هەرێمى کوردستان و ئەرمینیا پەرە بەپەیوەندییەکانى نێوانیان دەدەن

arminya.jpg1

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: گەلى کورد و گەلى ئەرمینیا له‌ ڕوی پاكتاوی نه‌ژادی و به‌رگرییه‌وه‌ خاوەن مێژوییەکى هاوشێوه‌یه‌ن، بۆیە ئارەزوى تەواومان هەیە لە ڕێگەى ئەکادیمیەوە پەرە بەپەیوەندییەکانى نێوانمان بدەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ئەمڕۆ دو شەممە, ڕێکەوتى (٢٩/٥/٢٠١٧) لە میانەى پێشوازیکردنى لە کارین گریگۆریان باڵێۆزى ئەرمینیا لە ئێراق هات.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتای دیدارەکەدا، باڵیوزى ئەرمینیا لە ئێراق ڕایگەیاند: ژمارەیەکى زۆرى خوێندکارى بیانى و، لە ناویشیاندا خوێندکارى ئێراقى لە زانکۆکانى ئەرمینیا کرد, لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە گرنگى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان کرد.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, دواى بەخێرهێنانى کارین گریگۆریان باڵێۆزى ئەرمینیا لە ئێراق,  کورتەیەکى لەبارەى پڕۆژەى ناساندنى زمان و ئەدەبى کوردى (کوردسکۆلەرشیپ) پێشکەش بە باڵێوزى ئەرمینا کرد، هەروەک ئەوەشى ڕاگەیاند زۆریک لە وڵاتان ئەخوازن بەشى دیراساتى کوردى لە زانکۆکانیان بکەنەوە بەتایبەت ئەم داوایا تا ئێستا لەلایەن ژمارەیەک وڵاتان پێشکەش بە وەزارەتەکەمان کراوە بەتایبەت لەلایەن پۆلۆنیا، کۆمارى میللى چین، زانکۆى لیستەر لە بەریتانیا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: ئەرمینیا لەگەڵ کوردستان کە نزیکە دراوسێین و خاوەن مێژوییەکى هاوبەش لە قوربانیدان بۆیە گرنگە بەشى دیراساتى کوردى لە زانکۆکانى ئەو وڵاتە بکەنەوە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د.یوسف گۆران داواى لە باڵێوزى ئەرمینا کرد لە بوارى جینۆساید و چۆنیەتى بەنێودەوڵەتیکردنى تاوانەکانى جینۆساید لە ڕوى یاساییەوە هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بکەن، وتیشى خوازیارىن سود لە ئەزمونەکانتان لەو بوارەدا وەربگرین، چونکە لە ڕابردو  و لە ئێستاشدا گەلى کورد جینۆساید کراوە.

لە بەرامبەردا، باڵێوزى ئەرمینا سەربارى تەئکیدکردنەوە لەسەر گرنگى جێبەجێکردنى پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بۆ چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان ئەرمینیا و هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە بوارى جینۆساید، باڵێۆزى ئەرمینیا بەڵێنیدا لە ڕێگەى پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارەکە لە وڵاتەکەى هاوکارى هەرێمى کودستان بدەن بۆ ئەوەى لە ڕوى یاسایى و نێودەوڵەتیەوە تاوانەکانى جینۆسایدى کورد بەدونیاى دەرەوە بناسێنن، لە کۆتایشدا بانگهیشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ئەرمینیا و لە نزیکەوە ئاگاداربون لە دۆخى زانستى زانکۆکانى وڵاتەکەى بەئامانجى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان.