وەزارەتى خوێنى باڵا کۆمیتەیەکى باڵا-ى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى ناساندنى نێودەوڵەتى زمان و ئەدەبى کوردى

logoy wezrat2

لە چوارچێوەى نەخشە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆژەى بەنێودەوڵەتیکردنى زمان و ئەدەبى کوردى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆمیتەیەکى باڵاى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهێنا.

دوای ئەوەی لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتی زمان و ئەدەبی کوردی پەسەندکرا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/٤/٢٠١٧) بە نوسراوى ژمارە (٥٧٠) بەئیمزاى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆمیتەیەکى باڵا بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە پێکهات.

ئەو کۆمیتەیەک کە لە (١١) ئەندام پێکهاتوە، بریتین لە کەسانى شارەزا و خاوەنى ئەزمونى بوارە، واش بڕیارە لە ڕۆژانى داهاتودا کۆمیتەکە کۆبونەوەى خۆى ئەنجامدا بۆ جێبەجێکردنى نەخشە ڕێگەى کارکردنى.

پێشتر وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕاگەیندراوێکدا پڕۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتی زمانی کوردی ڕاگەیاند، پڕۆژەکە بریتییە لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، پێشکەشکارانی نێودەوڵەتی دەتوانن لەو بوارانەدا لە زانکۆکانی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا و شارەزایانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن، کۆی تێچوی ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دابین دەکرێت.

هەروەک وەزارەتەکەمان داواى لە پسپۆڕان و شارەزایانى زمان و ئەدەبى کوردى، جوگرافیا، مێژو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دەرەوە کردوە، ئەوانەى توانا و حەز و ئارەزویان هەیە و زمانى ئینگلیزى دەزانن، دەتوانن تا ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (١١/٥/٢٠١٧)  ناو و ناونیشانى زانستى و پوختەى ئەزمون و کارکردنیان لە ڕێگەی ئیمەیلی )kurdish.studies@mhe-krg.org)  ڕەوانەى لێژنەکەمان بکەن، بۆ ئەوەى ببنە بەشێک لە پڕۆژەکە و، وانە بەو خوێندکارە بیانیانە بڵێنەوە کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى (Kurd Scholarship) دێنە هەرێمى کوردستان و، لە زانکۆکانى کوردستان زمان و ئەدەب و مێژو کەلتور و کەلەپور و جوگرافیاى کوردستان دەخوێنن.