خولى بەرگرى شارستانى بۆ فەرمانبەرانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرایەوە

Bargre Sharstani

لەچوارچێوەى کردنەوەى خولە بەردەوامەکانیان بۆ شارەزابونى فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەکاتى کەوتنەوەى ئاگر و ڕودانى ڕوداوى لەناکاو و ئاگرکەوتنەوە و، بەمەبەستى ڕاهێنانى فەرمانبەرانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەبوارى بەرگرى شارستانى، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (10/7/2018)، بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سەلامەتى سەربە دەزگاى گشتی سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایى جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  بە هەماهەنگى پەیمانگه‌ى بەرگرى شارستانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خولێکى دوو ڕۆژەى بەرگرى شارستانى بۆ فەرمانبەرانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  کردەوە.

بەر لە دەستپێکردنى خولەکە و، لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکدا (مقەدەم تەها بەددرەدین) ئامانجى پەیمانگەى بەرگرى شارستانى بۆ بەشداربوانى خولکە ڕونکردەوە و ڕایگەیاند: پەیمانگەکەمان لەساڵى (٢٠١٥) دامەزراوە و، لەماوەى سێ ساڵى کارکردنى تا ئێستا توانیویانه‌ خولی سه‌ره‌تایی به‌رگری شارستانی بۆ (%٢٠) فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێم بكه‌نه‌وه‌.

خولەکە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ لەلایەن هەریەک لە پسپۆڕانى بوارى بەرگرى شارستانى (مقەدەم تەها بەددرەدین و رائید مەریوان عەلى و ڕائید زەردەشت جەمال) بەشێوەى تیۆرى و پراکتیکى دەگوترێنەوە، کە ناوەرۆکى وانەکان بریتین لەچەند زانیارییەکى سەرەتایى دەربارەى بەرگرى شارستانى ئاگر و، ئامێرى ئاگر کوژێنەوە و چۆنیەتى بەکارهێنان و پێدانى زانیارى دەربارەى بومەلەرزە و چۆڵکردنى باڵەخانە لەکاتى ڕوداوى نەخوازراو.

کردنەوەى ئەم خولە لەچوارچێوەى ئەو هەوڵانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی دایە، بۆ ڕاهێنانى فەرمانبەران لەتەواوى لایەنەکانى کارکردن و ئامادەکردنیان وەک فەرمانبەرى شارەزا و پسپۆڕ بۆ خزمەتکردنى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران و هاوڵاتیان و پاراستنى موڵک و ماڵى گشتى لەکاتى ڕودانى هەر ڕوداوێکى لەناکاو.