وەزیرى خوێندنى باڵا: بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى ڕێگە ڕاستەکەى چەسپاندنى کوالێتى و پێشخستنى زانکۆکانە

وەزیرى خوێندنى باڵا  له‌ زانكۆی تیشك

د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆکان مانای بنیادنان و پەرەپێدانی کلتورو بنەماکانی کواڵێتیە، ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانکردنی زیاتری ڕەهەندی نێودەوڵەتی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

ئەم جەختکردنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێنددنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى وتارێکدا هات کە ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (٢٦/٩/٢٠١٩) لە شارى هەولێر لە مەڕاسیمى بەخشینى متمانەى نێودەوڵەتى بە دوو بەشى زانکۆى تیشک پێشکەشى کرد.

لەو مەراسیمەدا کە ژماریەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و مامۆستایانى زانکۆ ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند خۆشحاڵم ئەمرۆ لەم ڕێورەسمەدا لەگەڵتاندام، کە تیایدا هەردوو پرۆگرامی ئەندازیاری کۆمپیوتەرو تەکنۆلۆجیای زانیارییەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لەلایەن دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا متمانەی نێودەوڵەتی وەدەگرن. بۆ ئەمەش پیرۆزبایتان لێدەکەم.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند کۆبونەوەى ئەمڕۆمان پێمان دەڵێت دەبێت بەردەوام بین و هەوڵى زیاتر بدەین بۆ بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن بۆیە دەستخۆشیتان لێدەکەم و سوپاستان دەکەم بەهیوام ئەم هەنگاوە دەستپێکێکى نوێ بێت بۆ ئەوەى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان بە حکومى و تایبەت لەسەر ئەم ڕێچکەیە بڕۆن و متمانەى نێودەوڵەتى بەدەستبهێنن.

هەروەک وتیشى ئەگەر بمانەوێت ئایندەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمەکەمان زامن بکەین دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لە بەرزکردنەوەی ئاست و کواڵیتی خوێندنی زانکۆکانمان بکەین، بیگومان دەبێت هەردوو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لەم بوارەدا هاوکارو هەماهەنگ بن.

د. ئارام محمد ڕاشیگەیاند: بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی شاڕیی گەیشتنە بەم ئامانجانە، چونکە بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی مانای بنیادنان و پەرەپێدانی کلتورو بنەماکانی کواڵیتیە لەبەر ڕۆشنایی رۆشنایی ستانداردو پێوەری زانستی نێودەوڵەتی و دەبێتە هۆی فراوانکردنی زیاتری ڕەهەندی نێودەوڵەتی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان. بۆیە جێگەى خۆیەتى سوپاس و دەستخۆشی تایبەت ئاراستەی دامەزراوەی زێڤا بکەم، کە لەم پرۆسەیەدا هاوکاری زانکۆکانی کوردستان بوون، هیوای هەردەوامیان بۆ دەخوازین.

لەبەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا هەریەک لە د. ئیدریس هادى سەرۆکى زانکۆى تیشک و نوێنەرانى دامەزراوەى زێڤاى ئەڵمانى لە وتەى جیاجیادا ئاماژەیان بە هەنگاوەکانى بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى و گرنگى بەرزکردنەوەى کوالێتى زانستى کرد.