د.يوسف گۆران: زانکۆکانى ئێران جیاواز لە وڵاتانى دیکە ڕانکینگیان بەرزە و کرێى خوێندنیشیان هەرزانە

IMG_5662.jpg

 هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران, ڕۆژى دووشەممە, ڕێکەوتى (٢٤.٤.٢٠١٦)   سەردانى زانکۆى (ئێران بۆ زانست و تەکنەلۆجیا)یان کرد و بەگەرمى لەلایەن سەرۆک و ستافى بەڕێوەبردنى زانکۆ بەگەرمى پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبونەوەیەکدا د.بەرخوردارى سەرۆکى زانکۆى ئێران بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بەناوى زانکۆکەیانەوە بەگەرمى بەخێرهێنانى لە وەفدى میوان کرد و خۆشحاڵى خۆشى بەو سەردانە دەربڕى و وتى: خۆشحاڵم بەو بەڵێنەى کە لە کوردستان بەئێمەتان دا ئەمڕۆ لەتاران بەکردارى هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان دەدەین, هیواشى خواست سەرجەم کارەکان بەوردەکارییەوە باس بکەن بۆ ئەوەى بگەن بە بڕیارى هاوبەش و دروست لە پێناو بەرژەوەندى و سودى هاوبەش.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى: پێمان خۆشە کە هاوکار و پەیوەندى نێوان زانکۆکەتان و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان فروان بێت, بەتایبەت کە ئێوە لەسەر ئاستى کۆمارى ئیسلامى ئێران ڕانکینکى زانکۆکەتانە لە پلەى یەکەمدایە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئەوەشى ڕاگەیاند: هەرێمى کوردستان سەربارى ئەوەى ڕوبەڕوى قەیرانى داراى بۆتەوە, بەڵام سیاسەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەیە کە نابێت قەیرانى داراى کارێگەرى هەبێت لە سەر زانکۆکان و، بەڵکو نابێت لە زانست و زانیارى سەردەم داببڕێ, هەروەش وایکرد کە ئێمە بیر لە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەینەوە, چونکە لە ڕوى زانستیەوە زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ئاستى زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان و ڕانگینگیان زۆر بەرزە, لە هەمان کاتدا لەڕوى دارایشەوە کرێى خوێندنیان بەبەراورد بە وڵاتانى دیکە کەمترە, بۆیە ئەخوازین پەیوەندییە ئەکادیمى و زانستیەکانمان فراوانتر بکەین و سود لە ئەزمونى سەرکەوتوى زانکۆکانى ئێران وەربگرین.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا دواى ئەوەى چەندین بیروڕا لە نێوان سەرۆکى زانکۆکان و ستافى بەڕێوەبردنى زانکۆى ئێران بۆ زانست و تەکنەلۆجیا ئاڵوگۆڕ کرا, لە کۆتایدا گەیشتە ئەو ڕێکەوتنەى کە لێژنەیەکى بەدواداچون لە زانکۆى سلێمانى دروست بکرێت و سەردانى زانکۆى ئیران بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بکەن و, لیستى ئەو پڕۆژانەى دکتۆرا و ماستەر کە بەسەرپەرشتى هاوبەشى هەردوو زانکۆ جێبەجێ دەکرێت ڕەوانە بکەن, تا لەسەرەتای ساڵى خوێندنى داهاتو دەست بەکار بن,  بەتایبەت لەو پسپۆڕە ئەندازیارانەى کە کوردستان پێویستى پێیانە, هەروەها زانکۆى سلێمانى ئامادەیى نیشاندا بۆ پێشوازیکردن لە کردنەوەى کەمپى زانکۆى ئێران بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە زانکۆى سلێمانى و, هەروەک پێشنیازى ئەوەشیان کرد لە سەرەتادا بەسکوڵى ئەندازیارى شارستانى و میکانیک دەست پێ بکەن بەتایبەت بۆ خوێندنى ماستەر.

دواتر وەفدەکە سەردانى بەشى ئەندازیارى دروستکردنى هێڵى شەمەندنەفیرى لە زانکۆى ئێران بۆ زانست و تەکنەلۆجیا کرد و تاقیەکەکانى ئەو بەشەیان بەسەرکردەوە و, دەستخۆشیان لە مامۆستایان و سەرپەرشتیارانى بەشەکە کرد.

وێستەگەیەکى دیکەى سەردانەکەى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران بەسەرکردنەوەى زانکۆى زەهراء بوو, لەو سەردانەشدا دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆکە بەگەرمى پێشوازى لە وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان کرا, لە دیدارێکدا سەرۆکى زانکۆى زەهرا کە تایبەت بەخوێندکارى کچ کورتەیەکى لە بارەى زانکۆکەیان و کولێژو بەشانەکان باسکرد, هیواشى خواست پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دروست بکەن.

بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆکانى کوردستان دواى ئەوەى کورتەکیان لەبارەى زانکۆکەیان و مێژوى دروستبونى و ژمارەى بەش و خوێندکارەکانیان خستەڕوو, خۆشحاڵییان بەو ئامادەیەى زانکۆى زەهراء پیشاندا بۆ ئەوەى پەیوەندى زانستى لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دروست بکەن, بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێک گەڵاڵە کران بۆ نەخشەى ڕێى کارى داهاتوى نێوان زانکۆى زەهراء لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان بەتایبەت زانکۆى سلێمانى و هەولێر.