بۆ تاوتوێکردنى کارنامەى چوار ساڵى کارکردن، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆدەبێتەوە

پێشوازی د.ئارام محمد له‌ میوانان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنى پلان و کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى ئایندەمان، سبەینێ ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێ شەمە ڕێکەوتى (٢٣/٧/٢٠١٩) لەمیانى پێشوازیکردنى لە ژماریەک سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ئەکادیمیست و مامۆستایانى زانکۆ، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانى ڕاسپاردوە لەبه‌ر ڕۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، بەرنامەی كارەكانی وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەین بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بۆ تاوتوێکردنى پلان و بەرنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت کۆدەبێتەوە و لەبه‌ر ڕۆشناى کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چوار ساڵى ئایندە چەند تەوەرێک تاوتوێدەکات، لە گرینگترین تەوەرو بابەتەکانى کارنامەکەش: پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان لەڕوى کوالێتى و فەراهەمکردنى دەرفەتى لەبار بۆ خوێندن و دەرفەتى گەشەکردنى توێژینەوەى زانستى و گرنگیدان بە زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداچونەوە بە کوالێتى زانستیان و  گەشەپێدانى ڕیفۆرمى کارگێڕى و دارایى و چەندین بابەتى دیکە.

لە بەشێکى دیکەى ئەو دیدار و کۆبونەوانەشدا لەگەڵ سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ئەکادیمیست و مامۆستایانى زانکۆ، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى برەودان بەکەرتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا، لەم ڕوانگەیەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر برەودان بە کەرتى خوێندنى باڵا و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکان کردەوە.