدەستهێنانى هەلى کار بکەن، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە زانکۆى زاخۆ کرد کە هەوڵى زۆر دراوە بۆ ئەوەى ئاستەنگەکانى ئەم پرۆسەیە تێبەپەڕێنێت ، بۆ سەرخستنى ئەم پرۆسەیەش هەموو ئەو دەسەڵاتانەى وەزارەت کە یاسا رێگەى پێدەدات و دابەزێنراوە بۆ زانکۆکەتان، بۆ ئەوەى مەوداى ئازادى ئەکادیمى و کارگێڕى و دارایى زانکۆکەتان فراوانتر بێت و بتوانن پرۆسەى بۆلۆنیا بەسەرکەوتووى پەیرەو بکەن و زانکۆکەتان بکەنە زانکۆیەکى نمونەیى لەسەرئاستى ناوچەکە، وتیشى بە پشت بەستن بەسەرکەوتنى ئەزموونى ئێوە لە جێبەجێ کردنى پرۆسەى بۆلۆنیا کاردەکەین بۆ ئەوەى هەموو زانکۆکانى دیکە لە هەرێمى کوردستان هەمان سیستم پەیرەوبکەن.
سەربارى قەیرانى دارایى ریفۆرمى خوێندنى باڵا نەوەستا
هەر لەوتارەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: جێگەى شانازییە لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا سەربارى قەیرانى نەخوازراوى سیاسى و دارایى توانیمان کاروانى ریفۆرمى خوێندنى باڵا بەشێوازێکى زانستى بخەینەڕێ بۆ ئەوەش وتى: لەهەنگاوى یەکەمدا توانیمان پرۆسەى دڵنیایى جۆرى و پاراستنى کوالێتى خوێندن سەرلەنوێ دابڕێژینەوە، لە ڕێگەى پرۆژەى ریزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستانەوە، کارمان کردووە بۆ ریفۆرمى سیستمى دڵنیایى جۆرى و هەلسەنگاندنى پرۆسەى خوێندن و توێژینەوە لە زانکۆکانى کوردستان، ئاشکراشیکرد لەڕێگەى چەسپاندنى پێوەرو ستانداردى زانستییەوە توانیمان کاریگەرى بەرچاو لەپێگەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەسەرئاستى ریزبەندى زانکۆکانى جیهان دروستبکەین، هەر بۆ نمونە لەدواى پرۆسەى ریزبەندى نیشتیمانى بەبەراودکردنى ساڵانى ٢٠١٥و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە گۆڤارە زانسیتیە ئاست بەرزەکانى دونیا بەڕێژەى ٣٣٥% زیادى کردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى ناوخۆیى بەڕێژەى ٤٣% زیادى کردووە، ئەنجامدانى کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەڕێژەى ١٠٠% زیادى کردووە، هەروەها ئاستى گۆگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانى کوردستان لەنێوان ساڵى ٢٠١٥ هەتا ٢٠١٨ بەڕێژەى ٤٠٠% زیادى کردووە.
گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی وەرگرتنی خوێندکاراندا کراوە
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەدرێژەى وتەکەیدا رایگەیاند لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا توانیمان گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی وەرگرتنی خوێندکاراندا بکەین، خۆتان دەزانن سیستمی قبوڵ مەرکەزی لە دونیای مۆدێرندا زۆر دەمێکە هیچ جێگەیەکی نەماوە، جگە لەوەی ئەم سیستمە حەز و ئارەزووی خوێندکاران و قوتابیان دەمرێنێت، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆکاری کۆتوبەندکردنی زانکۆکان و مایەی سنوردارکردنی ئازادی و سەربەخۆیی ئەکادیمی زانکۆکانە، هەروەها کێشە کەڵەکەبووەکانی سیستمەکە دەبێتە هۆی لاوازی زانکۆکان و توانامرۆییەکانی وڵاتەکەمان و دەبنە هۆکاریی ڕێگریی لەبەردەم دەم توانای داهێنانی گەنجان، خۆشبەختانە توانیمان سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێکی زۆری گرفتەکانی وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێم چارەسە بکەین و ئەو بەستەڵەکانە بشکێنین کە دەبنە رێگر لەبەر دەم حەز و خواست و ئارەزووی خوێندن و داهێنان لە نێو گەنجانی وڵاتەکەمان.
کۆمەڵگەى ئەکادیمى کوردستان نابێت لە کۆمەڵگەى ئەکادیمى نێودەوڵەتى داببڕێت
لەبەشێکى ترى وتارەکەیدا لە ئاهەنگى دەرچووانى خولى هەشتەمى زانکۆى زاخۆ، د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکێک لە گرنگترین خەسڵەتەکانى خوێندنى باڵا لەسەدەى بیست و یەک بریتیە لە کرانەوەو بەنێو نەتەوەى بوونى زانکۆکان و توێژینەوەى زانستیەکان، ئێمەى کۆمەڵگەى ئەکادیمى کوردستانیش دەبێت خۆمان لە کۆمەڵگەى ئەکادیمى نێودەوڵەتى دانەبڕێنین، وتیشى هەر بۆیە زۆر گرنگە زانکۆکانمان لە چوارچێوەى لۆکاڵى دەرچن و بەڕووى جیهاندا بکرێنەوە، کۆمیونیتی مامۆستایان و خوێندکارانیان فرە رەنگ و فرە کەلتور بن، هیوامان وایە بتوانین زانکۆکانی کوردستان بە جۆرێک پێش بخەین کە خویندکاری ناوخۆیی و نیودەوڵەتی لە ئامیز بگرێت. هەروەک وتیشى جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ئێستادا تەنها لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان (٥٢٣) یاداشتی لێککەیشتن لە گەڵ (٤٧٧) دامەزراوەی ئەکادیمی لە (٧١) وڵاتی جیا جیا واژۆ کراون، لە نێویاندا (٣٧٧) پرۆژەی ئەکادیمی لەگەڵ (١٩١ دامەزراوەی زانستی نێودەوڵەتی) لە (٢٣) وڵاتی جیاجیا لە کاردان، بەشی هەرەزۆری ئەم پرۆژانە بریتین لە پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لە سەر ئاستی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەگە ناوەندی ئەکادیمی نێودەوڵەتیدا، ئەم ژمارانە پێمان دەڵین کە خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان بەرەو کرانەوە و بە نێودەوڵەتی بوون هەنگاوی گەورەی ناوە و ئەم پرۆژانەش بێگومان بەردەوام دەبێت.
پرۆژەکانى چوار ساڵى رابردوو هەنگاوى ستراتیجى و نیشتیمانین
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە وتارەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد هەموو ئەم پرۆژانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا جێبەجێمان کرد هەنگاوی ستراتیجی و نیشتیمانین، بەها و پرانسیپ و پێوەر و کەلتوری نوێی هێنایە ناو سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانەوە، دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوانە دەچنە خزمەتی گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و دەرکەوتن و درەوشانەوەی زانکۆکانی کوردستان لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای ناوچەیی و جیهانی.
دەستخۆشى لە ستافى زانکۆى زاخۆ
لە کۆتایى وتارەکەیدا د. یوسف گۆران دەستخۆشی لە ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایانی ئازیزی زانکۆى زاخو كرد، كە جێگەی شانازییە لە ماوەی ڕابردوودا سەرباری قەیرانی نەخوازراوی دارایی، مامۆستایانی زانکۆکانمان توانیان بەوپەری دڵسۆزی و لە خۆبردووییەوە بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن. هەروەک بۆ دەرچووانیش پر بەڵ پیرۆزبایی ئاراستەکردن و هیواى خواست ئێوەی نەوەی نوێ و سەرکردەی داهاتووی وڵاتەکەمان بە گیانی لە خۆبردوویی گەشبینی و بەپرسیارێتییەوە لە ئایندەی و کوردستانن بڕوانن، هەرگیز دوو دڵ نەبن لەوەی کە ئێوە بەشدار دەبن لە بیناکردنی ئایندەی وڵاتەکەمان، ئیوە سەرمایەی مرۆیی ئەم هەرێمەن، و دەزانم ئێوە لە دوای دەرچوونتان، ژیانێکی شایستە و ئارامتان دەوێت و دەزانم ئێوە دەتانەوێت لە دوای دەرچوونتان هەلی کارتان دەوێت، دەتانەوێت دەرفەتی یەکسانتان هەبێت بۆ ئەوەی سود لە تواناکانتان وەربگرن و بەشداربن لە پێشخستن و بنیادنانی وڵاات، ئێمە دڵنیاتان دەکەین کە لە سایەی ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکەمان لە قۆناغی ئایندەدا باشتر دەتوانین ئەم خەونەی ئێوە بەدی بهێنین. هەروەک وتیشى دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە پرۆسەی فێربوون لێرەدا کۆتایی پێ نایەت، دەبێت ئێوە بەردەوام بن لە فێربوون و پەرەپێدانی توانا و کارامەییەکانتان، بە خۆشحاڵییەوە زانکۆکەتان ئۆفیسی سێنتەری بەکارخستن و بەدواداچونی (Alumni) دامەزراندووە و، بەردەوام هاوکارتان دەبێت. لەماوەی ساڵانی خوێندنتان، ئەوەی لەسەر زانکۆکەتان بوو پێشکەشی کردن، ئێستا نۆرەی ئێوەیە بە هیواوە هەوەڵ بدەن، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین لە سایەی ئارامیدا هەلی کار و ژیانی سایستەتان بۆ دەستەبەر بکەین و ئابوورییەکی فرەڕەنگ و سەقامگیر و گەشەکردوو بۆ هەرێمەکەمان بنیاد بنێینەوە.
هەر لە ئاهەنگى هەشتەمین خولى دەرچووانى زانکۆى زاخۆ، د. لەزگین عەبدى سەرۆکى زانکۆى زاخۆ لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ پرۆژەو پلانەکانى بەئاراستەى بەرەو پێش بردنى رەوشى خوێندنى باڵا لە کوردستان و بایەخدان بە بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و توێژینەوەو بەرزکردنەوەى ئاستى مامۆستاو خوێندکاران، هەروەک ئاماژەشى بە ژمارەى فاکەڵتى و کۆلێژ و بەشەکانى زانکۆ کردو رایگەیاند، زانکۆى زاخۆ لە ٣ فاکەڵتى و ٤ کۆلێژ پێکهاتووە کە ٢٧ بەش لەخۆدەگرێت، هەروەک وتیشى لەخولى هەشتەمى زانکۆى زاخۆ ١٠٢٨ دەرچوو بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان لە پسپۆرى جیا جیا پێدەبەخشرێت.