د. یوسف گۆران: بەهاوکارى دامەزراوە جیهانیەکان دەخوازین زمانى ئینگلیزى بکەینە زمانى دوەم لە زانکۆکانى کوردستان

GORNAKRAI LE BESHEKANI ZAMNI ENGLIZI

د.یوسف گۆران رایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆژەیەکى فراوانى هەیە بۆ بایەخدان بەزمانى ئینگلیزى، پێش دوو ساڵ لەمەوبەر هەنگاوەکانى ئەو پرۆژەیەمان دەستپیکردوە، ئامانجیش لەو پڕۆژەیە پێشخستنى تواناى مامۆستایان و خوێندکارانە لە زانکۆکانى کوردستان.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمرۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٤/١/٢٠١٨) لەمیانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى هات، لەگەڵ لێژنەى پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانى بەشەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د. کاوەى شێروانى سەرۆکى کۆمیتەى پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن و پەرەپیدانى بەشەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان لە وتەیکیدا، دواى بەخیرهێنانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ئامادەبون لە کۆبونەوەکە و، بەخێرهینانى سەرۆکى سەرجەم بەشەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان وتى: لەماوەى ڕابردودا بە فەرمانێکى وەزارى کۆمیتەیەکى باڵا بۆ پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن و پەرەپیدانى بەشەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى کوردستان پێکهات، بۆیە ئەمڕۆ ڕێڕەوى کارەکانمان دادەڕێژن بۆ گەیشتن بەئامانجەکان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەکیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان، باسى لە گرنگى زمانى ئینگلیزى کرد و لەو بارەیەوە وتى: بایەخدان بەزمانى ئینگلیزى تەنها بایەخدان بەو زمانە و فێربونى ئینگلیزى نیە، بەڵکو پەیوەندى بەو کەلتور و سەرچاوە زانستیە دەوڵەمەندەوە هەیە کە ئەو زمانە خاوەنیەتى و، ئەمڕۆ بۆتە زمانێکى جیهانى.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کاتێک ویستمان سەرچاوەى سەرەکى زمانى توێژینەوەکان و پێشکەوتنى کۆمەڵگەکان بزانین، دواى گەڕانێکى زۆر لە چەندین سەرچاوەى زانستى تایبەت بەهەڵسەنگاندنى توێژینەوە و زانکۆکان بۆمان یەکلایى بوەوە، کە سەرو (٩٥%) تویژینەوە ئاست بەرزەکانى جیهان بەزمانى ئینگلیزى بون، بەڵام لەماوەى ڕابردودا کۆمەڵگەى ئەکادیمى کوردستان تاڕادەیەکى زۆر لەو کۆمەڵگە فراوانە زانستیە دابڕابو، بۆیە هەر لە دەستپێکى کارەکانمان بایەخدانەکانمان بەزمانى ئینگلیزى دەستى پێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا ئەوەمان کردە مەرج، کە هەر کەسێک بیەوێ لە زانکۆکانى کوردستان ماستەر و دکتۆرا بخوینێ دەبێ یەکێک لە بڕوانامە ستاندارەکانى زمانى ئینگلیزى بەدەست بهێنێ، لەهەمان کاتدا بەدەستهێنانى یەکێک لە بڕوانامە جیهانیەکانى زمانى ئینگلیزیمان کردە مەرج بۆ پێدانى نازناوى زانستى، بێگومان دواى دوو ساڵ و چوارمانگ خۆشبەختانە ئێستا دەسکەوتەکانى ئەو بڕیارە دەبینین و، زیاتر لە (٢٠٠٠) کەس توانیویانە بەهۆى ئەو بڕیارانە فێرى زمانى ئینگیلزى ببن و، بڕوانامە ستانداردە جیهانیەکان زمانى ئینگلیزى بەدەست بهێنن، کە بێگومان ئەوەش دەسکەوتێکى زانستى گەورەیە بۆ زانکۆکان، چونکە فێربونى زمان دەرگایەکى گەورە بەڕوى ئەو کەسانە دەکاتەوە کە فێرى دەبن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: دەبێ مامۆستایانى زانکۆ تواناى ئەوەیان هەبێ لەگەڵ دونیاى زانست تێکەڵ بن و، سەرجەم زانستەکان بایەخ بەو زمانە بدەن، تەنانەت بەزمانەکانى دیکەش، وتیشى کاتێک پڕۆژەکەمان دەستپێکرد زۆرجار دەیانوت زمانى کوردى و میژو و شەریعە.. پێویستیان بەزمانى ئینگلیزى نیە، یان ئینگلیزیان بۆچیە؟، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: زمان بۆ خۆى زانستە، بۆیە دەبێ فێرى بنەماکانى زمان بین، باشترین سەرچاوەککانى فێربونى بنەماکان و زانستى زمان لە زمانى ئینگلیزیدایە، بۆیە دەبێ ئەوانەى هەڵگرى بڕوانامەى زمانى کوردین دەبێ فێرى زمانى ئینگلیزی بن بۆ ئەوەى لە ڕێى زانستى زمانەوە خزمەتى زمانى کوردى بکەن و گەشەى پێبدەن، وتیشى ئەوانەى لە ڕابردو داهێنەرى زمانى کوردیبون بون زمانى ئینگلیزی و ڕوسى و فەرەنسى و زمانى دیکەیان زانیوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئەم ڕاستیە زانستیە بۆ شەریعەو مێژو و بەشەکانى دیکەش هەر ڕاستە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە بەشەکانى زمانى ئینگلیزى کرد و، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لە زانکۆکانى کوردستان لە خودى بەشەکانى زمانى ئینگلیزیش کیشەمان هەیە، بەتایبەت لە ئاستى دەرچوانى خوێندکار و قوتابیانى بەشى ئینگلیزى، بۆیە دەخوازین شێواز و پڕۆگرام و مامەڵەى مامۆستایان بگۆڕین تا دەرگایەکى نوێ بەڕویاندا بکرێتەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم هەفتەیە وەفدیکى وەزارەت سەردانى بەریتانیایى کرد و، لەگەڵ زانکۆ ئاست بەرزەکان کۆبونەوەى کردوە، بۆ نمونە لە زانکۆى کامبرج گفتوگۆیان کردوە بۆ چۆنیەتى پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان، بۆیە ئێستا لەگەڵ ئەو زانکۆیە لە قۆناخى ئامادەکردنى پرۆپۆزەڵێکن بۆ ئەو بوارە.

هەر لە چوارچێوەى وتەکانیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: نەک تەنها بۆ مامۆستایانى بەشەکانى زمانى ئینگلیزى و مامۆستایانى زانکۆ بەگشتى، بەڵکو هەوڵ و کارو پڕۆژەکانمان بەسەرجەم ئاستەکان دەستپیکردوە، بەشێوەیەک ئارەزو دەکەین سەرجەم خوێندکارانى زانکۆش فێرى زمانى ئینگلیزى بن، چونکە دیدگاى وەزارەت ئەوەیە زمانى ئینگلیزى بکەین بەزمانى دوەم لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن، وتیشى دەرکەوتوە کۆمەڵگە پیشکەوتوەکان بەگەیشتن و فێربون بەزمانى دەستەبەرکردنى زانست و تویژینەوە توانیویانە بەشێکى زۆرى دواکەوتنەکانى خۆیان کورت بکەنەوە و، هەنگاو گەورە بەرەپێشەوە بنیین، ئەوەشى ڕاگەیاند: بەپەسندکردن و جێبەجێکردنى گۆڕانکارییەکان لە بەشەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان ئێوە دەبنە سەرمەشقى ئەو گۆڕانکارییانە، چونکە بەو گۆڕانکارییانە دەتوانن ڕۆڵێکى بەرچاو لەو بوارەدا بگێڕن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، لەلایەن پ.ی.د.هیمداد عبدالقهار محمد ئەندامى کۆمیتەى پێداچونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن و پەرەپیدانى بەشەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان بەداتاشۆ سمینارێکى پێشکەشکرد، بەدوایدا کارنامەى کۆبونەوەکە دەستپێکرد و، بەخستنەڕوى چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە نەخشەڕێگەى کارى داهاتوى کۆمیتەکەیان دەستنیشانکرد.