ڕێژەی (20%)ی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیان لە بەشەكانی تەلارسازی زانكۆ تایبەتەكان كەمكرایەوە

newsitem-1879-16.12.2014-ku.jpg

دوێنێ سێشەمە ڕێكەوتی (16/12/2014) ژمارەیەك خوێندكار/قوتابی بەشی تەلارسازی لەهەردوو زانكۆی سەڵاحەدین و دهۆك گردبونەوەیەكیان لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێكخست بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان بە وەزارەت...

ئێمە لە وەزارەت لەگەڵ نوێنەرانی ئەو خوێندكار/قوتابیانە دانیشتین گوێمان لە داواكارییەكانیان گرت كە بریتی بون لە:" كەمكردنەوەی ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان/ خوێندكارانی لە بەشی تەلارسازی لە زانكۆ تایبەتەكان و باشكردنی كوالێتی خوێندنی ئەم بەشە لە زانكۆ تایبەتەكان لەگەڵ دیاریكردنی كۆنمرەی دەرچووانی ئەم بەشە لە زانكۆ تایبەتەكان".
لە بەرامبەردا وەزارەتەكەمان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێشتر لەسەر پێشنیازی هەردوو زانكۆی (سەڵاحەددین و دهۆك) بڕیاریدا بەكەمكردنەوەی ڕێژەی (20%)ی كورسی خوێندن لە بەشی تەلارسازی و بەشەكانی تری ئەندازەیی لە زانكۆ تایبەتەكان.

لە هەمان كاتدا وەزارەت بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری لە دیوانی وەزارەت ڕاسپارد زیاتر فشار بخەنە سەر زانكۆ تایبەتەكان بۆ باشتكردنی كواڵیتی خوێندن. بۆ كۆنمرەی دەرچووان-یش كە جێگەی نێگەرانی خوێندكاران/قوتابیان بوو، كە ناتوانن لە كاتی پێشبڕكێ‌ بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا ناتوانن ڕكابەریان بكەن و دەرفەتی وەرگرتن زیاتر بۆ دەرچوانی زانكۆ تایبەتەكان دەبێت، لە بەرامبەر ئەو داوایەشیان وەزارەت بەڵێنی ئەوەیان پێدرا كە لە داهاتوودا دراسەی ئەم بابەتە بكرێت.

بەشێوەیەكی گشتی بۆچوونی قوتابیان/خوێندكارانی خۆپێشاندەر لەگەڵ هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی چاكسازییەی كە ئێستا لە زانكۆ تایبەتەكان بەڕێوەدەچێت... وەك وەزارەت-یش ڕێز و خۆشەویستیمان دەگەیەنین بەخوێندكاران/ قوتابیان كە بەشێوەیەكی زۆر مەدەنیانە داواكارییەكانیان گەیاندە وەزارەت.