وتەبێژى خوێندنى باڵا: شانزە هەزار کورسى بەتاڵ بۆ دەرچوانی پۆلی دوانزه‌ بەردەست دەبێت

بۆ ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌

لەدواى ئەنجامدانى ئامادەکارییەکان و بۆ رەخساندنى دەرفەت و هەلى زیاتر بۆ دەرچووان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاريدا بەزیادکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەكان، كە بەپێى پلانى زیادکراو و ئەو کورسیانەى بە بەتاڵى مابوونەوە، (16) هەزار کورسى خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانەى کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون تەرخاندەکرێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلێدوانێکدا رایگەیاند ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ حکومييەكانى هەرێمى کوردستان پرۆسەیەکى تەواو تەکنیکیە، کە بەپێى رێنمایەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەشێوازێکى تەواو پرۆفیشناڵانەو زانستیانە جێبەجێ کراوە، وتیشی هەر جۆرە تەفسیریێكى ناڕوون و نازانستیانە بۆ ئەم پرۆسەیە بۆ بکرێت زیاتر قوتابیان توشى دڵەڕاوکێ دەکات و بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە پرۆسەکە ناکات، بۆیە نیگەرانیشین كاتێک دەبینین نيگەرانییەکانى خوێندکاران ئیستیغلال دەکرێت بۆ مەرامى سیاسى و حزبى کە ئەمەش کارێکى نەشیاو و نا تەندروستە، بۆیە وەک وەزارەت بەرچاومان روونەو پلانمان هەيە بۆ چارەسەرکردنى سەرجەم گرفتەکان.

عەباس ئەکرەم ڕونیشیكرده‌وه‌ لەدواى راگەیاندنى ناوى دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، لەئێستادا (12020) دوانزە هەزارو بیست کورسى لە پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ بە بەتاڵى ماوەتەوە، ئەمەش لەئەنجامى ئەوەى کە دەرچووان خۆیان کەمتر داواکاریان بۆ بەشەکان پێشکەش کردووەو بەمەش بە بەتاڵى ماوەتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند بۆ رەخساندنى دەرفەت و هەلى زیاتر بۆ دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاريدا بەزیادکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى ١٠% بۆ بەشە ئەندازیارییەکان و 20% بۆ بەشکانى دیکە.هەروەک وتیشى دواى جێبەجێ کردنى ئەم بڕیارانەى وەزارەت ژمارەى کورسی بەردەست بۆ ئەو قوتابى و خوێندکارانەى کە لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوون دەگاتە (16) هەزار کورسى خوێندن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە ئەم کورسیانەى لە ئەنجامى زیادکردنى پلان بەردەستە، لەڕێگەى هەمان سیستمى ئەلیکترۆنیەوە دەخرێتەوە بەردەستى ئەو ئەو قوتابى و خوێندکارانەى کە لەهيچ شوێنێک وەرنەگیراوون، بەمەش کۆى ئەو خوێندکارانەى کە وەرنەگیراون گرفتەکانیان چارەسەر دەبێـت و لەدوو رۆژى داهاتووشدا لەڕێگەى بەرنامەى تەلەفزیۆنى و چاوپێکەوتنەوە تەواوى وردەکارییەکان بۆ دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى رووندەکەینەوە.

لە کۆتایشدا وتەبێژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختیکردەوە کە هەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆى بە خەمخۆر و بەرپرسى هەموو توێژی خوێندکاران دەزانێت و هەمووان دڵنیادەکەینەوە هەر دەرچوێک مافى وەرگرتنى هەبێت مافەکەى بۆ دەستەبەردەکرێت و مافى نافەوتێت.