یەکەمین کۆنفرانسی پێداچونەوەی هاوەڵانە بۆ بەخشینی گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە کوردستان دەستپێکرد

Peer Review Conferenece

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: یەکێک لە سەرچاوە و بنەما سەرەکییەکانى دەوڵەت کۆکردنەوە و بەردەستکردنى داتایە، ئەو کارەى ئێمە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەى داتا لەکوردستان، چونکە تائێستا دامەزراوەیەکى تایبەت بە کۆکردنەوەى داتا نیە بۆ ئەوەى لە توێژینەوەى زانستى بەکاربهێندرێت، ئەو کارەى ئێمەش جگە لەوەى کارێکى زانستییە لەهەمان کاتدا ئەرکێکى نیشتیمانییە.

ئەم ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى یەکەمین کۆنفرانسى پێداچوونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان هات، کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (25/6/2018) بە ئامادەبوونى ئەندامانى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە پسپۆڕان لەهۆڵى هۆتێل دیدەمان لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.

لەمیانى پێشکەش کردنى وتەیەکیشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: سەربەرزم ئەمڕۆ لە یەکەمین کۆنفرانسى پێداچوونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان بەشدارم، وتیشى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى یەکەمین دەزگاى نیشتمانى تایبەتمەندە بە پشتیوانى کردنى توێژینەوەى زانستى لەهەرێمى کوردستان، کاردەکات بۆ دەستەبەر کردنى پشتیوانى دارایی و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستى لەبوارى پسپۆڕى جیادا لەبەر ڕۆشنایى پێداویستییە زانستى، تەکنەلۆجى، ئابورى، سیاسى، کۆمەڵایەتییەکانى هەرێمى کوردستان و بەکارهێنانى بەرهەمەکانى توێژینەوەى زانستى بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانى هەرێمى کوردستان.

د.یوسف گۆران وتیشى: ئەم کارە دەمێکە خەونى ئێمە و ئێوەیە کە لەبوارى توێژینەوەى زانستى کاردەکەن و دەیان ساڵە لەگۆڤار و شوێنە جیاکان توێژینەوە ئەنجام دەدەن، دواى ئەو گۆڕانکاریانەى کە لە کوردستان و دونیا ڕویداوە ڕۆڵى توێژینەوە زیاتر دەردەکەوێت، بازاڕیش کوردستانیش وەک هەموو بازاڕەکانى دونیا توێژینەوەى زانستى ڕۆڵى خۆى بگێڕێت، ڕونیشیکردەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەڕوى فەرمیەوە بەرپرسین لەوە، بۆیە ئێمە هەوڵمانداوە فەندێکى بەردەوام هەبێت، چونکە تا ئێستا لە ئێراق و هەرێمى کوردستان ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى نیە، ئێمە بۆ ئەوە کارمان کردوە و ئەنجومەنێکمان دروستکردوە، ئاشکراشیکرد، ئەم ئەنجومەنە کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنى گرانتى ساڵانەى تایبەت بە توێژینەوەى زانستى و بەخشینى بەپڕۆپۆزەڵى ئەو توێژینەوانەى کە لە پێشینەیى بەرژەوەندیى نیشتیمانى هەرێمى کوردستان.

هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد: ئەمساڵ توانیمان لەسەر بودجەى وەزارەت و بەهاوکارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بڕى (250) ملیۆن دینار تەرخان بکەین وەک یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى بۆ ئەوەى ببەخشرێنە ئەو توێژینەوانەى کە لەڕوى زانستییەوە نایابن و دەچنە خزمەتى چارەسەر کردنى پرسە نیشتمانیەکانەوە، د.یوسف گۆران وتیشى: ئەمە سەرەتاى ڕێگەکەمانە، بەڵێنتان پێدەدەم ئەم کارەمان نەک ساڵانە، بەڵکو شەش مانگ جارێک ئەنجام بدرێت و بڕى پارەیەکى زیاتریشى بۆ تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەش وتى: کار دەکەین بۆ ئەوەى فەندى دووەم لەسەرەتاى ساڵى نوێ ڕابگەێنین.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانیش بۆ بایەخدانى زیاتر بە توێژینەوەى زانستى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەى ڕاگەیاند: هیوامان وایە لە ساڵانى ئایندەدا پاڕلەمانى کوردستان لەداڕشتنى یاساى بودجەى هەرێمى کوردستان بودجەى توێژینەوەى زانستى دیارى بکات و لەڕێگەى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستی سودى لێوەربگیرێت.

لەکۆتایی وتەکەشیدا وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە سوپاسى ئەرک و ماندوبونتان ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى دەکەم، دڵنیایین لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە زانستییەکان و بە لەبەرچاوگرتنى بنەماکانى هەلى یەکسان و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بڕیارى زانستى دەدەن، وتیشى: وەزارەتەکمان پابەند دەبێت بەهەموو ئەو بڕیارانەى کە لەم کۆنفرانسە دەدرێت و ئێوە بڕیار لەسەر بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان دەدەن.

هەر لەمیانى یەکەمین کۆنفرانسى پێداچونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ٨٠ پڕۆپۆزەڵ پێشکەشکراون و قۆناغى شۆرت لیست بۆ پڕۆپۆزەڵەکان کراوە و بەشێکیان ماونەتەوە، ئەمرۆ لەمیانەى ئەوەى کۆنفرانسەدا کار بۆ دیارى کردنى باشترین پڕۆپۆزۆلە شایستەکان دەدەین، جگە لەوەش (22) پڕۆپۆزەڵى دیکە کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندن و تێڕوانینەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا هاتوون و ڕیفۆرمى پەروەردە پێشکەشکراون، ئەوانیش شۆرتلیستکراون و باشترینەکانى ئەمڕۆ دیارى دەکرێ، د.ئامانج سەعید ئەوەشى ئاشکراکرد کە بەسیستمى خاڵ بەندى بڕیار لەسەر پڕۆپۆزەڵەکان دەدرێن.