پرۆسەى داخڵکردنى داتاکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان لە قۆناغى تەواوبوندایە

IMG_3350.JPG

 کارەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ئەمساڵ بەشێوەیەکى زانستى و پێشکەوتو بەڕێوەدەچێت و، پرۆسەى داخڵکردنى داتاکانیش لە ڕێگەى (ئۆنلاین) دەبێت و، هەموو زانکۆییەک ئەکاونتى تایبەت بەخۆى هەیە، وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی-ش زانکۆکان ئاگادار دەکات، کە دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنى زانیارییەکانیان ڕێکەوتى (٣١/٨/٢٠١٦) دەبێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کارەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان ئەمساڵ بەشێوەیەکى زانستى و پێشکەوتو بەڕێوەدەچێت و، سیستمێکى ئەلیکترۆنى بەهاوکارى (Google For Education) بۆ دانراوە. وتیشى داخڵکردنى داتاکان بەشێوەى (ئۆنلاین)ە  و، هەموو زانکۆییەک ئەکاونتى تایبەت بەخۆى هەیە بۆ داخڵکردنى داتاکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکاکانى کوردستان.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد: لە کۆبونەوەیەکدا کە بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ لێژنەى باڵاى تایبەت بە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان بەڕێوەچو، تێدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنى داتاو زانیارییەکان لەلایەن زانکۆکان تا سەعات (١٢)ى شەوى ڕێکەوتى (٣١/٨/٢٠١٦) دەبێت و، لەو کات بەدواوە سیستەمەکە دادەخرێت.

عەباس ئەکرم ڕونیکردنەوەى زیاترى لەوبارەیەوە داو وتى: ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان یەکێکە لە پڕۆسە گرنگەکان و، پرۆسەیەکى شەفافە و   ئەمساڵ ماوەى (٤٨) سەعات مۆڵەت دەدریتە بەهەمو زانکۆکان تا داتاکانى یەکتر ببینن، ئەوەش بەشێکە لە پڕۆسەى شەفافیەت و، یەکسانى و دادپەروەرى.

ئاشکراشیکرد هەر لە کۆبونەوەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ لێژنەى تایبەت بە ڕیزبەندى نيشتيمانى زانكؤكان باس لە ئامادەکارییەکان كراوە بۆ ڕۆژى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان، کە بڕیار وایە لە مەراسیمێکى بەرفراوان و نیشتیمانیدا بۆ ساڵى دوەم ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان لە مانگى ئەیلولى ئەمساڵ ڕابگەێنرێت.