کۆبونەوەى هاوبەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچوو

كۆبونه‌وه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌

بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.پشتیوان صادق وەزیرى پەروەردە، هەردوو وەزارەت کۆبونەوەیەکى هاوبەشیان بەست و، چەند بڕیارێکى گرنگیاندا.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى د.پشتیوان صادق وەزیرى پەروەردە و، وەفدى هاوڕێى، بەگرنگیەوە باسى لەو کۆبونەوە هاوبەشانە کرد و وتى: کارەکانى هەردو وەزارەت تەواوکەرى یەکترە، بۆیە چەندە زوتر بەیەکەوە دابنیشین باشتر دەتوانین کارەکانمان ڕایی بکەن و ئەو گرفتانەى هەن چارەسەربکرێن، هەروەک وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لە هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوامى هەردو وەزارەت لە سێکتەرە هاوبەشەکان کردەوەو بەتایبەت ئەو لیژنە هاوبەشانەى لەنێوان هەردولا هەن بۆ بابەتەکانى نێوان هەردو وەزارەت.

لە بەرامبەردا، د.پشتیوان صادق وەزیرى پەروەردە دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازییەى کرد، جەختى لە قسەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردەوە، هیواشى خواست پەیوەندی نێوان هەردو وەزارەت هەمیشە پتەو بێت، بەو پێیەى بابەتى پەروەردەو خوێندنى باڵا یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان و، کارو پڕۆژەکان پێویستى بە هەماهەنگیە بۆ جێبەجێ کردنیان.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەتێکى پەیوەست و هاوبەش لە نێوان هەردولا و تایبەت بە پرۆگرامى خوێندنگە ئاینیەکان و تاوتوێکردنى وەرگرتنیان لە زانکۆکان و رەخساندن و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووان لە قەزاکان و پێداویستییەکانى وەزارەتى پەروەردە لە بەشە زانستیەکان و ئینگلیزى و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندنى زانکۆ و خوێندنگەکان لەسەرەتاى ساڵ و ناردنى دەرەنجامەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کاتى دیاریکراو بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندنى قۆناخى یەکەم لەسەرەتاى مانگى ئەیلول دەست پێکات، بەشێکى سەرەکى خاڵ و بڕگەکانى کۆبونەوە هاوبەشەکەى هەردو وەزارەت بون.

لە کۆتایشدا، لەبەر ڕۆشنایى بڕگەکانى کۆبونەوەکە، کە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بریاردرا لەمانگى تەموزى ئەمساڵ وۆرکشۆپێکى هاوبەش ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەى لەسەر سەرجەم وردەکارى بابەتەکان بگەنە ڕێکەوتن و دواتریش بڕیارى کۆتایى لەبارەوە بدرێت. سەبارەت بە خاڵە هاوبەشەکانى نێو هەردولا و دانانى میکانیزم بۆ جێبەجی کردنیان بڕیاردرا لەنێوان یەکتر ئالیەتى جێبەجێکردنیان بۆ دابنرێت.

جێگەى ئاماژەیە لەو کۆبونەوەیەدا، ک  ئەمڕۆ سێشەمە، ڕێکەوتى (٧/٥/٢٠١٩) لە دیوانى وەزارەت  بەرێوەچوو، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى و د.محمد صابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.داود ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان و، د. جەمال کەمال جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و هەروەک لە وەزارەتى پەروەردەش یوسف عوسمان بەڕێوەبەرى گشتى پلاندانان و ، شیلان خەلیل بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى بنەرەت و باخچەى منداڵان و ، کاوە عومەر بەرێوەبەرى گشتى پرۆگرامەکان و، مامۆستا کەریم بەڕێوەبەرى گشتى ئەزمونەکان ئامادەیبون.