وتەبێژی خوێندنی باڵا: سبەی ئەنجومەنی وەزارەت لەبارەی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی دارایی کۆدەبێتەوە

wazaret logo 23

سبەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی سەرجەم زانکۆ حکومیەکان کۆدەبێتەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: سەعات (١٠)ى سەر لەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (۲۷/۳/۲٠۱۸) بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هۆڵی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزارەت لەدیوانی وەزارەت لەشاری هەولێر کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.

لەبارەی بەرنامەی کاری کۆبوونەکەش، (عەباس ئەکرەم) وتی: تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت، گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی وەزارەتەکەمانە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کێشەی دارایی و موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتیشی: ئامانجی وەزارەت بۆ ئەم پڕۆژەیە هەنگاوی جدییە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی گونجاو بۆ ئەو دۆخە داراییەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی دووچاری هاتون.

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە وەزارەت و، لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی دەکرێت و سەرجەم سەرۆکی زانکۆ حکومیەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت تێیدا ئەندامن.