وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی نوێى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان بڵاودەکاتەوە

xwindn

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیستی نوێى ئەو زانکۆیانەی دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێت، کە لەمەودوا لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراو و باوەڕپێکراون بۆ مەبەستی مۆڵەتی خوێندن و تواناسازی و هەموو جۆرەکانی دیکەی خوێندن لەدەرەوەی وڵات و یەکسانکردنی بڕوانامەکان .

ئەم لیستە، کە لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەسند کرا، لەسەر بنەماو پێوەری زانستی ئامادەکراوە و، سوود لە سیستمە جیاکانی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی زانکۆکانی وڵاتانی جیهان وەرگیراوە.

ئەو بەڕێزانەی کە خوازیارن لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:

  1. لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی (8 / 12/ 2016) ەوە کاری پێدەکرێت.
  2. پابەندبون بەم لیستە، پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لەدەرەوەی وڵات دەگرێتەوە (مۆڵەتی خوێندن، تواناسازی، زەمالە)، هەروەك ئەو بەڕێزانەش دەگرێتەوە کە ده‌خوازن بەشێوازی (نفقە خاصە و مۆڵەتی بێ موچە) دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن.
  3. ئەو بەڕێزانەی کە لە دوای ئەم ڕێكەوته‌وه‌ داواکاری بۆ خوێندن لەدەرەوەی وڵات پیشکەش دەکەن، پێویستە (ئۆفەری خوێندن، کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی) لەیەکێک لەو زانکۆیانە بەدەست بهێنن، کە لە هەردو گروپى لیستەکاندا هاتوە، بە پێچەوانەوە لە دوای گەڕانەوەیان مامەڵەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ جێبەجێ ناکرێ.
  4. پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندن لەدەرەوەی وڵات پێویستە بەر لە ڕۆیشتن سەردانی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بکەن، بۆ مەبەستی دڵنیابون لە بونی زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ پەسەندکراوەکانی وەزارەت و کردنەوەی فایلی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان لە دیوانی وەزارەت.
  5. ئەو بەڕێزانەی کە لە ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزراون و خوازیارن لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن و، دوای تەواوکردنی خوێندن دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستان کار بکەن،  پێویستە بە هەمان شێوە لە ڕێکەوتی (8/ 12/ 2016)ەوە پابەند بن بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات.
  6. بڕیاری پابەندبون بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو بەڕێزانە ناگرێتەوە کە دانیشتووی دەرەوەی ئێراقن و ڕەگەزنامەی بیانیان هەیە. 
  7. لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو بەڕێزانە ناگرێتەوە کە پێش ڕێکەوتی (8/ 12/ 2016) لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە خوێندن کردوە، بەڵکو بە لیستى پێشتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.

بۆ بینینی  بۆ بینینى لیستى ناوى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان تکایە کلیک لەسەر ئەم دو بەستەرەى خوارەوە بکەن

  1. لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان بۆ ساڵى (٢٠١٧) گروپى (A)
  2. لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان بۆ ساڵى (٢٠١٧) گروپى (B)