لە ئەنجامى سکاڵاى (زانکۆلاین) ٢٢٦٠ خوێندکارى دیکە ناویان گەڕایەوە

wezaret221

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجامى سکاڵاى (زانکۆلاین) ڕادەگەیەنێت، کە بەهۆیەوە (٢٢٦٠) خوێندکارى دیکە بەپێى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند دواى ئەوەى دەرگاى پێشکەشکردنى سکاڵا بۆ ئەو دەرچوانەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى کرایەوە، کە لەڕێگەى زانکۆلاین داواکارییان پێشکەش کردبو، دواى هەڵسەنگاندنى سکاڵاکانیان دەرکەوت ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەگەڕابوەوە، بۆیە دواى پێداچونەوەى سەرجەم سکاڵاکان لە ئاکامدا (٢٢٦٠) خوێندکارى دیکە بەپێى کەمترین کۆنمرەى وەرگرتنى ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) لەزانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند ئەو خوێندكارانە دەتوانن لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێكەوتی (٩/١١/٢٠١٧) لە سەعات (7)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ‌ پڕكردبوەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لە ئەنجامى سکاڵاى (زانکۆلاین) لێیی وەرگیراون، هەروەک داواى لە خوێندکاران کرد لە زوترین کاتدا پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان و دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن.

لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى وەرگرتن بە سیستمى خوێندنى پارالێل لەزانکۆ و پەیمانگەکان ڕادەگەیەنێت.

بۆ ئەوەش عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند، دەرچوانى پۆلى دوانزەی ئامادەیی ئەوانەى داواکارییان بۆ وەرگرتن بەشێوەى سیستمى پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش کردبو، لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێكەوتی (٩/١١/٢٠١٧) لە سەعات (٨)ی شەو بەدواوە بەهەمان شێوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە بەسیستمى (پارالێل) لێیی وەرگیراون.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند، کە پێویستە وەرگیراوانى سیستمى خوێندنى پارالێل لەماوەى یەک هەفتەدا پەیوەندى بە کۆلێژ و پەیمانگەکان بکەن کە لێیى وەرگیراون، بەپێچەوانەوە شوێنەکانیان بەخوێندکار و قوتابیانى یەدەگ پڕدەکرێتەوە.