تایبەت بە نێردراوانی تواناسازی

 وەک ئاگادارن خولی یەکەم و دووەمی بەرنامەی تواناسازی وا بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەجێت، خولی سێیەمیشی لەم نزیکانە بەدوادادێت. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کارئاسانی تەواو بۆ ڕاپەڕاندنی کاری کاندیدەکان دەکات. خۆشبەختانە لە ئێستادا ژمارەی ئەو پاڵێوراوانەی کە توانیویانە سەفەر بکەن و دەست بە خوێندن بکەن گەیشتۆتە ٩٠٠ کەس و بەسەر وڵاتانی جیاجیادا دابەش بوون. بەڕێکردنی ئەم ژمارە زۆرەی کاندیدان خۆی لە خۆیدا مانای کارایی و سەرکەوتویی بەرنامەکەیە. 

سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی بەرنامەی گونجاو و کاریگەری هەیە بۆ بەدواداچوون و هاوکاریکردنی نێردراوان، لەهەمانکاتدا داوا لە نێردراوانی تواناسازی دەکات لە وڵاتە جیاجیاکانی دونیادا هەوڵبدەن گروپ و سۆسایەتی تایبەت بە خوێندکارانی کوردستانی- تواناسازی دروستبکەن، کە دەکرێت بەم کارانە هەستێت:
  • دروستکردنی ڕایەڵەیەک بۆ خوێندکارەکانی بەرنامەی تواناسازی لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەی کە بۆی نێردراون (بۆنمونە: بریتانیا، ئەمریکا، مالیزیا، ئوسترالیا، هتد) تاوەکو خوێندکارەکان لە ڕێگەی سۆسایەتییکەیان دەنگی خۆیان بە بەرپرسانی تواناسازی لە کوردستان بگەیەنن، بە پێچەوانەوەش.
  • سۆسایەتییەکە دەکرێت ببێت بە ڕایەڵەیەک کە خوێندکارەکان بەیەکەوەببەستێت و لەمیانییەوە ئاگاداری پرس و کێشەکانی یەکدی ببن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن و چارەسەری کێشەکانیان بکەن.
  • سۆسایەتییەکە دەکرێت ببێت بە سەکۆیەک نەک تەنیا بۆ قسەکردن لەسەر گرفتەکان بەڵکو بۆ گۆڕینەوەی چیرۆکی سەرکەوتنەکانیشان (good news stories).
  • لە هەر وڵاتێک لە وڵاتەکان، سۆسایەتییەکە دەکرێت ماڵپەڕی خۆی هەبێت و ببێتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی بانگەوازو ئاگاداری و سەرکەوتنەکانی خوێندکارەکان هەموو پرسە پەیوەندارەکان.

    بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێت سوود لە هۆیەکانی پەیوەندی ئەلکترۆنی وەربگرن بۆ ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوام دابن و هاوکاری یەکدی بکەن. 

    هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە کاندیدە نێردراوەکان دەکات لە ئاستی هەر زانکۆیەک کە خوێندکارانی تواناسازی لێیە ئەوا لە نێوخۆیاندا گروپی خۆبەخش پێکبهێنن، کارەکانی گروپە خۆبەخشەکان دەکرێت ئەمانە لەخۆبگرێت:

  • ئەنجامدانی هەندێک کار و ئامادەکاری پێویست لە پەیوەند بە دابینکردنی شوێنی کاتیی بۆ خوێندکارە تازە گەیشتوەکان پێش گەیشتنیان بە وڵاتی نێردراو.
  • پێشوازیکردن لە خوێندکارە تازە گەیشتوەکان لە فڕۆکەخانە و گەیاندنیان بە شوێنی کاتیی دابینکراو.
  • گێڕانیان لەناو شارو ئاشناکردنیان بە شوێنە پێویست و گرنگەکان، وەک: بازاڕ، بانک، پۆست، باس، مزگەوت، کلێسا، پەرستگا (بەپێی پێویستیی خوێندکارەکە).
  • گەیاندندنیان بە زانکۆ و نیشاندانی شوێنە سەرەکییەکانی زانکۆ (orientation) وەک: سێنترال کەمپەس، ریگیسترەیشن ئۆفیس، کتێبخانە، کۆمپیوتەر پول، ، کۆفی شۆپ و چێشتخانەکان هتد....
  • ئاشناکردنیان بە خوێندکارەکانی دیکەی بەرنامەی تواناسازی.
ئەو کاندیدانەی زووتر رۆیشتوون و دەستیان بە خوێندن کردووە و ئەزموونێکیان پەیداکردووە دەتوانن دەستپێشخەری لەمەڕ هەر دوو پرسی دامەزراندنی سۆسایەتییە سەرتاسەرییەکە و گروپە خۆبەخشەکەی زانکۆکان بکەن. لە پەیوەند بەم پرسە گرنگانەش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاوکاری و ڕێنوێنی تەواوتان پێشکەش دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش لە وەزارەتەوە  سیستەمێکی ئەلکترۆنی نوێمان دروستکردووە بۆ پەیوەندیکردن بە یەکدی لەسەر ئینتەرنێت لە (Discussion forum ) ێکدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموو نێردراوان لە سەرتاسەری جیهان دەتوانن لەو فۆرەمەدا بەشدار بن بۆ ئەوەی بتوانن هەم لەگەڵ وەزارەت و هەم لە نێوان خۆیان دا بەردەوام لە پەیوەندیدا بن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن لەسەر پرس و گرفتەکانیان.