وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ لیژنەى یەکسان کردنى بڕوانامەکان کۆبۆوە

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیر له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی یه‌كسانكردنی بڕوانامه‌كان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئەندامانى لیژنەى یەکسان کردنى بڕوانامەکانى ڕاگەیاند: لەچوارچێوەى ڕێنماییە زانستیەکان و بە ئەمانەتەوە، ئەرکە زانستییەکان ئەنجام بدەن و بەهاى بڕوانامە بپارێزن، ئێمەش لە وەزارەت پشتیوان و هاوکار و داکۆکى کارتان دەبین.

ئەو وتانەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى کۆبونەوەیەکدا هات، لەگەڵ لیژنەى یەکسان کردنى بڕوانامەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨-١٢-٢٠١٩ بە ئامادەبونى ڕاوێژکار و بەرێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەڕێوەچوو.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى وتەیەکدا لەپاڵ دەستخۆشى لە کارەکانى لیژنەى یەکسان کردنى بڕوانامەکان پشتیوانى و هاوکارى خۆى بۆ دوپات کردنەوە و پێى ڕاگەیاندن: ئەو کارەى ئێوە ئەمانەتێکى قورسى نیشتمانى و ئەخلاقیە دڵنیام زۆر ئێوەى مامۆستایان و ئەکادیمیستان بەوردى و بەیەکسانى دور لە هیچ دەستێوەردانێک بەشێوەیەکى زانستى و لەچوارچێوەى ڕێنماییەکان کارەکان ڕایى دەکەن، جەختیشى کردەوە بەدەستهێنانى بڕوانامە لەدەرەوە و یەکسانکردنى لەلایەن ئێوە ،دەبێت ببێتە هۆکارێک بۆ پێشخستنى زانست لە هەرێمەکەمان.

هەر لە وتەکانیدا د.ئارام محەمەد قادر وتیشى: بۆ باشترکردن و پێداچونەوە بەڕێنماییەکان وۆرکشۆپێک سازدەکەین، بە ئامانجى پێداچونەوە و داڕشتنەوەى ڕێنماییەکانى یەکسانکردنى بروانامەکان بەسود وەرگرتن لە تواناى مامۆستایانى بەئەزمونى زانکۆکان، بۆ ئەوەش فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیریەکانى لە وەزارەت ڕاسپارد داوا لەزانکۆکان بکەن سەرنج و پێشنیازەکانیان لەبارەى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان پێشکەش بکەن، و ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى ئەو وۆرکشۆپە بکەن

لەلایەن خۆشیانەوە ئەندامانى لیژنەى یەکسان کردنى بڕوانامەکان چەندین سەرنج و پێشنیارو زانیاریان لەبارەى پڕۆسەى یەکسان کردنى بڕوانامەکان پێشکەش کرد و کارەکانى لیژنەکەیان ڕونکردەوە.

لیژنەى یەکسان کردنى بڕوانامەکان لەچەندین پسپۆر و مامۆستا لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەپسپۆڕیە جیاوازەکان پێکدێن و یەکسان کردنى بڕوانامە بۆ ئەو نامە و تێزى دکتۆرایانە دەکەن، کە خوازیاران لە زانکۆکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەدەستى دەهێنن و لەچوارچێوەى ڕێنمایى و بنەمای زانستى هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن.