یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ستایشى کار و پڕۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکات

ykiti mamostayan

لە بەرامبەر جێبەجێکردنى کارو پڕۆژەکانى، یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ستایشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، ئەو ستایشکردنەى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/١٢/٢٠١٦) لە میانەى دیدارێکى نێوان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، م.عبدلواحید محمد سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان هات.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، م. عبدلواحید محمد وتى: لەبەرامبەر بەڕێوەبردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى دوەم بەسەرکەوتوى بەناوى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستانەوە سوپاستان دەکەین، وتیشى بەپێیى ئەو بەدواداچونەى ئێمە کردۆمانە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان ڕۆڵى باشى لە بەرزکردنەوەى زیاترى ئاستى زانکۆکان هەبوە، ڕونیشیکردەوە ئەم پڕۆژەیە لە هەنگاوە دروستەکانە بۆ دروستکردنى کێبڕکێى زانستى لە نێوان زانکۆکان.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان بەڕێوەبردنى کۆنفرانسى (لێبوردەیى و پێکەوەژیان) لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهاوبەشى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان لەم کاتەدا بەپێویست و گرنگ زانى بۆ ڕوبەڕوبونەوەى بیرى توندڕەوى و چاندنى تۆى لێبوردەیى و ئاشتەوایى و تۆخکردنەوەى گیانى پێکەوەژیان لە کوردستان، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد، هەروەک بەستنى ئەو کۆنفرانسەى بەدەرفەتێک زانى بۆ سود وەرگرتن لەو بیروباوەڕانەى لە ڕۆژانى کۆنفرانس خرانەڕو تا لە پڕۆگرامەکانى خوێندن ڕەنگبداتەوە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا م.عەبدلواحید محمد کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکى ڕێکخراوەکەیان بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانى جیهان کرد.

سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ڕایگەیاند: یەکێتیى مامۆستایانى جیهانى کە زیاتر لە (٤٠٠) ڕێکخراو تێیدا ئەندامن، لەسەر پێشنیازى  یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکیان لە بوارى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە کوردستان داوە، بۆ ئەوەش داوایان لە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد پێشنیازەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەى لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێى بکەن.

لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى دەستخۆشى کار و چالاکیەکانیان لە یەکێتیى مامۆستایان کرد، بەگرنگیەوە لە بەستنى ئەو کۆنفرانسەى ڕوانى و وتى: بەستنى کۆنفرانسێکى لەو شێوەیە لەم کاتەدا لە هەرێمى کوردستان گرنگى و بایەخى خۆى هەیە، بۆیە لەلایەن کۆمەڵێک بابەت هەیە بەلاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەو کۆنفرانسە بەسود وەرگرتن لە ئەزمونى وڵاتانى پێشکەوتو تاوتوێ بکرێ، بەتایبەت خوێندنى پیشەیى و لایەنە جیاکانى، چۆنیەتى بەستنەوەى خوێندن بەبازارى کار، پێکەوەژیان و ژیان دۆستى و لێبوردەى ومافى ژنان، هەر لە میانەى خستنەڕوى پێشنیازەکانیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: چۆنیەتى بەرزکردنەوەى ئاستى مامۆستایان دەبێ ببێتە یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانى کۆنفرانسەکە، بۆ ئەوەى بتوانین مامۆستا بەپێى گۆڕانکارییەکانى ئەم سەردەمە ئامادە بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستى دامەزراندنى پەیمانگەیەکى ڕاهێنانى پیشەیى بۆ مامۆستایان بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئەو کەسەى کە دەبێتە مامۆستا پێویستە شانبەشانى بڕوانامە لە پسپۆڕییەکى دیاریکراو، دەبێ بڕوانامەى پیشەیى مامۆستا لەو پەیمانگەیە بەدەستبهێنێ تا بتوانێ وانەبڵێتەوە، بەوەش دەتوانین مامۆستا لە ڕوى چۆنایەتیەوە باش بکەین و مامۆستاى بەتوانا پێبگەێنین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا تاوتوێى بارودۆخى زانکۆکانى کوردستان و چۆنیەتى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکان کرا. هەروەک بەگرنگیەوە باس لە دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان کرا، لەهەمان کاتدا جێبەجێکردنى پڕۆژەى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى زانکۆکان بەهەنگاوێکى سەرکەوتو بۆ هاندان و گەڕانەوەى مامۆستایان بۆ هۆڵەکانى خوێندن لە قەڵەمدرا.