بەرپرسیارێتی یاسایی لە بەرنامەی تواناسازی

 بەرنامەی تواناسازی مرۆیی لە بواری خوێندنی باڵا لە کوردستان یەکێکە لە دەستپێشخەرییە گرنگەکانی کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەرنامەکە ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری لە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخان دەکرێت بۆ ناردنە دەرەوەی گەنجانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆ پێشکەوتوەکانی دونیا بخوێنن. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرکەوتوویی پرۆسەی وەرگرتنی خولی یەکەم و دووەمی ئەم بەرنامەیەی بە ئەنجام گەیاند و بەردەوامیشە لە پرۆسەی ناردنە دەرەوەی کاندیدە سەرکەوتووەکان.

خولی دووەمی بەرنامەی تواناسازی به‌ سيسته‌مێكی ئه‌لكترۆنی بێهاوتا و به‌شێوازی ئۆنلاین به‌ سه‌ركه‌وتوويی ئه‌نجام درا. پێشكه‌شكاران توانیان له‌ ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه‌ هه‌ر خۆیان ته‌واوی زانیارییه‌كانیان داخڵ بكه‌ن و دۆكیومێنته‌كانیان بۆ وه‌زاره‌ت بنێرن و خاڵه‌ كۆكراوه‌كانيان پێشوه‌خت بزانن. ئه‌و خاڵه‌ كۆكراوانه‌ له‌ داتابه‌يسێك دا به‌ شێوازێکی ئه‌له‌كترۆنی و به‌بێ ده‌ستكاری له‌ ليستێكدا ڕيزبه‌ند بوون و بوونه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ دیاریکردنی کاندیدە سەرکەوتووەکان. ئەم هەنگاوەش زامنی سەرەکی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی بەرنامەکە بوون.

لە سەرەتای پرۆسەکەدا لە رێگای بڵاوکردنەوەی دۆکیومێنتی بەرپرسیارێتی یاساییەوە بە روونی داوا لە پێشکەشکاران کرا کە زۆر بە وردی و ڕاستگۆییانە زانیارییەکانی فۆرمی پێشکەشکردنی داواکاری داخل بکەن، چونکە پێشکەشکردنی زانیاری یان دۆکومێنی هەڵە، بە مەبەست، پێشکەشکار دەخاتە بەردەم لێپێچینەوەی یاساییەوە. هەر بۆیە لە رووی یاساییەوە پێشکەشکاران خۆیان بەرپرسیارن لە بەرامبەر تەواوی ئەو زانیاریانەی پێشکەشیان کردووە.

دوای لێکۆڵینەوە و وردبینی تەواوی دۆکیومێنتەکانی پێشکەشکاران لەلایەن لێژنەیەکی تایبەتی وەزارەتی خویندنی باڵا، بەداخەوە، دەرکەوت کە هەندێک لە پێشکەشکاران (کە لەخوارەوە ناویان هاتووە) بە مەبەست زانیاری یان دۆکیومێنتی هەڵەیان پێشکەش کردووە. لەبەرئەوە بە پێی ڕێنماییەکانی بەرنامەکە ئەو ناوانە خرانە لیستی ڕەش و بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆیان نییە داواکاری بۆ بەرنامەی تواناسازی پێشکەش بکەن، ئەمەش بۆ پارێزگاریکردن لە بەها یاسایی و زانستییەکانی بەرنامەی تواناسازی و مافە گشتییەکانی هاوڵاتیان.

لیستی ڕەش Black List