سەردانى وەزیر بۆ پەیمانگاى تەکنیکى کۆیە

"وەزیرى خوێندنى باڵا پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى بۆ خوێندکاران شیکردەوە".
دوێنێ کاتژمێر 9 ى بەیانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەسەردانێکى بۆ قەزاى کۆیە،لەگەڵ ڕاگرو مامۆستایانى پەیمانگاى تەکنیکى کۆیە کۆبۆوە و لەبارەى بوونى کورسى زیاد بۆ خوێندکاران گفتوگۆیان کرد.
لەدانیشتنەکەدا سەرۆک و دەستەى کارگێڕى پەیمانگاى تەکنیکى کۆیە، بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا ڕونیانکردەوە، کە بەهیچ شێوەیەک شوێنى زیادیان بۆ وەرگرتنى خوێنکاران نییە و تەنانەت لە حاڵى ئێستادا کێشەى هۆڵى خوێندنیان هەیە، چونکە بە بەراورد لەگەڵ ساڵى پار، ڕێژەیەکى زیاتریان لە خوێندکاران وەرگرتووە.
  دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ خوێندکارانى پەیمانگاى ناوبراو کۆبۆوە و  پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى بۆ خوێنکاران شیکردەوەو بۆى رونکردنەوە، کە ئەو پڕۆسەیە سودێکى زۆر بە بوارى زانست و بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندکاران دەگەیەنێت. خوێندکارانیش خۆشحاڵى خۆیان بۆ ئەو رونکردنەوانە دەبڕى .
هەر لەچوارچێوەى سەردانەکەى  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ قەزاى کۆیە، سەردانى زانکۆى کۆیەى کردو لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ و جێگرەکانى،لەبارەى کاروبارەکانى زانکۆکە گفتوگۆیان کرد.