د.یوسف گۆران: پەیوەندییە ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ هەنگاریا لە ئاستێکى زۆر باشدایە

hangrya 22

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کار دەکەین بۆ ئەوەى نەوەیەک دروست بکەین زیاتر لێبوردە بن و تێگەیشتنیان بۆ ئاینەکانى دیکە هەبێ، ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى ٦/٣/٢٠١٨ لە میانەى دیارێکیدا هات ئەزلۆتان بالوخ وەزیری پەرەپێدانی مەدەنی حکومەتی هەنگاریا.

لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، باڵیۆزى هەنگاریا لە ئێراق و کۆنسڵى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەسەر ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و هەنگاریا کرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، خۆشحاڵى خۆى دەربڕى کە جارێکى دیکە سەردانى هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کردەوە، وتیشى ئەوەش نیشانەى بایەخدانتان بە هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، باسى لە بارودۆخى پێکەوەژیانى ئاینەکان لە هەرێمى کوردستان کرد و لەوبارەیەوە وتى: لەشەڕى داعش هاوکارى زۆرى خوێندکارانى زانکۆکانى (موسڵ) و، ناوچەکانى دیکەى ئێراقمان کردوە بەتایبەت خوێندکارە کریستان و ئێزیدییەکان، وتیشى یەکەمین زانکۆى کاسۆلیکى لە ئێراق لە هەرێمى کوردستان کراوەتەوە، بۆ خوێندنى ئاینی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ڕێگەى لێژنەیەکەوە پێداچونەوە بە خوێندنى ئاینى لە وەزارەتەکانى (خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پەروەردە، ئەوقاف و کاروبارى ئاینى) کراوە، بەهەمان شێوە لە بوارى خوێندنى ئاینەکانى دیکە، بایەخمان بەکریستانەکانیش داوە، لە بوارى کەلتورى و زمانیشەوە هاوکاریمان کردون، بۆ نمونە بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستى ئێراق بەشى زمانى سریانى لە زانکۆ سەڵاحەددینمان کردوە.

د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەو جۆراوەجۆرە پێکەوەژیانەى لە کوردستان هەیە (ئاین، نەتەوە) بەبەشێک لە ناسنامەى خۆمانیان دادەنێین، هەربۆیە ئیستا دەرکەوتوە لە ناوچەکە و ئێراق کوردستان چ شوینێک ئارامە بۆ ژیان و پێکەوەژیانى نەتەوە و ئاینە جیاکان، وتیشى دۆخى دارایى ڕەنگە ژیانى هاوڵاتیانى بەگشتى قورس کردبێ، بەڵام تا ئێستا کەس بەهۆکارى سیاسى و ئەمنى و جیاکارى نەتەوەیى و ئاینى هیچ کەس لە کوردستان ئاوارە نەبوە.

لە کۆتایى وتەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داواى کرد  لە پشتگیریکردنیان بۆ کوردستان بەردەوام بن، هەروەک سوپاسى هاوکارى و پاڵپشتیە بەردەوامیەکانی هەنگاریاى کرد بەتایبەت لەسەردەمى شەڕى داعش، دەستخۆشی لێکردن بۆ دابینکردنى ئەو ژمارە سکۆلەرشیپە کە ساڵانەى پیشکەشى هەرێمى کوردستانیان کردوە، وتى ئەوەش دەبێتە هۆکارى پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکانمان، بۆیە داوا کرد ژمارەکەیان زیاد بکرێ، ئەوەشى ڕاگەیاند: کە وەزارەتەکەى  کورسى تایبەتى خوێندنیان بۆ خوێندکارانى هەنگارى تەرخانکردوە و ئەخوازین ئەوانیش بینە لە کوردستان، بەتایبەت لە بوارى ئاین و لێبوردەیى و زمانى عەرەبى و کوردۆلۆژى.

لە بەرامبەردا، ئەزلۆتان بالوخ وەزیری پەرەپێدانی مەدەنی حکومەتی هەنگاریا دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پیشوازییەى کرد، تەئکیدى لەسەر پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکان کردەوە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، باسى لە پاڵپشتى وڵاتەکەى بۆ کریستانەکان و ئێزدییەکان کرد، هەروەک ستایشى کاروپڕۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ خزمەتکردن و پاڵپشتیکردنى کریستیانەکان و ئێزدییەکان و، چەسپاندنى کەلتورى پێکەوەژیان لە کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، جەختى لە باشکردنى پەیوەندییە ئەکادیمیەکان کردەوە، هەروەک بانگهێشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ئەوەى لە داهاتویەکى نزیکدا بەسەرۆکایەتى وەفدێکى باڵاى زانستى و ئەکادیمى سەردانى هەنگاریان بکەن بۆ زیاتر قوڵکردنەوەى پەیوەندییەکاننى نێوانیان.

لە کۆتایى دیدارەکەشدا، دیار و لۆگۆى وەزارەت، لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەش بە ئەزلۆتان بالوخ وەزیری پەرەپێدانی مەدەنی حکومەتی هەنگاریا، ئەوەش دیارییەکى پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان کرد.